فەڕەنسا لەیەک ساڵدا ٦٣٩ ملیۆن یۆرۆی بۆ پەنابەرانی ئۆکرانی خەرجکردووە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆر دی کۆمپیتس، دەستەی باڵای وردبینی فەڕەنسا دەڵێت، ساڵی ڕابردوو بودجەی زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆ خەرجکراوە بۆ پەنابەرە ئۆکرانیەکان.
دەستەی باڵای فەڕەنسا لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرایکرد، بۆ هاوکاریکردن و پەناهەندەیی ١١ هەزار و ٥٠٠ پەنابەری ئۆکرانی زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆ خەرجکراوە، بەگویرەی دەستەی باڵای وردبینی فەڕەنسا بۆ هەر ئۆکرانیەک ئەو بودجەیی کە خەرجکراوە دوو هیندەی ئەو بودجەیە بووە کە بۆ پەنابەرێکی ئاسیی دابینکراوە.
وەزارەتی نیشتەجێبوون هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، لە ئێستادا مانگانە لە پاریس نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن یۆرۆ دەدرێتە ئەو خێزانانەی کە لەماڵەکانی خۆیاندا بی بەرامبەر هاوکاری ئۆکرانیا دەکەن.
هاوکات دەستەی باڵای فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشدا، بەشێکی زۆری بودجەکە بۆ نیشتەجێکردنی پەنابەرەکان بووە و نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆش دراوە بە هاوڵاتیانی ئۆکرانیا. هەروەها لەبارەی بەردەوامی ئەو هاوکاریانەوە بەپرسانی فەڕەنسا دەڵێن، " هیچ گرەنتیەک نییە" لەسەر ئەوەی کە ئەو یارمەتیانە بەردەوام بن، ئەمەش سەرەڕایی داواکاری کاربەدەستانی دەستەی باڵای وردبینی فەڕەنسا بۆ بەردەوامی هاوکاریەکان.
ئەو هاوکاریانە بەپێی یاسای " پاراستنی تایبەتی" ساڵی ڕابردوو بەسەرکەوتووی جێبەجێ کراوە، کە تێیدا لە چوارچێوەی یاساکەدا ئۆکرانیەکان مۆڵەتی چوونە سەرکار و بەکارهێنانی خزمەتگوزاری تەندروستی، ڕەوانەکردنی منداڵەکانیان بۆ خوێندنگاکان، لەکاتێکدا ئەمە بۆ پەنابەرێکی ئاسایی ئەستەمە لەماوەیەکی ئاوا کەمدا.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە جەنگی لەشکرکێشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا پێی ناوەتە دووەم ساڵی خۆیەوە و بەپێی زانیاریەکان لەگەڵ وەرزی بەهاردا ئەگەری درووستبوونی گرژی وئاڵۆزی زیاتر دەکرێت لەبەرەکانی جەنگی نێوان هەردوو وڵات، کە ئەمەش دەبێتە هۆکاری زیادبوونی پەنابەرانی ئۆکرانیا لەسەرجەم وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەت وڵاتانی هاونسور لەگەڵ ئۆکرانیا.