وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکان دەدەینەوە
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هێزەکانیان دەبوو وەڵامی هێرشەکان بدەنەوە، ئاماژە بەوەشدەکات لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردووەوە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانیان بەردەوامی هەیە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەدوای هێرشەکەی ئەمشەوی شاری بەغدا کە ئۆتۆمبێلێک لە ناوچەی مشتەل کرایە ئامانج و دوو سەرکردەی حزبوڵڵای عێراقی و دوو پاسەوانیان کوژران، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هێزەکانمان لە ناوچەکە دەبوو وەڵامی هێرشەکان بدەینەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد "لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆسەر هێزەکانمان لە عێراق و سوریا و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە".
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەشڵێت "ئێمە نامانەوێت ئاڵۆزی لە ناوچەکە دروست ببێت و ئەمەریکا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە بەرامبەر ئاسایشی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها ئاگربەست کۆتایی بە گرژییەکان دەهێنێت".
ئەمشەو چوارشەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ گروپە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرایانکرد لە ناوچەی مەشتەلی بەغدا ئۆتۆمبێلێک تەقیوەتەوە، هەروەها بەشێک لە میدیا عێراقییەکانی دیکە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو ئۆتۆمبێلە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکاوە کراوەتە ئامانج و چوار کوژراوی لێکەوتووەتەوە، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی تێدا بووە.
هاوکات میدیای کەتائبی حزبوڵڵای عێراقی ڕایگەیاندووە "ئەبو باقر ئەلساعدی و ئەرکان ئەلعلیاوی، کە دوو فەرماندەی حزبوڵڵان و بەرپرسن لە گواستنەوەی چەک و ئۆپەراسێۆنەکانی دەرەوە، لە هێرشەکەی ناوچەی مەشتەلدا کوژران".