لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە سووریا درا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پرۆژەبڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا لە ماوەی شەش مانگدا، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا شەوی ڕابردوو رەتکرایەوە.
شەوی رابردوو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبوونەوە بۆ بڕیاردان لەسەر کشانەوە یاخود مانەوەی هێزەکانیان لە سووریا لە ماوەی شەش مانگدا پرۆژە بڕیارەکە بە 321 دەنگی نەخێر و 103 دەنگی بەڵێ رەتکرایەوە، ئەمەش بەو مانایەی نزیکەی 900 سەربازەکەی ئەمریکا تاوەکو کاتێکی نادیار لە سووریا دەمێننەوە.
سەربازانی ئەمریکی بە زۆری لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا مەشق و راوێژ بە شەڕڤانان دەدەن، لە هەمان کاتدا ئۆپەراسیۆنی راوەدوونانی چەکدارانی داعشیش دەکەن.
پرۆژەکە لەلایەن مات گەیتزی کۆماری ئامادە کرابوو ٥٦ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دیموکراتەکان و ٤٧ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کۆمارییەکان بە بەڵێ دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە دا.
هاوکات مات گەییتز بە ئاماژەدان بەوەی کە لای ئەمریکییەکان بووەتە پرسیار کە چۆن چۆنی سووریا بووەتە گۆڕەپانی کێبڕکێی هێزە گەورەکان و دۆخی سووریا چەند ئاڵۆز بووە.
ناوبراو ڕایگەیاند،کە رژێمی ئەسەد چۆن چۆنی گەلی سووریای بە ئامانج گرتووە و وڵاتانی کەنداویش پشتیوانییان لە ئۆپۆزسیۆن کردووە، ئاماژەی بەوە داوە کە ئێران هەر بەوەوە نەوەستاوە پشتیوانی لە رژێمی سووریا بکات، بەڵکو حزبوڵڵایشی هێناوەتە ناو گۆڕەپانەکە و سووریای داگیر کردووە.
سەرنجیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە بە هاتنی رووسیایش، رووسەکان هاتوونەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ئەمەیش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
ئەم دەمەقاڵی و گفتوگۆیەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کاتێکدایە، 4ی ئاداری ئەمساڵ مارک میلی، سەرۆکی سوپاسالارە هاوبەشەکانی ئەمریکا بە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراو گەیشتە رۆژئاوای کوردستان بۆ لێکدانەوەی ئەوەی ئاخۆ تاچەند پێویستە هێزەکانیان لە سووریا بمێننەوە.