دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەڵمانیا داوای قورسکردنی سزای ژنە داعشێکی زیندانیکراو لە ئەڵمانیا دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دادگەیەکی تێهەڵچوونەوەی ئەڵمانیا داوا دەکات سزای ژنە داعشێکی ئەڵمانی قورستر بکرێت کە بە تاوانی ئەندامبوونی لە داعش و رێگەدان بە گیانلەدەستدانی کچە کوردێکی ئێزدیی تەمەن پێنج ساڵان لە تینوێتی و لەبەر گەرما، سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکراوە.
دادگای دادوەری فیدراڵی داوای پێداچوونەوەی ئەو ژنەی تەمەن 31 ساڵەی ڕەتکردەوە، کە تەنها بە جێنیفر دەبلیو ناسێنراوە بەپێی یاساکانی پاراستنی نهێنی ئەڵمانیا، و دۆسیەکەی ناردەوە بۆ دادگای ویلایەتی میونشن بۆ بڕیارێکی نوێ.
ئەو ژنە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 لە نێوان شتەکانی دیکەدا بە دوو تۆمەتی تاوانی دژە مرۆڤایەتی لە ڕێگەی کۆیلەکردنەوە سزا درا، لە یەک حاڵەتدا بووەتە هۆی مردن، هاوکاربوون لە هەوڵی کوشتن و ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە دەرەوەی وڵات.
بەڵام دادگەی فیدراڵیی ئەڵمانیا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە دادوەرانی دادگەی میونشن لە سزادانی ژنەکە هەڵەیان کردووە و هەستیاریی دۆسییەکەیان بە کەم وەرگرتووە، چونکە پێیوایە ئەوەی تاوانبارەکە کردوویەتی تاوانێکی گەورەتری دژی مرۆڤایەتییە و دادگەی میونشن لێکەوتە خراپەکانی نادیدەگرتووە.
هاوکات یاسای ئەڵمانیا رێگە دەدات سزای بەندکردنی تاهەتایی بۆ تاوانبار دەربکرێت ئەگەر تاوانەکەی بووبێتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک.
ە دادگاییکردنەکەی میونشن، داواکارانی گشتی ئەو ژنەیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە تەنیشتەوە وەستاوە لەکاتێکدا هاوسەرەکەی ئەوکات کچە منداڵە ئێزیدییە لە حەوشەیەکدا بە زنجیر بەستووە و بەجێی هێشتووە تا لەبەر خۆردا لە تینوێتیدا بمرێت. دادگا بۆی دەرکەوتووە کە ئەو ژنە هیچی نەکردووە بۆ یارمەتیدانی کچەکە هاوکات دایکی کچە کوردە ئێزدییەکە کە لە دەست داعش رزگاری بووە، لە دادگاییکردنی هەردوو تاوانبارەکەدا شاهێدی دا.
ئەو ژنە لە ساڵی 2016 لە کاتی هەوڵدان بۆ نوێکردنەوەی ناسنامەکەی لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە ئەنقەرە دەستبەسەرکرا و دیپۆرتکرایەوە بۆ ئەڵمانیا.