ئەگەری جێگرەوەی پوتینە؛ «تەنانەت لەمامۆستاکەی مەترسیدارترە»

2 مانگ لەمەوپێش



کامەران ئەحمەد سلێمان

نیکۆلای پاتروشێڤ بەبۆچوونە رادیکاڵەکانی ناسراوە، بەتایبەتی پشتگیریکردنی لەهەڵوەشاندنەوەی ئۆکرانیا، گومانی ئەوەی لێدەکرێت فەرمان و داڕێژەری تیرۆرکردنی یەڤگینی پریگۆژین بێت. ساڵانێکی زۆرە راوێژکاری پوتین و یەکێکە لەکارمەندە دڵسۆزەکانی. لەسێبەری کرێملیندا کاردەکات، بەپشوو درێژییەوە چاوەڕوانی کاتەکانی دەکات، لەئێستا لەڕۆڵی خۆی زۆر رازییە «ئەو پیاوەی بەگوێی پوتیندا چرپە دەکات».

لەئێستادا نیکۆلای پاتروشێڤ سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی روسیایە، رۆڵێک کاریگەرییەکی بەرچاوی پێدەبەخشێت لەکرێملین. پەیوەندییەکەی لەگەڵ پوتین دەگەڕێتەوە بۆ هاوکارییەکانیان لەساڵی ١٩٩٨ لەناو حکومەتی بۆریس یێڵسین سەرۆکی ئەوکاتی روسیا. پەیوەندییەکانیان بەهێزتر بوو کاتێک پوتین لەساڵی ٢٠٠٠ بوو بەسەرۆک و پاتروشێڤ وەک جێگری بەڕێوەبەری FSB کەدەزگای هەواڵگری رووسیا دەستنیشانکرا.

هەردوو پیاوەکە رابردوویەکی هاوبەشیان هەیە وەک سیخوڕی کەی جی بی، هەرچەندە کەسایەتییان جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە. پاتروشێڤ بەدڵخۆش و سۆزدار وەسف دەکرێت، بەپێچەوانەی پوتین کەدوورەپەرێزە. تەنانەت هەندێک بە “شەیتانی سەر شانی پوتین” ناوی دەبەن. بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی و جیهانبینی پیلانگێڕییەکەی بووە هۆی ئەوەی پاتروشێڤ نازناوی « بازەکەی کرێملین»ی پێبدرێت.

بەپێچەوانەی هەندێک لەئەندامانی نوخبەی رووسیا، پاتروشێڤ لەبنەماڵەیەکی سیاسی و گروپی دەسەڵاتدارەوە نەهاتووە. باوکی ئەفسەرێکی دەریایی و ئەندامی حزبی شیوعی بووە، بەزیرەکی و رێزگرتن لەژێردەستەکانی ناسراوە.

پاتروشێڤ رەخنەگرێکی ماندوونەناس و توندی رۆژئاواوو ئەمریکایەو هاوپەیمانەکانی تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵی پاراستنی باڵادەستی جیهانی دەدەن. ئەو ململانێیەی ئۆکرانیا بەدەربڕینی ئەم ستراتیژە دەبینێت و دەڵێت سەرکردەکانی ئەمریکا هەوڵی لاوازکردنی رووسیا دەدەن. هەروەها ناتۆ تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لەساڵی ٢٠٢٢ەوە هاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکرانیا پشتگیری لەشەڕی بەوەکالەت لەدژی رووسیا کردووە.

سەبارەت بەئۆکرانیا، پاتروشێڤ پاساو بۆ شەڕی رووسیا دەهێنێتەوە کەحکومەتی ئۆکرانیا بە “جنتا فاشیست” ناودەبات و تۆمەتباری دەکات بەبەکارهێنانی “تاوانبارانی نیونازی” بۆ ئۆپەراسیۆنی ناسەقامگیری. بانگەشە بۆ دابەشبوونی ئۆکرانیا دەکات بۆ چەند دەوڵەتێک.

زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە  پاتروشێڤ دەستی لە کوشتنی یەڤگینی پریگۆژیندا هەبێت  و بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن وۆڵ ستریت جۆرناڵەوە دەستکەوتووە، گومانی ئەوەی لێدەکرێت ئەو رووداوەکەی رێکخستبێت کە بووەهۆی کوژرانی سەرۆکی گروپی ڤاگنەر. کرێملین خۆی رەتیدەکاتەوە هیچ تێوەگلانێکی هەبێت لەکەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی پریگۆژین و نۆ کەسی دیکە، هەروەها پشتگیری لەتیۆری داهێنراوی رووداوێک دەکات کە بەهۆی نارنجۆکێکەوە لەناو فڕۆکەکەدا روویداوە.

 

سەرچاوە:

(تاکتیک) لەگەڵ دەزگاکانی ڕۆژنامەوانی Aaron Hostutler, U.S

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار