سەردەمی بێلایەنیی فینلەندا لە رووی سەربازیەوە کۆتایی هات

2 ساڵ لەمەوپێش



وڵاتی فینلەندا بە شێوەیەکی فەرمی بووە ئەندامی رێکخراوی ئەتلەنتیکی باکور (ناتۆ).

پرۆسەی ئەندامێتی فینلەندا لە ناتۆدا بە دوایین واژۆی پیکا هاڤیستون وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆتایی هات و فینلەندا بووە ٣١مین وڵاتی ئەنجامی ناتۆ و بەڵگەی یاسایی ئەندامێتیەکە رادەستی ئەنتۆنیۆ بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرا.

ساولی نینیستۆ سەرۆککۆماری فینلەندا لە تویتەردا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەتاند، لە مێژووی وڵاتەکەیدا سەردەمێکی نوێ دەست پێدەکات و سەردەمی بێلایەنی سەربازی کۆتایی هات.

وڵاتانی سوید و فینلەندا، دوای شەڕی روسیا – ئوکراین، بێلایەنی خۆیان لە رووی سەربازیەوە گۆڕی و داوایان لە ناتۆ کرد، ئەندامێتیان لە رێکخراوەکەدا پەسەند بکات.

دوابەدوای داواکاریەکە، دەوڵەتی تورکیا کە لە رووی زۆری سەربازەوە، دووەم هێزی ناتۆیە، مافی ڤیتۆی بەکارهێنا و رایگەیاند، کاتێک ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتە پەسەند دەکات کە  بە هەموو شێوەیەک رێگری لە کار و چالاکییەکانی پارت و رێکخراوەکانی دژی تورکیا وەکو “پەکەکە، فەتحوڵلاچیەکان و چەند پارتێکی چەپی تورکیا’ بکرێت و ژمارەیەک کەسایەتیش رادەست بکرێنەوە.

لە 28ى حوزەیرانى ساڵی ٢٠٢٢، لە میانی کۆبوونەوەى لوتکەی ناتۆ لە مەدریدى پایتەختى ئیسپانیا، تورکیا و سوید و فینلەندا رێککەوتنێکى سێ قۆڵیان واژۆکرد و گەیشتنە رێککەوتن کە داواکاریەکانی تورکیا جێبەجێ بکرێن.

دانوستانەکانی تورکیا لەگەڵ سوید و فینلەندا بە باشی بەڕێوەدەچوون تاوەکو 11ى کانوونى دووەمى 2023 کە لە ستۆکهۆڵم لەلایەن چالاکانى کوردەوە خۆپیشاندانێک رێکخرابوو و تێیدا بوکەڵەیەک هاوشێوەی ئەردۆغان بە قاچ هەڵواسرا.

ئەو پێشهاتە تورکیای زۆر تووڕە کرد و بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاند کە پێویستە ئەنجامدەرانی ئەو خۆپیشاندانە دەستگیر و رادەستی تورکیا بکرێنەوە، بەڵام سوید هیچ هەنگاوێکی بە دڵی تورکیا نەنا. دواتر، راسمۆس پالودان، چالاکی سویدی-دانیمارکی بە بەرچاوى پۆلیسەوە لەبەردەم کونسوڵخانەی تورکیا لە ستوکهۆڵم قورئانی سوتاند و ئەوەش بووە هۆی تێکچوونی زیاتری پەیوەندیەکانی نێوان سوید و تورکیا و لە ئیستادا پرسی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

هەرچەندە فینلەندایە، رایگەیاند کە ئەوان پرۆسەکە لە سوید جیادەکەنەوە و سەربەخۆ لەگەڵ تورکیا دەست بە دانوستان دەکەن. هەرچەندە فینلەندا بووە ئەندامی ناتۆ، بەڵام تاوەکو ئێستاش روون نییە، بە چی شێوازێک تورکیای رازی کردووە کە ئەندامێتیەکەی واژۆ بکات، لە کاتێکدا کە هیچ هەنگاوێکی فەرمی لەبەرامبەر ئەو رێکخراو و پارتانە نەناوە کە دژی دەوڵەتی تورکیا دەوەستنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار