ئۆپێک پڵەس ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە 2024 کەمدەکاتەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رێکخراوی ئۆپێک پڵەس سیاسەتی نەوتی خۆی بۆ ساڵی 2024 راگەیاند و بڕیاریداوە لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەردوام دەبێت.
هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئۆپێك پڵەس كە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك و وڵاتانی نا ئەندام لە ئۆپێك لەخۆدەگرێت، بە سەرۆكایەتی ڕوسیا، ڕێككەوتون لەسەر ئاستی ئامانجی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی 40.46 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا كە لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە دەستپێدەكات تا كۆتایی لە ساڵی 31ی (كانونی یەكەم/12)ی 2024.
بەپێی زانیارییەکان هەریەکە لە رووسیا و سعوودیە لەلایەن خۆیانەوە خۆبەخشانە ئاستی بەرهەمێنانی نەوتی خۆیان بە 500 هەزار بەرمیل بۆ هەر وڵاتێکیان راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیەندراوی ئۆپێک پلەس، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە، رۆژانە بڕی 1.4 ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە و سعوودیە رایگەیاندووە تا کۆتایی ساڵی 2024 لەسەر ئەو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە بەردەوام دەبن.
هاوکات سوهێل مەزروعی، وەزیری نەوتی ئیمارات بۆ رۆژنامەنووسان بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک بخاتەڕوو، ئاماژەی بەوەدابوو هەر هەوڵێک گونجاو بێت بۆ هاوسەنگی بازاڕی وزە، ئەوا بڕیاری لەسەر دەدەن.
ئاماژە بەوە شكراوە، ڕوسیا، ئەنگۆلا و نەیجیریا لەو وڵاتانە دەبن كە بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی 2014 كەمدەكەنەوە، هەروەها عێراق كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی لە بەرهەمهێنانی نەوتدا بە بڕی 211 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا تا كۆتایی ساڵی 2024 درێژدەكردوەتەوە.
لای خۆیەوە ئەلێكساندەر نۆڤاك جێگری سەرۆك وەزیرانی ڕوسیا دوپاتیكردەوە، وڵاتەكەی ئامادەی كەمكردنەوەی بەرهەمی خۆبەخشانەی كە ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل بو تا كۆتایی ساڵی 2024.
سیاسەتی کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە کاتێک لە (5ـی تشرینی یەکەمی 2022) بڕیاریدا رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبکاتەوە، هەروەها لە کۆتایی مانگی ئاداری 2023ـش بڕیاریدا لە مانگی ئایارەوە بۆ کۆتایی ساڵی 2023 رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل کەمبکرێتەوە.
ئۆپێك هەریەك لە وڵاتانی (سعودیە، جەزائیر، ئەنگۆلا، گینیا، گابۆن، ئێران، عێراق، كوەیت، لیبیا، نەیجیریا، كۆماری كۆنگۆ، ئیمارات، ڤەنزوێلا) لەخۆدەگرێت، هەروەها رێكخراوی ئۆپێك پڵەسیش هەریەك لە وڵاتانی (ڕوسیا، ئازەربایجان، كازاخستان، بەحرەین، برۆنای، مالیزیا، مەكسیك، عومان، باشوری سودان و سودان) و وڵاتانی ئۆپێك لەخۆدەگرێت.
هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس لە كۆتایی ساڵی 2016 دروستبو كە 10 هەناردەكاری نەوت لەجیهان لەخۆدەگرێت و بەرهەمی رۆژانەی 40%ی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان پێكدەهێنێت، ئامانجی سەرەكی هاوپەیمانییەكە ڕێكخستنەوەی دابینكردنی نەوتە بۆ بازاڕی جیهانی.