ڕۆیتەرز: یەکێک لە بڵگەنامە نهێنییەکانی ئەمریکا باسلەکۆبونەوەی نێوان ڕوسیاو تورکیا دەکات بۆ کڕینی چەک لە ئەنقەرە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بەرپرسانی ئەمەریکا هەوڵی زۆر دەدەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دزەپێکردنی بەڵگەنامە سەربازی و هەواڵگرییە نهێنییەکان بەهۆی کاریگەرییان لەسەر ئاڵوگۆڕی زانیاری هەستیار لەناو حکومەتدا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز پێداچوونەوەی بۆ زیاتر لە 50 لەو دۆکیومێنتانە کردووە کە بە "نهێنی" و "زۆر نهێنی" ناونراون، کە بۆ یەکەم جار لە سەرەتای مانگی سێدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە و وردەکاری لاوازییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا و زانیاری دەربارەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکای ئاشکرا کرد لەوانە ئیسرائیل و کۆریای باشوور و تورکیا.

کاردانەوەی حکومەتە جیاوازەکان لە بەرامبەر بڵاوبونەوەی ئەو بڵگەنامانە :

لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو یەکێک لە بڵگەنامەکانی  بە  " بێ بنەما " ناوی برد کە تیایدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە مۆساد، یەکێک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکە، هانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی داوە دژی پلانەکەی ناتانیاهو بۆ توندکردنەوەی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی دادوەری.

کۆریای باشور؛ کاربەدەستێکی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند وڵاتەکەیان ئاگاداری ئەو ڕاپۆرتانەیە سەبارەت بە بەڵگەنامە دزەکراوەکان و پلانی هەیە لەگەڵ واشنتن تاوتوێی ئەو بابەتانە بکات .

یەکێک لە بەڵگەنامەکان وردەکاری گفتوگۆ ناوخۆییەکانی بەرپرسانی باڵای کۆریای باشووری تێدایە سەبارەت بە فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر سیئۆل بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا .

تورکیا؛ یەکێک لە بەڵگەنامەکان بە ناوی "زۆر نهێنی" بە وردی باس لەوە دەکات کە چۆن بەڵێندەرە سەربازییە تایبەتەکانی ڕوسیا لەگەڵ تورکیا کۆبوونە تەوە بۆ کڕینی چەک لە ئەنقەرە.

لەو بارەیەوە باڵیۆزخانەی تورکیا لە واشنتۆن ڕەتی کردەوە لێدوان بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بدات.

هاوکات ژمارەیەکی زۆر لەو بڵگەنامانە باس لە توانای سەربازی ئۆکرانیا دەکان بەرامبەر ڕوسیا ویەکێک لە بەڵگەنامەکان کە بەرواری 23ی شوبات و نیشانەی "نهێنی"ی لەسەرە، وردەکارییەکانی کەمبوونەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس300ی ئۆکرانیا دەخاتەروو، کە بەو رێژەیەی ئێستای بەکاریدەهێنن.

ئەو جۆرە زانیارییە وردە پارێزراوانە دەتوانن سوودێکی زۆریان بۆ هێزەکانی رووسیا هەبێت و ئۆکرانیاش رایگەیاندووە کە سەرۆک و بەرپرسانی باڵای ئەمنی ڕلە رۆژی هەینی کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی رێگریکردن لە دزەپێکردنەکان.

بڵاوبونەوەی ئەم دۆکۆمێنتانە بە تەواوی پنتاگۆنی توڕەکردووە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی بڵگەنامەکان دەستی پێکردووەو بابەتەکە ڕەوانەی وەزارەتی داد کراوە.

 وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند دەزگاکان هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەرییەکانی ئەو دۆکیومێنتانە دەکەن لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا و هەروەها کاریگەرلەسەر هاوپەیمانە نزیکەکانی ئەمەریکا، کە ئەمەش پرۆسەیەکی ستانداردە و بە " هەڵسەنگاندنی زیانەکان " ناسراوە بۆ دزەکردنی زانیاری نهێنی.

هاوکات مایکل مۆڵرۆیی، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: "لە ئێستادا گرنگی بەو بابەتە دەدرێت، چونکە زۆرێک لەو بەڵگەنامانە تەنها لە دەستی ئەمریکادا بوون".

هەروەها دانیێل هۆفمان، ئەفسەرێکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا (سی ئای ئەی) وتی بەهۆی چالاکییەکانی پێشووی دەزگا هەواڵگرییەکانی مۆسکۆوە، ئەگەری زۆرە کاربەدەستانی ڕوسیا بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە ئۆکرانیاوە بڵاو بکەنەوە.

وتیشی ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە "بە مەبەستی چاندنی سەرلێشێواوی،ودروستکردنی  ناکۆکییە  لەنێوان دوژمنەکانی ڕوسیادا، کردارێکی "کلاسیک"ی دەزگا سیخوڕییەکانی ڕوسیایە بۆ دزەکردنی بەڵگەنامەی ڕاستەقینە کە تیایدا زانیاری هەڵەیان تێدایە."

بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە قۆناغی سەرەتاییدایە و ئەوانەی بەرپرسی ئیدارەکەن، بەدووری نازانن ئەو کەسانە لایەنگری رووسیابن لەپشت دزەپێکردنی بەڵگەنامەکان، ئەمەش وەک یەکێک لە پێشێلکارییە ئەمنییە جددیەکان سەیر دەکرێت لەدوای دزەپێکردنی ویکیلیکسەوە لە ساڵی 2013 کە زیاتر لە 700 هەزار بەڵگەنامە و ڤیدیۆی لەخۆگرتبوو.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار