دوای مردنی پریگۆژین؛ پوتن داوا دەکات چەکدارانی ڤاگنەر سوێندی یاسایی بخۆن

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای مردنی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، ڤلادمیر پوتینی سەرۆکی روسیا فەرمان بە شەڕکەرانی ڤاگنەر دەکات کە سوێندی یاسایی بخۆن و بچنە ژێر فەرمانی سوپای روسیاوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ڤلادمیر پوتن فەرمانێکی نوێی دەرکرد و لە رۆژی هەینیدا واژۆی کرد کە دەبێت دەستبەجێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەپێی فەرمانەکە دەبێت هەموو ئەو لایەنانەی کار بۆ سوپا دەکەن سوێندی یاسایی بخۆن وەک دەربڕینی دڵسۆزی بۆ روسیا و لانەدان لە فەرمانی سەرۆکی وڵات.

لە بەشێکی فەرمانەکەدا هاتووە کە ئەوانەی سوێندی یاسایی دەخۆن نابێت لە فەرمانی فەرماندە و سەرکردە باڵاکان دەربچن و پێویستە لەسەریان پەیڕەوی لە بڕیارەکانیان بکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە کە هەیینی رابردوو یەڤگینی پریگۆژین لە نزیک مۆسکۆ لە تێکشکانی فرۆکەیەکدا لەگەڵ نۆ کەسی تر گیانی لەدەستدا. هێشتا کریملن پشتراستی نەکردووەتەوە کە پریگۆژین مردووە، بەڵام رایگەیاندووە کە ئەوەی رۆژائاوا دەیڵێت "گوایە پریگۆژین بە فەرمانی ئێمە کوژراوە درۆیە" و دەبێت چاوەرێی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان بکرێت کە ئاخۆ پریگۆژین لەنێو فرۆکەکەدا بووە یان نا.

هاوکات ڤلادمیر پوتن لەکاتی واژۆکردنی فەرمانەکەدا سەرەخۆشی خۆی نارد بۆ خانەوادەی هەموو ئەوانەی لە روداوەکە گیانیان لەدەستدا و دواتر لە دەمی رابردوو قسەی لەسەر پریگۆژین کرد.

لە قسەکانیدا ڤلادمیر پوتن رایگەیاند، زانیاری سەرەتایی هەیە کە پریگۆژین و هاوکارەکانی لە ڤاگنەر کوژرابن و ستایشی رۆڵی رپیگۆژینی کرد و دواتریش ئەوەی نەشاردەوە کە چەند "هەڵەیەکی جدی" کردووە.

بەپێی وتەی شارەزایانی بواری سەربازی، دەرکردنی ئەو فەرمانە لەلایەن پوتنەوە بۆ گروپی ڤاگنەر و گروپە میلیشیاکانی تر هەنگاوێکی روونە کە سەرۆکی روسیا دەیەوێت بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتی وڵاتەوە دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی حوزەیران گروپی ڤاگنەر بە سەرکردایەتی پریگۆژین لە فەرمانی فەرماندە باڵاکان لایاندا و ئۆکرانیان بەرەو مۆسکۆ بەجێهێشت کە ئەم هەنگاوە وەک "کودەتایە" لێکدرایەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار