لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی ژناندا یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر دوو بەرپرسی باڵای تاڵیباندا سەپاند
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
یەکێتی ئەوروپا ئەمڕۆ سێشەممە لە لیستێکی سزاکانیدا کە بڵاویکردۆتەوە هەریەک لە بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردەی خستە لیستی سزاوە، ئەوەش وەک بەرەنگاریەک دژی سەرکوتکاریەکانی سەر ژنان.
ئەمڕۆ یەکێتی ئەوروپا لەسەروبەندی ڕۆژی جیهانی ژناندا لیستێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا ١٢٢ کەسایەتی وبەرپرس ودامەزراوەی خستۆتە لیستی سزاوە، لە لیستەکەدا نێدا محەمەد نەدیم بەرپرسی وەزارەتی خوێندنی باڵای تاڵیبان و محەمەد خالید حەنەفی بەرپرسی وەزارەتی پەروەردەی ناسراو بە قەدەغەکردنی حکومەتی تاڵیبان هەیە، کە هەریەکەیان بەهۆی پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ، بەتایبەتی توندوتیژی سێکسی و ڕەگەزی خراونەتە لیستەکەوە.
یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند کە ئەم کارەی ئەمڕۆ دووپاتکردنەوەیە لە پابەندبوونی خۆی بۆ بەرەوپێشبردن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا.
جۆزێڤ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەبارەی لیستی سزاکانەوە ڕایگەیاند، "بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێ ڕوودەدات، ئێمە بەرەنگاریی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبینەوە و لەناوی دەبەین کە لە دژی ژنان بێت".
هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا لە لیستی سزاکەی یەکێتی ئەوروپادا کە بڵاوکراوەتەوە، جگە لە بەرپرسانی تاڵیبان، هەریەک لە بەشی پۆلیسی مۆسکۆ و بەرپرسانی باڵای سوپای ڕووسیا و فەرماندە چەکدارەکانی باشووری سودان و جێگری وەزیری ناوخۆی میانمار لەنێو گەمارۆکاندان.
سزاکان لەسەر کەسایەتی و دامەرزاوەکان کە لە لیستەکانی سزای یەکێتی ئەوروپادان خۆیان لە دەسبەسەرداگرتن وبلۆککردنی سەروەت و سامانی کەس و دامەزراوە سزادراوەکان لە یەکێتی ئەوروپادا دەبیننەوە، جگە لەوەش قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ یەکێتی ئەوروپا دەگرێتەوە هاوکات ناردنی پارە و هەر ئامرازێکی تری دارایی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە یەکێتی ئەوروپا بۆ کەس و دامەزراوە سزادراوەکان قەدەغە دەکرێت.