ئێف-١٦؛ یەکلاکەرەوەی جەنگەکە بۆ ئۆکرانیا

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئۆكرانیا نزیك دەبێتەوە لەبەدەستهێنانی فڕۆكەی شەڕكەری ئێف 16، ئەویش وەك هەنگاوێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی توانا سەربازیەكانی رووسیا، بەڵام پسپۆڕان و هەواڵگری وڵاتان رایان جیاوازە لەسەر ئەوەی بەكاتێكی كەم یان درێژ كاریگەری دەردەكەوێت یاخود نا.

مارك رووتە سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا رایگەیاند وڵاتەكەی و دانیمارك ژمارەیەك فڕۆكەی ئێف 16یان داوەتە ئۆكرانیا و ئەو وڵاتەش مەرجەكانی جێبەجێكردووە.

وتەكانی رووتە لەمیانی سەردانێكی ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا هات بۆ هۆڵەندا كەڕۆژی یەكشەممەی رابردوو بوو، ئەویش دوای دوو رۆژ بوو لەڕاگەیاندنی رەزامەندی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دێت بەپێدانی فڕۆكەی ئێف 16 بەهەریەك لەهۆڵەندا و دانیمارك تابیگەیەننە هێزە ئاسمانیەكانی ئۆكرانیا.

رەزامەندیەكەی ئەمریكا دوای چەند هەفتەیەك دێت لەداواكاری ئۆكرانیا بەپێدانی فڕۆكەی شەڕكەری ئێف 16 بەهێزە ئاسمانیەكانی وڵاتەكەی و زیلینسكی لەبنكەیەكی سەربازی شاری ئایندهۆڤنی باشوری هۆڵەندا لەگەڵ مارك رووتە فڕۆكەكانی وەرگرت.

سەرۆكی ئۆكرانیا باسی لەوەشكرد ژمارەیەك فڕۆكەیان بەدەست گەیشتووەو دوای راهێنانی چەند فڕۆكەوان و ئەندازیارێك هێزە ئاسمانیەكانی وڵاتەكەی لەشەڕی ئۆكرانیا دژ بەڕووسیا بەكاریدەهێنن.

بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی، رەزامەندی پێدانی فڕۆكەی ئێف 16 بە ئۆكرانیا لەڕێگەی هۆڵەنداو دانیماركەوە گۆڕانكاری لەشەڕی ئۆكرانیا دروستدەكات و گۆڕانكارییەكەش بەكاتێكی كەم روودەدات، لەكاتێكدا هەژدە مانگە هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆكرانیا درێژەی هەیە.

ویستی پێدانی فڕۆكەی شەڕكەری ئێف 16 بەئۆكرانیا لەكاتێكدایە چەندین جار ئەو وڵاتە داوایكردووە هێزە ئاسمانیەكەی لەبەرامبەر رووسیا بەهێز بكرێت، لەمدواییەشدا بەبێ بوونی هێزێكی ئاسمانی كاریگەر بەرامبەر رووسیا، ئۆكرانیا توانیویەتی لەڕێگەی درۆنەوە چەند دژە هێرشێك دژ بەڕووسیا ئەنجام بدات، هەرچەندە بەدرێژایی جەنگی ئۆكرانیا هێزەكانی ئەو وڵاتە لەژێر رەحمی بۆمبهاوێژو فڕۆكە جەنگیەكانی رووسیادا بوون، بەڵام لەڕۆژی هەینی رابردووەوە بەپێدانی رەزامەندی لەلایەن ئەمریكاوە بەپێدانی ئەو فڕۆكەیە بەئۆكرانیا چاوەڕواندەكرێت مەیدانی جەنگ لەبەرژەوەندی ئۆكرانیەكان بێت.

هەریەك لەحكومەتەكانی هۆڵەنداو دانیمارك لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیەكدا كە لە 11 وڵات پێكهاتووە راهێنان بەهێزە ئۆكرانیەكان دەكەن لەو چوارچێوەیەشدا راهێنان بەچەند فڕۆكەوان و ئەندازیارێكی ئۆكرانی دەكەن بۆ كارپێكردنی فڕۆكەی پێشكەوتووی ئێف16ی دروستكراوی ئەمریكا كە تائێستا زۆر وڵات نەیانتوانیوە ئەمریكا رازی بكەن بەپێدانی ئەو فڕۆكەیە.

پێشتر ئەمریكا رەزامەندی نیشاندابوو بەپێدانی چەند تانكێكی جۆری «ئەبرامز» راشیگەیاندبوو شان بەشانی فڕۆكەی ئێف 16 دەتوانێت گۆڕانكاری گەورە دروستبكات لەشەڕی دژ بەڕووسیا لەئۆكرانیا.

پێدانی ئەو فڕۆكە پێشكەوتووانە بەئۆكرانیا لەلایەن ئەمریكاوە لەكاتێكدایە، ئەو وڵاتە پشتی بەفڕۆكەی كۆنی مێك 29 و سۆخۆی  رووسی دەبەست، بەڵام بەپێچەوانەوە وەك پسپۆڕان دەڵێن فڕۆكەی ئێف 16 جگە لەوەی پێشكەوتووترین تەكنەلۆجیای سەربازی تێدا بەكاهێنراوە توانایەكی وردی هەیە لەبەئامانجگرتنداو فرەجۆریشە.

وەزارەتی دەرەوەی دانیمارك جەختیكردەوە رادەستكردنی فڕۆكەی ئێف 16 دوای جێبەجێكردنی مەرجەكان دێت كە لەگەڵ ئەمریكاو هاوبەشەكانیان دایان ناوە.

بەشێك لەمەرجەكان كەئاشكراكراون تەنها راهێنانی فڕۆكەوان و ئەندازیارە ئۆكرانیەكان نییە، بەڵكو پێویستە ژێرخانی فڕۆكەكەو خزمەتگوزاری لۆجیستی بۆ دابین بكرێت.

لەلایەن خۆیەوە، ئیرینا چۆكرمان پسپۆڕی ئەمنی و ستراتیژی بە سكای نیوزی وتووە: رەزامەندی ئەمریكا بەپێدانی فڕۆكەی ئێف 16 بەئۆكرانیا چاوەڕوانی ئەوەی لێدەكرێت گۆڕانكاری لەدرێژ مەودادا لەشەڕی ئۆكرانیا دروستبكات.

چۆكرمان باس لەوەشدەكات هاوبەشانی یەكێتی ئەوروپا كە بەشدارییان لەبەرنامەی راهێنانی فڕۆكەوانە ئۆكرانیەكان بۆ ئێف 16 كردووە بەكرداری دەستیان بەڕاهێنان كردووە، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی رەزامەندی ئەمریكا بكەن لەناردنی فڕۆكەكان.

ئەو پسپۆڕە ستراتیژی و ئەمنییە جەختدەكاتەوە بەخستنەگەڕی فڕۆكەی ئێف 16 ئۆكرانیا دەتوانێت بەچەند رێگایەك توانای هێزە ئاسمانیەكانی زیاتر بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی سوپای رووسیا و لەو بنبەستیەی پێشوو تێیكەوتبوو دەربچێت.

جگە لەو پسپۆڕە ئەمریكییە پسپۆڕانی سەربازی ئەوروپاو هەواڵگری سەربازی ئەو وڵاتانە باس لەوەدەكەن، رادەستكردنی فڕۆكەی ئێف 16 بەسوپای ئۆكرانیا دەتوانێت گۆڕانكاری لەسەر ئاستی مەیدانی دروستبكات و یارییەكە لەبەرژەوەندی كییڤ كۆتایی پێبهێنێت، چونكە وەك چاودێرانی سەربازی دەڵێن دەتوانێت كۆتایی بەو هێرشە بەردەوامانەی رووسیا بهێنێت كە لەڕێگەی ئاسمانییەوە دەیكاتە سەر هێزە سەربازیەكانی ئۆكرانیا لەشارو ناوچە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە.

هەرچەندە بەشێك لەپسپۆڕان باس لەوەدەكەن بەپێدانی فڕۆكەی ئێف 16 گۆڕانكاری لەمەیدانی شەڕی ئۆكرانیا و رووسیا روودەدات، بەڵام هەواڵگری بەریتانیاو وڵاتانی ئەوروپا ئاماژە بەوەدەكەن راهێنانی تەواوەتی فڕۆكەوان و ئەندازیارە ئۆكرانیەكان 18 مانگی پێدەچێت، بەوەش پێدانی فڕۆكەكان لەسەر ئاستی نزیك مەودا كاریگەری دروستناكات، لەكاتێكدا ئۆكرانیا هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر سوپای رووسیا دەستپێكردووەو بەدرۆنیش هێرشی كردووەتە سەر چەند شارێكی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار