هاوڵاتی  باڵۆنێکی دیکەی چینی بەسەر ئاسمانی ئەمریکای لاتیندا دەسوڕێتەوە وچینیش دانی پێداناوە کە ئەو باڵۆنە هی چینە  وبۆ لێکۆڵینەوە وگۆڕانکاریەکانی کەشووهەوا نێردراوە بەڵام لە ڕێڕەی خۆیان لایانداوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ دووشەممە لە وەڵامی پرسیارەکانی سی ئێن ئێنی ئەمریکادا ڕایگەیاند، ئەو باڵۆنەی کە  بەسەر ئاسمانی ئەمریکای لاتین بینراوە هی چینە و بۆ تاقیکردنەوەی فڕین بەکارهاتووە؛ ئەمەش یەکەمجارە پەکین دان بەوەدا بنێت کە ئەو باڵۆنەی بەسەر دوو وڵاتی ئەمریکای لاتین بینراوە سەر بە چینە. ماو نینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین  لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئاساییدا ڕایگەیاند، باڵۆنەکە "بە جددی لایداوە" لە ڕێڕەوی پلان بۆ داڕێژراوی خۆی و "بە هەڵە" چوونەتە ئاسمانەکانی سەر ئەمریکای لاتین و کاریبی بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا و سنوورداربوونی توانای کۆنترۆڵکردنی باڵۆنەکە. ئاماژەی بەوەشکردووە، “چین وڵاتێکی بەرپرسیارە،  ئێمە هەمیشە بە توندی پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بووین، هەروەها هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە و بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵەمان لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە، ئەمەش هیچ مەترسییەکی بۆ سەر هیچ وڵاتێک دروست نەکردووە”. لەگەڵ ئەوەشدا هێزی ئاسمانی کۆڵۆمبیا و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی کۆستاریکا هەردووکیان پشتڕاستیان کردەوە کە هەفتەی ڕابردوو باڵۆنێکی چاودێری سپی هاوشێوەی ئەو باڵۆنەی کە بەسەر ئەمریکادا بینرابوو لە ئاسمانی خۆیاندا بەدواداچوونیان بۆ کراوە، هەرچەندە هۆکاری ئەو باڵۆنەیان بۆ چین نەگەڕاندەوە. هاوکات ئەمە دووەم باڵۆنی چینیە کە پەکین بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەهۆی کەشوهەواوە لە ڕێڕەوی خۆی دوورکەوتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا ڕۆژی شەممە باڵۆنێکی سیخوڕی چینی گومانلێکراوی خستە خوارەوە کە بۆ چەند ڕۆژێک بەسەر کیشوەری ئەمریکادا فڕیبوو.  

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، زیاتر لە 300 سەربازی ڕوسیا لە ئەرکدان بۆ هاوکاری کردنی قوربانیەکانی سوریا. وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دە یەکەی سوپای ڕوسیا بە کۆی گشتی دەکاتە زیاتر لە 300 سەرباز لە پاککردنەوەی پاشماوەکان و هاوکاریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردن لە سوریا لەدوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی سوریا بەشدارن. بەگوێرەی بەیاننامەکە، سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری ڕوسیا "فەرماندەی (هێزەکانی) ڕوسیای لە سوریا ڕاسپاردووە کە هاوکاری قوربانیەکان بکەن. وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، سەربازانی ڕووسیا بە شێوەیەکی سەرەکی لە شارەکانی حەلەب، حەما و لازقیە هاوکاری دەکەن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، ئەو سەربازانە سەرقاڵی پاککردنەوەی پاشماوەکان و گەڕان بەدوای قوربانییەکان و دابینکردنی هاوکاری پزیشکی بۆیان، هاوکات سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەمە ڤلادمێر پوتنی سەرۆکی ڕوسیاش بەڵێنیدا  بە سەرۆکی  تورکیا و سوریا کە هاوکار دەبێت زیانی بومەلەرزەکان.

هاوڵاتی لەدوای بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کە بە شێوەیەکی سەرەکی باکوور و رۆژئاوای کوردستانی هەژاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەیی بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان و کەسوکاری قوربانییان دەردەبڕێت. رۆژی دووشەممە 6ی شووباتی 2023، یانێز لێنارچیچ، کۆمیسیاری ئەوروپا بۆ وەڵامدانەوەی قەیران لە تویتێکدا نووسی، "لەدوای بوومەلەرزەکەی ئەم بەیانییەی تورکیا، میکانیزمی پاراستنی سڤیلی یەكێتیی ئەوروپامان چالاککرد." لێنارچیچ گوتیشی، ناوەندی هاوئاهەنگیی وەڵامدانەوەی ئیمێرجێنسیی یەکێتیی ئەوروپا هاوئاهەنگی لەنێوان وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپادا دەکات بۆئەوەی تیمەکانی رزگارکردن و بەهاناوەچوون بنێردرێنە تورکیا و باکووری کوردستان، دەشڵێت، تیمەکانیان لە هۆڵەندا و رۆمانیاوە "بەڕێوەن" بۆئەوەی یارمەتی پێشکێش بکەن. هاوکات، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە تویتێکدا نووسیویەتی، "دیمەنی تۆقێنەرمان لە تورکیا و سووریاوە پێدەگات لەدوای بوومەلەرزەیەک بە گوڕێکی پێشتر نەبیندراو."  گوتیشی، فەرەنسا ئامادەیە "هاوکاریی ئیمێرجێنسی" بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە بنێرێت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە. جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەڵێت، لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی باکووری کوردستان، تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەربڕی. ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش لە تویتێکدا وێڕای سەرەخۆشی و هیوای چاکبوونەوەی برینداران، رایگەیاند، "بەریتانیا ئامادەیە بۆئەوەی بە هەر جۆرێک بێت هاوکاری پێشکێش بکات." لای خۆشیەوە، ئەحمەد ئەبو ئەلغێت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پاڵپشتی و هاوکاریی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بکەن لە بەرامبەر "ئەو کارەساتە مرۆییەی رووبەڕووی بووەتەوە." هەروەها هەردوو وڵاتان ئۆکرانیا و ڕوسیا هاوکاری خۆیان بۆ زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکە ڕاگەیاند، رووسیا دەڵێت، ئامادەن دوو فڕۆکە بنێرنە تورکیا بۆئەوەی لە هەڵمەتی رزگارکردندا هاوکارییان بکەن. هەروەها ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش لە تویتێکدا وێڕای سەرەخۆشی و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران، نووسیویەتی، "لەم کاتە سەختەدا ئێمە لەگەڵ گەلی تورکیا دەوەستین و ئامادەین هاوکاریی پێویست دابین بکەین بۆ دەربازبوون لە کاریگەرییەکانی کارەساتەکە."  

هاوڵاتی کۆشکی سپی :ئەمریکا بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریاوە "زۆر نیگەران بووە. ئامادەین هەر هاوکارییەکیان پێ بگەیێنین." رۆژی دووشەممە 6ی شووباتی 2023 کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمریکا بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریاوە "زۆر نیگەران بووە. ئامادەین هەر هاوکارییەکیان پێ بگەیێنین." کۆشکی سپی دەشڵێت، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاژانسی ئەمریکای بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی USAID و هاوبەشەکانی دیکەی فیدراڵی راسپاردووە بۆئەوەی هاوکاریی ئەو کەسانە بکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە. لای خۆیەوە جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە تویتێکدا نووسیویەتی، "ئەمریکا بەهۆی بوومەلەرزەکەی سووریا و تورکیاوە زۆر نیگەران بووە." دەشڵێت، لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەسەر هێڵە و ئامادەیی ئەمریکای پێ راگەیاندوون کە "هەر هاوکارییەکیان پێویست بوو پێیان بگەیێنین." راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەشڵێت، "بەردەوام دەبین لەوەی لە نزیکەوە بە هاوئاهەنگیی تورکیا چاودێریی دۆخەکە بکەین."

