ترەمپ فەرمانی داگیرکردنی گرینلاندی داوە

8 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ـی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکیدا، بە پشتبەستن بە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان و بەرپرسانی ئاگاداری ڕۆژئاوا، ئاشکرای کرد؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، فەرمانی بە "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتە هاوبەشەکان" کردووە پلانێکی گشتگیر بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی گرینلاند ئامادە بکەن. 

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، سەرکردە باڵا سەربازییەکانی ئەمەریکا لەوانە سەرۆک ئەرکانی هاوبەش دژی ئەم پلانە وەستاونەتەوە. ئەوان هۆشداری دەدەن؛ ئەم هەنگاوە نەک هەر ڕەزامەندی کۆنگرێس بەدەست ناهێنێت، بەڵکو ئەمەریکا تێوەگلانی ململانێیەکی ناپێویست دەکات لەگەڵ هاوپەیمانە نزیکەکانی، بەتایبەتی دانیمارک کە خاوەنی سەروەری یاساییە بەسەر ئەو خاکەدا.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن بازنەی نزیکی ترەمپ، بە سەرۆکایەتی ستیڤن میلەر ڕاوێژکاری سیاسی، هاندەری سەرەکی ئەم پلانەن. ئەوان دوای ئەوەی گرتنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان وەک سەرکەوتنێکی گەورە وەسف کرد، ئێستا پێیان وایە کاتی ئەوە هاتووە ئەمەریکا بە خێرایی کۆنترۆڵی گرینلاند بکات، پێش ئەوەی ڕووسیا یان چین پێگەی ستراتیژی لەو ناوچە دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سروشتییەکان بەدەستبهێنن.

دیپلۆماتکارانی بەریتانیا پێیان وایە ترەمپ لە ڕێگەی ئەم جۆرە جووڵە دەرەکییانەوە دەیەوێت سەرنجی دەنگدەران لە کێشە ئابوورییەکانی ناوخۆ و هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لابدات، بەتایبەت لە کاتێکدا مەترسی لەدەستدانی زۆرینەی کۆنگرێس لە ئارادایە.

ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات؛ هەر کردەوەیەکی سەربازی دژی گرینلاند، ترەمپ دەخاتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا.

دیپلۆماتکاران دەڵێن؛ ئەمە دەبێتە هۆی "داڕمانی هاوپەیمانی ناتۆ لە ناوەوە"، چونکە ناتۆ لەسەر بنەمای پاراستنی سەروەری وڵاتانی ئەندام دامەزراوە، نەک هێرشکردنە سەریان.

بۆ ڕێگریکردن لەم بڕیارە کتوپڕە، فەرماندە سەربازییەکان هەوڵیان داوە سەرنجی ترەمپ بۆ ئامانجی دیکە ڕابکێشن کە کەمتر مەترسیدار بن، وەک؛ ڕووبەڕووبوونەوەی "کەشتییە تارماییەکانی ڕووسیا" (ئەو تۆڕە کەشتییەی سزاکان دەبڕن). لەگەڵ تاوتێکردنی بژاردەی هێرشکردنە سەر ئێران.

ڕۆژنامەی دەیلی مەیل ئاماژە بەوە دەکات؛ دیپلۆماتکاران لە "کێبڵە نهێنییەکاندا" باسیان لەوە کردووە؛ بەکارهێنانی فشار یان هێز بۆ جیاکردنەوەی گرینلاند لە دانیمارک، دەبێتە هۆی دروستبوونی واقیعێکی نوێی جیۆپۆلەتیکی کە تێیدا متمانەی نێودەوڵەتی بە ئەمەریکا بە تەواوی لەناودەچێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار