رەنگە ئیسرائیل رێگە بە سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس بدات بچێتە مەنفاوە
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمرۆ پێنجشەممە ئاژانسی هەواڵی " ئین بی سی" لە زاری شەش بەرپرس و راوێژکاری ئیسرائیلی رایگەیاند، کە ئیسرائیل ئامادەیە لە بەرامبەر ئازاد کردنی سەرجەم بارمتەکانی لەلای بزووتنەوەی حەماس، ڕێگە بە دەرچوونی "یەحیا سنوار" ی سەرۆکی ئەو بزووتنەوەیە بدات بۆ وڵاتێکی دیکە.
ئاژانسەکە لە زاری ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیانەش ئەوەی بڵاو کردەوە، ئەم بیرۆکەیە رێگە لەبەرامبەر هاتنە کایەی حوکمدارییەکی تازە لە کەرتی غەزە خۆش دەکات.
ئەم قسانەش لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیبلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی غەزە بەردەوامەو دیپلۆماتکار و نێردە تایبەتەکانی ئەمریکا و قەتەر و میسر هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ کۆتایی هاتن بە جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی خستۆتە گەڕ کە پێی ناوەتە مانگی پێنجەمەوە.
هەر لەم چواچێوەیەشدا "ئەنتۆنی بلینکن" ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ، "بنیامین نەتانیاهۆی" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی لە هەر کردەوەیەک کە ئاگری ناوچەکە زیاتر فراوان بکات ئاگادار کردەوە و رایگەیاند، "هێشتا دەرفەتی وتووێژ و دانوستان ماوە".
جێی ئاماژەیە ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوای قبوڵ نەکردنی پێشنیارەکەی بزوتنەوەی حەماسەوە هات کە داوای کردبوو لە چوارچێوەی ئاڵوگۆری دیلەکاندا ، بۆ ماوەی چوار مانگ جەنگ لە کەرتی غەزە رابگیرێت و لەلایەن "بنیامین نەتانیاهۆی" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە ئەو پێشنیارە رەت کرایەوە و بە پێشنیارێکی خەیاڵی ناوی هێنا.
ماوەی پێنج مانگە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لە دوای پەلامارەکەی 7 ی ئۆکتۆبەری 2023 ی بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و بە بارمتە گرتنی دەیان هاوڵاتی ئیسرائیلی و گواستنەوەیان بۆ ناو کەرتی غەزە و شوێنەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ئەو بزوتنەوەیە بەردەوامە و رۆژ بە رۆژیش ئاگری جەنگەکە بەرفراوانتر دەبێت و بە ڕای چاودێرە سەربازی و سیاسییەکان رەنگە ئاگری ئەو جەنگە هەموو ناوچەکە بگرێتەوە ، بەتایبەتیش لەدوای هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە ، باڵەکانی سەر بە ئێران لە دەریای سوور و ناوچەکانی سوریا و عیراق هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە چڕتر کردۆتەوە و لە باشووری لوبنانیش حزبوڵا ماوە ماوە موشەکبارانی ناو خاکی ئیسرائیل دەکات.