روسیا مردنی پریگۆژین پشتڕاست دەکاتەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لیژنەی لێکۆڵینەوەی روسیا رایگەیاند، لەرێی پشکنینی جیناتییەوە مردنی یەڤگینی پریگۆژین لە روداوی کەوتنەخوارەوەی فرۆکەکەی رۆژی هەیینی پشتڕاستکراوەتەوە.
لە لێکۆڵینەوەی لیژەنەکەدا هاتووە کە یەڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، مردووە ئەویش دوای ئەوەی کە "پشکنینە جیناتییەکان کۆتاییان هاتووە و ئەنجەماکەی دەریدەخات جیناتی ئەو 10 سەرنشینەی لە فرۆکەکەدا بوون هاوتان لەگەڵ لیستی ناوی ئەو کەسانەی کە لە فرۆکەکەدا پێشتر بڵاوکراونەتەوە."
ئاژانسی فرۆکەوانی روسیا پێشتر لیستی سەرنشینەکانی بڵاوکردەوە کە یەکێک لەوانە پریگۆژین بوو. روداوەکە لە هەیینی رابردوو رویدا و تێیدا فرۆکەیەک بە 10 سەرنشینەوە لە هەرێمی تڤێر لە نزیک مۆسکۆ کەوتەخوارەوە.
پریگۆژین لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا هەڵمەتێکی ئەنجامدا بۆ دژایەتیکردنی سەرکردە سەربازییەکانی روسیا کە بەپێی وتەی خۆی "شکستیان هێناوە" لە جەنگی روسیا، بەوهۆیەوە چەکدارانی گروپی ڤاگنەری بەرەو مۆسکۆ رەوانە کرد. ئەم هەنگاوەی پریگۆژین بە کودەتا دژی ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، لێکدرایەوە.