ئۆکرانیا: "پێویستییمان بە فڕۆکەی جەنگیی نوێ هەیە"

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی رایگەیاند، بۆ راگرتنی پەلامارەکانی رووسیا پێویستییان بە فڕۆکەی جەنگیی نوێ هەیە.

ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بە بەردەوامی پەلامارەکانی سوپای رووسیا بۆسەر وڵاتەکەی کرد و گوتی: "٢٧ی شوبات هێزەکانی رووسیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان پەلاماری چەندین خاڵیان داوە لە ئۆکراینا".

سەرۆکی ئۆکرانیا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ١١ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان لە کۆی ١٤ فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە خستووەتە خوارەوە و گوتی: "هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی تاکوو لەتوانایاندا بێت بەتوندترین شێوە بەرەنگاری پەلامارە ئاسمانیی و مووشەکییەکانی رووسیا دەبنەوە. کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی کایەی ئاسمانیی ئۆکراینا، پابەندە بە فڕۆکەی جەنگیی نوێوە".

هاوکات سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، سوپای رووسیا هێرشەکانی لە لیمان، کوپیانسک، باخمووت، ئاڤدیڤکا و شاختێرسک چڕکردووەتەوە و لە هێرشەکانی دا بە چەکی قورس ناوەندە مەدەنییەکان بۆردومان دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 81 هێرشی هێزەکانی رووسیایان لە پێنج ئاراستەی جیاوازەوە تێکشکاندوون، هەروەها فڕۆکەیەکی جەنگی رووسیاش لە جۆری سوخۆ-25 خراوەتەوەخوارەوە.

ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لە ئەگەری پێدانی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو، ئەوا بەشێوەیەکی کاریگەرتر رێگە لە پەلامارەکانی رووسیا دەگرن و گوتی: "بۆیە پێویستییمان بە فڕۆکەی جەنگیی نوێ هەیە و بەم جۆرە دەتوانین لە تەواوی ناوچەکان دەوڵەت لە تیرۆری رووسیا بپارێزین".

زێلێنسکی باسی لەوەشکرد کە بە تایبەت لە ناوچەی دۆنێتسک پێکدادانەکان بەچڕی بەردەوامن و هەوڵەکانی سەربازانی ئۆکراینای لە بەرگریکردن لە باخموت و شارەکانی دیکەی ئۆکراینا بەرامبەر پەلامارەکانی رووسیا بەرز نرخاند.

ساڵێک بەسەر جەنگی نێوان رووسیا – ئۆکرانیا تێدەپەرێت، تائێستا هیچ ئاسۆیەک نییە بۆ چارەسەری نێوانیان، جگە لە زیانی گیانی و ماددی شەڕی مۆسکۆ و کیێڤ، کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر ئابووری جیهان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار