رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: نزیکەی 130 هەزار کەس لە ئەفریقا مەترسیی لە برسا مردنیان لەسەرە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە زیادبوونی برسێتی لە قۆچی ئەفریقا دەدات و دەڵێت، نزیکەی 130 هەزار کەس لەو ناوچەیە مەترسی لەبرسا مردنیان لەسەرە.
لیزبێت ئەلبرێخت، بەڕێوەبەری قەیرانە تەندروستییەکانی تەندروستیی جیهانی لە قۆچی ئەفریقا رۆژی هەینی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند نزیکەی 48 ملیۆن کەس لە قۆچی ئەفریقا، واتە لە جیبۆتی، ئەسیوپیا، کینیا، سۆماڵ، سوودانی باشوور، سوودان و ئۆگەندا، رووبەڕووی نەمانی ئاساییشی خۆراک بوونەتەوە.
وتیشی ، لەو 130 هەزار کەسە 96 هەزاریان لە سۆماڵ و 33 هەزاریان لە سوودانی باشوورن .
قۆچی ئەفریقا یەکێکە لەو ناوچانەی کە گەورەترین مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە.
ئەلبرێخت باسی لەوەشکرد ،"زۆربەی بەشەکانی ناوچەکە رووبەڕووی خراپترین وشکەساڵیی 40 ساڵی رابردوو بوونەتەوە، لە کاتێکدا بەشەکانی دیکە کەوتوونەتە بەر لافاو، ئەوەش بووەتە هۆی برسێتیی بەربڵاو."
ئەوەشی ڕونکردەوە، "ژمارەی ئەو نەخۆشییانەی لە قۆچی ئەفریقا بڵاوبوونەتەوە گەییشتووەتە بەرزترین ئاستی ئەم سەدەیە، لە کاتێکدا سیستمە تەندروستییەکان لە زۆربەی حەوت وڵاتەکە لە ژێر گوشاردان."
هەروەها باسی لەوە کرد، زیادبوونی ئەم نەخۆشییانە دەکرێت راستەوخۆ پەیوەندیی بە رووداوی گەورەی کەشوهەواوە هەبێت.