روسیا 21 درۆنی ئۆكرانی خستەخوارەوە
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ سێشەمە 30ی كانوونی دووەمی 2024، ئاژانسەكانی هەواڵی روسیا رایانگەیاند هێزەكانی بەرگری ئاسمانی روسیا، توانیویانە 21 درونی ئۆكرانی لە ناوچە جیاجیاكانی روسیا بخەنە خوارەوە.
هەرلەمبارەیەوە وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند "سیستمی بەرگری ئاسمانی سەر بەسوپای روسیا، 21 درۆنی هێرشبەری كە لە ئۆكرانیاوە بەرەو ناوچەكانی روسیا هاویژرا بوون لەنیمچە دورگەی قرم و ناوچەكانی بلیغۆردو بریانسك و كالوغا و تۆلا بخەنە خوارەوە".
لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی بەرگری روسیا هاتووە "شەوی رابردوو هێزی بەرگری ئاسمانی روسیا توانی شكست بەهێرشێكی تیرۆریستی رژیمەكەی كێف لە دژی خاكی روسیا بهێنن" .
لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی بەرگری روسیا وردەكاری زیاتری هێرشەكە خراوەتەڕوو تێیدا هاتووە "سیستمی بەرگری ئاسمانی توانیوێتی 11 درۆنی بۆمبرێژكراو لەسەر نیمچەدورگەی قرم و 4 درۆنی دیكە لەناوچەی بلیغۆردو 3 درۆن لە ناوچەی بریانسك و لە ناوچەكانی كالوغا و تۆلا، یەكی یەك درۆن بخەنە خوارەوە.
جێی ئاماژەیە چەند مانگێكە ئۆكرانیا، بەمەبەستی بە ئامانج گرتنی ژێرخانی سەربازی روسیا هێرشەكانی بۆ سەر خاكی ئەو وڵاتە چڕكردۆتەوە تا بەو جۆرە فشاری هێرشەكانی روسیا بۆ سەر خۆی كەمتر بكاتەوە.