سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا :بەریتانیا چیدیکە کۆچبەری نایاسایی وەرناگرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوێنێ سێشەممە رایگەیاند، ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی دەچنە بەریتانیاوە دەستگیریان دەکەن و دیپۆرتیان دەکەنەوە.
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کاتی پێشکەشکردنی ڕێوشوێنی نوێ بۆ ڕێگریکردن لە کۆچبەران لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رووی دەمی لە کۆچبەران کرد و گوتی، "ئەگەر تۆ بە نایاسایی بێیت بۆ ئێرە، ئەوا ناتوانیت بمێنیتەوە. دەستبەسەر دەکرێیت و دەگەڕێنرێیتەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی هاتوویت یان بۆ شوێنی پارێزراوی وەکو رواندا دەتنێرین. ئەم سیستمە بە کاریگەری کاری خۆی دەکات و هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی کۆتایی پێدەهێنێت."
تا دێت ژمارەی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بەرز دەبێتەوە سەرەڕای ئەو ڕێوشوێنانەی دەگیرێتە بەر بە گوێرەی ئامارەکان تەنها لە 2022دا 45 هەزار کۆچبەر بە بەلەم پەڕیونەتەوە بەریتانیا، ئەوەش 60٪ زیاترە لە تەواوی ئەو کۆچبەرانەی لە 2021دا چوونەتە ئەو وڵاتە. تەنیا لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا دوو هەزار و 950 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا، واتە رۆژانە تێکڕا 50 کۆچبەر پەڕیونەتەوە.
یاساکە رێگە بە وەزارەتی نێوخۆ دەدات کۆمەڵێک رێکار بەرامبەر کۆچبەران بگرێتەبەر. بۆ نموونە، ئەو کۆچبەرانەی لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە دەچنە بەریتانیا رەوانەی وڵاتی خۆیان دەکرێنەوە یان دەنێردرێنە رواندا.
هەر کەسێکیش دەربکرێت، مافی ئەوەی نییە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بەریتانیا.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەوەشی ڕونکردەوە کە ئەم ڕێوشوێنە نوێیانە جێبەجێدەکرێن بەرامبەر هەچ کۆچبەرێک کە لە 7/3/2023بە نایاسای دەچنە بەریتانیاوە.
ئەم یاسا نوێیە ڕەخنەیەکی زۆری ڕێکخراوەکانی بەریتانیا و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێکی رێکخراوەکانی بەریتانیا رەخنە لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەگرن و دەڵێن، دەبێت رێگەیەکی باشتری یاسایی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەناخوازان دابنرێت.
هاوکات ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، UNHCR لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە "ئەگەر یاساکە بە تەواوی جێبەجێبکرێت دەبێتە هۆی نەهێشتن و قەدەغەکردنی داواکردنی مافی پەنابەری لەو وڵاتە تەنانەت بۆ ئەو کەسانەشی کە داواکانیان ڕەوایە و بارودۆخ ناچاریکردوون وڵاتەکانیان جێبهێڵن " .
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەمە دەبێتە پێشێلکاریەکی ئاشکرای پەیماننامەی پەنابەران و "دەبێتە هۆی لاوازکردنی نەریتێکی مرۆیی دوورودرێژ کە خەڵکی بەریتانیا بە ڕاستی شانازی پێوە دەکەن."
هەروەها ئینڤەر سلێمان، سەرۆکی جێبەجێکاری ئەنجومەنی پەنابەرانی بەریتانیا لەم بارەیەوە گوتی،ئەم بڕیارە نابێتە هۆی ڕێگریکردن لە پەڕینەوەی پەنابەران بۆ سنورەکانمان بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی بێتاوان گیانیان لەدەستبدەن و وەک تاوانبار و تیرۆرست سەیربکرێن بێئەوەی هەلێکیان پێبدرێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە گوێ لە کەیسەکانیان بگیرێت.
وتیشی: "ئەو خاڵە بنەڕەتییە پشتگوێ خراوە کە زۆربەی ئەو خەڵکەی بە بەلەمە بچووکەکان دێنە سنورە ئاوییەکانمان پیاو و ژن و منداڵن کە لە تیرۆر و خوێنڕشتن لە وڵاتانی ئەفغانستان و ئێران و سوریا دەرباز دەبن".
بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا، 14.5٪ـی دانیشتووانی بەریتانیا بیانین. ژمارەی بیانییەکان 9.9 ملیۆن کەسن لە دانیشتووانە 68 ملیۆن کەسەکەی بەریتانیا. زۆرینەی ئەو 9.9 ملیۆن کەسەش، هیندستانی، پۆڵەندی و پاکستانین.