ژمارەی پەنابەرانی ئۆکرانیا کە چوونەتە ناو خاکی پۆڵەندا ١٠ ملیۆنی تێپەڕاند
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ژمارەی ئەو پەنابەرە ئۆکراینیانەی لە دەستپێکی جەنگەوە تا ٢٨ی شوباتی ئەمساڵ چوونەتە ناو خاکی پۆڵەندا، ١٠ ملیۆنی تێپەڕاند.
هێزەکانی پاسەوانی سنووری پۆڵەندا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە لە دەستپێکی جەنگی رووسیا-ئۆکرایناوە لێشاوێکی گەورەی کۆچ دەستی پێ کردووە.
ئاماژەی بەوەش داوە کە تەنها دوێنێ ٢٠ هەزار و ٢٠٠ کەس لە ئۆکرایناوە هاتوونەتە ناو سنووری پۆڵەندا و لە تویتەکەدا هاتووە: "لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئۆکرایناوە چوونەتە پۆڵەندا، ١٠ ملیۆن و ١٣٧ هەزار کەس بووە".
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە ژمارەی ئەو هاووڵاتییە ئۆکراینییانەی پۆڵەندایان جێهێشتووە هەشت ملیۆن و ٢٣٢ هەزار کەس بووە.
بارتۆز مارسزوک، سەرۆکی سندوقی گەشەپێدانی پۆڵەندی، کە دامەزراوەیەکی دەوڵەتی پشتگیری بازرگانییە، مەزەندە دەکات کە لەسەدا 60-70ی پەنابەرانی ئۆکرانی لە پۆڵەندا کار دەکەن وە بەپێی خەمڵاندنەکانی پەیمانگای ئابووری پۆڵەندی، ئۆکراینییەکان لە ماوەی ساڵی 2022دا 20 هەزار کۆمپانیایان لە پۆڵەندا تۆمار کردووە.
هاوکات بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD)، پۆڵەندا 8.36 ملیار یۆرۆ (8.98 ملیار دۆلار) خەرجکردووە بۆ دابینکردنی خانوو و چاودێری تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی تر بۆ پەنابەرە ئۆکرانییەکان لەساڵی 2022دا .