ئەمەریکا: هێرشکردنە سەر سوریا و عێراق بەپێی یاسای بەرگریکردن لە خۆمان بووە

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆبێرت وود، جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمەریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی دووشەممە وێڕای بەرپەرچدانەوەی قسەی نوێنەری رووسیا دەربارەی هێرش بۆ سەر هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سوریا و عێراق وتی " ئەم هێرشانە پێویست بوو و لەگەڵ یاسای بەرگری لە خۆماندا دەگونجا و لەو چوارچێوەیەدا بوو".

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشدا کە لە سەر داواکاری رووسیا رێکخرابوو، نوێنەری ئەمەریکا ڕایگەیاند "رۆژی ٢ی شوباتی ٢٠٢٤ بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، هێرش کرایەسەر هێزەکانی سەر بە سوپای پاسداران لە سوریا و دیمەشق، ئەم هێرشانە پێویست بوون و گونجاو بوون لە گەڵ یاسای بەرگری لە خود و بە پێی مادەی ٥١ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دران".

جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی هێنایەوە بیری بەشداربووان کە کەمتر لە هەفتەیەک پێش هێرشەکەی ئەمەریکا، رۆژی ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازی "تاوەری ٢٢"  لە ئۆردۆن و نزیک بە سنووری هاوبەشی لەگەڵ سووریە، بەو هۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و نزیک بە ٤٠ سەرباز برینداربوون.

رۆبێرت وود، لە وەڵامی قسەکانی نوێنەری رووسیادا جەختیکردەوە رووسیا بە پێش گریمانەیەکی نادروستەوە داوای ئەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە و دەڵێت "ئەمەریکا پاساوی نەبووە بۆ هێرش بۆ سەر عێراق و سوریا، لە حاڵێکدا ئەم هێرشانە بە پێی یاسای نەتەوەیی ئەمەریکا، پێویست و گونجاو بوون".

هەروەها جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمەریکا جەختی کردەوە کە هێرشەکانی عێراق و سوریا، جیاوازە لە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن کە ئاسایشی بازرگانی دەریاییان لە دەریای سوور خستووەتە مەترسییەوە.

رۆبێرد وود هەروەها خەختیکردەوە "ئەمەریکا لە حاڵێکدا دەخوازێت ناکۆکییەکانی غەززە ئارام بکاتەوەو ناخوازێت جەنگەکە لە ناوچەکە پەرە بستێنێ و بەرنامەی نییە بەوەی راستەوخۆ بچێتە جەنگەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بەڵام بەرگری لە هێزەکانی ئەکات لە بەرامبەر هەر هێرشێکدا کە بکرێتە سەری".

رووسیا رۆژی دووشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوخۆی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، هێرشی کردووەتە سەر عێراق و سوریا.

واسیلی نەبێنزا، باڵیۆزی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا کە لە لایەن رووسیاوە داوا کرابوو وتی "ئەمەریکا هیچ پاساوێکی نییە بۆ هێرش بۆ سەر عێراق و سوریا".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار