کەناڵی ئێن بی سی: باڵۆنە چینیەکەی خرایە خوارەوە زانیاری هەواڵگری بنکەکانی سەربازی ئەمریکای بۆ پەیکین گواستۆتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کەناڵی هەواڵی ئێن بی سی ئەمریکی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە ئەو باڵۆنە چینیەی لە لایەن ئەمریکاوە خرایە خوارەوە زانیاری هەواڵگری بنکەکانی سەربازی ئەمەریکای بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ پەیکین گواستۆتەوە.
کەناڵی ئێن بی سی بە ئاماژەدان بە گوتەی دوو بەرپرسی باڵای ئێستای ئەمەریکا و بەرپرسێکی باڵای پێشووی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بایدن رایگەیاند، باڵۆنەکە چەند جارێک بەسەر ئەو ناوچانەدا تێپەڕیوە کە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکای لێبووە زانیاری گواستۆتەوە پێش ئەوەی لە چواری مانگی دوودا بە بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بخرێتە خوارەوە .
ئەو بەرپرسانە بە کەناڵەکەشیان گوتووە، زانیارییەکانی چین کۆیکردووەتەوە لە ڕێگەی ئەو باڵۆنەوە لە زانیاری نێردراوی ئەلکترۆنییەوە بووە لە ڕێگەی ئاماژە ئەلیکترۆنییەکانەوە ، کە دەتوانرێت لە سیستەمی چەکەوە یان ئەو پەیوەندییە تایبەتییانەی کارمەندەکان لە بنکەکاندا ئەنجامیان داوە وەربگیرێن ، دەشڵێن بە شێوەی وێنەی ڕاستەوخۆی بنکەکان نەبووە.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش ڕایگەیاند بەرپرسانی ئەمەریکا بەردەست نەبوون بۆ لێدواندان لەسەر بابەتەکەو وەزارەتی دەرەوەی چین لە پەکین و باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن وەڵامی داواکاری ئەو ئاژانسەیان نەداوەتەوە بۆ پێدانی هیچ لێدوانێک.
ئەو باڵۆنە کە چین نکۆڵی لێدەکات بۆ کاری سیخوڕی بەکارهێنرابێت، هەفتەیەکی بەسەر ئەمەریکا و کەنەدا مایەوەو لە سەرەتای مانگی شوباتدا سوپای ئەمەریکا لەسەر فەرمانی جۆو بایدن لە کەناراوەکانی ئەتڵەسی خستیانە خوارەوە ،هاوکات ئەم ڕوداوەش وایلە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن کرد سەردانەکەی بۆ پەکین دوابخات و پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و پەکین گرژی زیاتر بکات.