لەدوای ساڵێک لە بومەلەرزەکەی تورکیا لە سێ منداڵ یەکێکیان بێلانەن
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ساڵێک دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا و سوریا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 56 هەزار کەس، یەک لە سێ منداڵ کە بەهۆی کارەساتەکەوە بێ ماڵ بوون، هێشتا لە پەناگەی کاتیدا دەژین.
ئاژانسی هەواڵی میدڵ ئێست ئای لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ژمارەی ئەو منداڵانەی لە دوای بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا لە پەناگەکاندا دەژین بڵاویکردۆتەوەو دەڵێت، نزیکەی 660 هەزار منداڵ لەو ناوچانەی بە بومەلەرزەکە زیانیان بەرکەوتبوو ئاوارە بوون و ناچاربوون لەناو کەمپەکان و ژێر چادرگەکان ژیان بکەن.
وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ئەو روداوە کاریگەری لەسەر نزیکەی 2.6 ملیۆن منداڵ هەبووە.
ئەسلی تەمەن نۆ ساڵ خەڵکی ئادیامان لە تورکیا بە ڕێکخراوی STCی تایبەت بە منداڵانی ڕاگەیاندوە کە دوای ساڵێک لە ڕوداوەکە تا ئێستاش لەگەڵ دایک و باوکیدا لە چادردا دەژین .
هاوکات بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەشێکی زۆری منداڵانی کاریگەری ڕوداوەکە لە تورکیا و سوریا ڕووبەڕووی کێشەی تەندروستی و دەروونی بونەتەوە ، لەوانە دڵەڕاوکێی پەیوەندیدار بە کارەساتەکەوە.
نزیکەی لە سەدا 70 ی منداڵانیش لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەت لە سوریا توشی "خەمۆکی " بوون و، لە سەدا 30 یشیان توشی دڵەڕاوکێ بوون و توانای خەوتنیان نەماوە.
سەبارەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش ڕیکخراوی STCی تایبەت بە منداڵان ڕایگەیاند، لە سەدا 85 ی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت کە مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە کێشەیان هەیە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان و هاوڕێ و مامۆستاکانیان بەهۆی ئەزموونی بوومەلەرزەکەوە و زەبری دەرونی لێیداون.
لە 6ی شوباتی 2023 دوو بومەلەرزە بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 لە دوو شارۆچکەی پارێزگای مەڕەش روویاندا و زیانیان بە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان، سێ پارێزگای تورکیا و بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیاند.