قەیرانی کەمیی دەرمان رو لە ئێران دەکات
حکومەت بودجەی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی بۆ نیوە کەم کردوەتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
نرخی دەرمان لە ئێران بەرز دەبێتەوە و هەندێک دەرمانیش کە زیاتر لە 60 ساڵە لە ناوخۆی وڵاتەکە دروست دەکرێت دەست ناکەوێت و داوا دەکرێت لە دەرە هاوردە بکرێن.
عەلی فاتمی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران، رایگەیاند؛ کەمبونەوەی سەرمایە و لاوازبونی پیشەسازیی بەرهەمهێنانی دەرمان بوەتەوە هۆی کەمبونەوەی دەرمان لە وڵاتەکە بە جۆرێک کە تەنانت دەرزی و دەرمانی هەڵامەت لە دەرەوە هاوردە دەکرێت.
فاتمی ئاماژەی بەوە کردوە کەمیی دەرمان نیگەرانیی پزیشکانی لێکەوتوەتەوە و دەرمانی خەمۆکی و دەرونی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان کەمبون و لە هەندیک حاڵەتدا دابینکردنیان ئاستەمە.
نرخی دەرمان لە ئێران بەراورد بە ساڵی رابردو لە نێوان 300 تا 700% هێندە بەرزبوەنەوەی بەخۆیەوە بینیوە و کە ئەوەش بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن بوە.
ساڵانی رابردو حکومەت لە ئێران زیاتر لە سێ ملیارد دۆلاری بۆ هاوردەی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی تەرخان کردوە کە ئەو بڕە لە ئەمساڵدا بۆ یەک ملیارد و 400 ملیۆن دۆلار کەمی کردوە.