هاوڵاتی وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی رێزنیکۆف ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، ئۆکرانیا چەکی دوور مەودا کە لە لایەن ئەمریکاوە پێیاندراوە بەکارناهێنێت  بۆ لێدانی خاکی ڕووسیا و تەنیا یەکەکانی ڕوسیا لە خاکی داگیرکراوی ئۆکرانیا بە ئامانج دەگرێت. ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی دووپاتیکردەوە  موشەکێکی نوێ کە مەودای لێدانی ئۆکرانیا دوو ئەوەندە دەکات بەشێکە لە یارمەتییە سەربازییەی بە بڕی  2.175 ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ یارمەتیدانی کیڤ لە شەڕی گەڕانەوەی هێزەکانی ڕووسیادا لەخۆ دەگرێت.   وتیشی ،"ئێمە هەمیشە بە فەرمی ڕایدەگەیەنین، کە ئەو چەکانە بەکارناهێنین کە لەلایەن هاوبەشە بیانیەکانەوە دابین دەکرێن بۆ ئەوەی خاکی ڕوسیا بکەینە ئامانج بەڵکو ئێمە تەنها لە یەکەکانی ڕووسیا تەقە دەکەین لە خاکی ئۆکرانیادان ". ئەم قسانەی ریزینیکۆف لە کاتێکدایە دیمیتری مێدڤدێڤ، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی فیدراسیۆنی روسیا له‌ چاوپێکەوتنێکدا ،لەگەڵ ڕۆژنامەنووس نادانا فریدریخسۆن ڕایگەیاند،"دابینکردنی چەکەی پێشکەوتوو زیاتربۆ ئۆکراینا تەنها دەبێتە هۆی زیاتر کردنی گرژییەکان و هەموو ئۆکرانیا دەسوتێت".

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل کە لە سەرەتای شەڕی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا بە کورتی وەک نێوەندگیر لە نێوان ئەو دوو وڵاتە کاری کردووە دەڵێت بەڵێنێکی لە سەرۆکی ڕووسیاوە پێدراوە کە هاوتا ئۆکرانییەکەی نەکوژێت. نەفتالی بینێت سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائل  لە هەفتەی یەکەمی جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا وەک نێوەندگیرلە نێوان ئەو دوو وڵاتە  دەرکەوت و بوو بە یەکێک لە چەند سەرکردەیەکی ڕۆژئاوا کە هەستا بە بینینی  ڤلادیمیر پوتین لە کاتی جەنگدا لە گەشتێکی خێرادا بۆ مۆسکۆ لە مانگی ئاداری ڕابردوودا،لە کاتێکدا هەوڵی نێوەندگیری بینێت وا دەردەکەوێت کە کەم کاری کردووە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو خوێنڕشتنەکە کە تا ئەمڕۆ بەردەوامە، لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە کۆتایی ڕۆژی شەممەدا بڵاوکراوەتەوە، ڕووناکی خستەسەر دیبلۆماسیەتی ژوورە داخراوەکان و هەوڵە بەپەلەکان بۆ کۆتایهێنان بە ناکۆکییەکەو گەیشتن بە چارەسەر لە سەرەتای ڕۆژەکانی هەڵگیرسانی چەنگەکەدا. لە چاوپێکەوتنە پێنج کاتژمێریەکەدا، کە دەستی لە چەندین بابەتی گرنگ دا، بێنێت دەڵێت پرسیاری لە پوتین کردووە کە ئایا بەنیازە ڤۆلۆدیمەر زیلنسکیی سەرۆکی ئۆکرانیا بکوژێت یان نا. بێنێت: من پرسیارم لە پوتین کرد ' ئەمە چیە؟ ئایا تۆ پلانت داناوە بۆ کوشتنی زیلینسکی؟ ئەو وتی "من زیلینسکی ناکوژم" پاشان بە ئەوم گوت: "دەبێت بەڵێنی ئەوەم بدەیتێ کە زیلینسکی ناکوژیت" ئەو وتی من زێلێنسکی ناکوژم". بینێت وتی کە دواتر پەیوەندی کردوە بە زیلینسکی بۆ ئاگادارکردنەوەی لە پەیمانەکەی پۆتین. وتیشی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا بە زیلینسکیم گوت: گوێبگرە، من لە کۆبونەوە بووم لەگەڵی  ئەو تۆ ناکوژێت ،زیلینسکیش پرسی: دڵنیایت؟ من وتم '100٪ ئەو تۆ ناکوژێت''. بێنێت، سەرکردەیەکی زۆر نەویستراوی ئیسرائیلە کە تەنها بۆ ماوەی شەش مانگ وەک سەرۆک وەزیران خزمەتی کردووە کاتێک جەنگەکە هەڵگیرسا، بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو خۆی ڕاپێچی دبلۆماسی نێودەوڵەتی کرد دوای ئەوەی ئیسرائیلی خستە ناو زەمینەیەکی نائاسوودەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا. هاوکات،ئیسرائیل پەیوەندیە باشەکانی لەگەڵ کرێملین لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران بە ستراتیجی دەزانێت بەڵام خۆی لەگەڵ گەلانی ڕۆژئاوا هاوچەشن دەکات و هەروەها بەنیازە پشتیوانی بۆ ئۆکرانیا نیشان بدات. جێگەیباسە حکومەتی بێنێت، کە  کە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئێستای نارد بۆ ناو دوورخستنەوەیەکی سیاسی کورت، لە هاویندا بەهۆی شەڕکردنەوە ڕووخا. بێنیت لە سیاسەت دوورکەوتەوە و ئێستا هاوڵاتیەکی تایبەتییە.

هاوڵاتی بەڕێوبەرایەتی بایدن ستایشی پنتاگۆنی کرد بۆ ئەوەی لە ڕۆژی شەممە باڵۆنێکەکەی چینی لە کەنار ئاوەکانی کالیفۆڕنیا خستە خوارەوە و لە وڵامی ئەمەدا چین ناڕەزای خۆی دەربڕی و بە ناپێویستی زانی هاوکات   گوتی  "وەڵامدانەوەی پێویستیان " دەبێت. باڵۆنە چینییەکە، کە ئەمریکا بە "سیخووڕی" تۆمەتباری دەکرد، ئێوارەی رۆژی شەممە خرایەخوارەوە. لەو بارەیەوە پێنتاگۆن رایگەیاند باڵۆنەکە بە فڕۆکەیەکی شەڕکەری جۆری F-22 کراوەتە ئامانج و خراوەتە خوارەوە. پێنتاگۆن ئەوەشی نەشاردەوە، باڵۆنەکە بووەتە هۆی هەڵکشانی گرژی لەنێوان واشنتن و پەکین.  مشتومڕەکە لە ڕۆژی پێنجشەممەدا دروست بوو، کاتێک بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان کە ئەوان بەدوای باڵۆنێکی گەورەی چینیدا دەگەرێن لە ئاسمانەکانی ئەمریکا و ڕایانگەیاند بۆ مەبەستی سیخوڕی لە ئاسمانی ئەمریکایە لە کاتێکدا چین لە وڵامی ئەمەدا ڕایگەیاند کە بەهۆکاری کەشوهەوا ئە باڵۆنە چۆتە ئاسمانی ئەو وڵاتەوەو بە مەبەست نەبووە. دواجاربە هۆی ئەو گوشارو ڕەخنانەی کرایە سەر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا  ئانتۆنی بلینکن لە ڕۆژی هەینی گەشتێەکەی کە بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجامی بدات بۆ ئەو وڵاتە هەڵیوەشاندەوەو ئەمەش گرژییەکانی زیاتر کرد. لەم بارەیەوە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا خستنەخوارەوەکەی بە "ئەنقەست و یاسایی" ناوبرد کە لە وەڵامی "پێشێلکردنی قبووڵنەکراوی سەروەرییەکەمان لەلایەن چینەوە" هاتووە.  هاوکات وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت، ئەوان "بەڕوونی" داوایان لە ئەمریکا کردبوو بۆ ئەوەی "بەشێوەیەکی گونجاو، لەسەرخۆ و پرۆفێشناڵانە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکەدا بکەن،" بەڵام وەکو خۆی دەڵێت ئەمریکا "رژد بوو لەسەر ئەوەی هێز بەکاربهێنێت." وەزارەتی دەرەوەی چین هۆشداریش دەدات لەوەی "چین بەشێوەیەکی تووند پارێزگاری لە ماف و بەرژەوەندییە رەواکانی دەکات و مافی ئەوەشی هەیە وەڵامی پێویستی زیاتریش بداتەوە". 

هاوڵاتی  بەپێی بەیاننامەیەکی سوپای پاکستان، جەنەڕاڵ پەروێز موشەڕەف، سەرۆکی پێشووی پاکستان، دوای نەخۆشییەکی درێژخایەن لە تەمەنی ٧٩  ساڵیدا لە نەخۆشخانەی ئەمریکی دوبەی، لە دوبەی کۆچی دوایی کرد. لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ  بەرپرسانی باڵای سەربازی "سەرەخۆشی لە دڵەوە"یان سەبارەت بە "کۆچی دوایی  ژەنەڕاڵ پەروێز مشەڕەف" دەربڕی. پەروێز موشەڕەف، ئەو ژەنەراڵە چوار ئەستێرەیەی پاکستان بوو  کە بۆ ماوەی نزیکەی دە ساڵ حوکمڕانی پاکستانی کرد، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٩ بە کودەتایەک  دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، دوای ساڵانێک مانەوە بەنەخۆشی کۆچی دوایی کرد. هاوکات لە ساڵی ٢٠١٣ دا دادگای پاکستان بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ پەروێز شەریف دەرکرد، ئەوەش بەتۆمەتی خیانەتی مەزن ودەستکاریکردنی دەستوری پاکستان. پەروێز موشەرەف لەساڵی ٢٠٠٧یشدا بەهۆی لەکارخستنی دەستور و ڕاگەیاندنی باری نائاسایی ، بۆیە هۆکاری ئەوەی لەساڵی ٢٠٠٨ دا لەژێر فشاری پارتی گەلی پاکستان ویەکێتی موسڵمانان دەست لەکاربکێشێتەوە.

 

هاوڵاتی فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی یابان سکرتێرێکی خۆی لەکارەکەی دوورخستەوە، ئەوەش بەهۆی لێدوانەکانی دژی هاوڕەەزخوازەکان کە فومیۆ کیشیدا بە " ڕق و توڕەیی" وەسفی کردووە. فومیۆ کیشیدا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیارم دا وەک سکرتێر لەکارەکەی دووری بخەمەوە، هەروەها وتیشی  لێدوانەکانی ماسایۆشی ئارای، کە تێیدا وتی "تەنانەت نایەوێت سەیری" هاوسەرگیری هاوڕەگەزبازەکان بکات، "توڕەیی و ڕق " و "ناتەبا"ی  لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی گشتگیر درووستەکات  کە حکومەت ئامانجی کۆمەڵگەیەکی فرەجۆر وگشتگیرە. ڕۆژی هەینی، ماسایۆشی  ئارای، بەرپرسێکی ئابووری و بازرگانی کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا وەک سکرتێر پەیوەندی بە ستافی کیشیدا کردبوو ، وتی "پێی ناخۆشە ئەگەر لە تەنیشت ماڵەوەکەیەوە بژین" و خەڵک واز لە وڵات دەهێنن ئەگەر ڕێگە بە هاوسەرگیری هاوڕەگەزبازان بدەین".  ماسایۆشی ئارای  تەمەن 55 ساڵ، دوای ئەو لێدوانانەی  داوای لێبوردنیشی کرد و ڕایگەیاند، لێدوانەکانی گونجاو نین، تەنانەت ئەگەر بۆچوونی تایبەتی خۆی بێت. لێدوانەکانی ئارای دوای ئەوە هاتبوو کە کیشیدا لە پەرلەمان ڕایگەیاندبوو کە هاوسەرگیری هاوڕەگەزبازان پێویستی بە ڕەچاوکردنی ورد هەیە بەهۆی ئەو کاریگەریانەی کە دەکرێت هەیبێت  لەسەر پێکهاتەی خێزانەکە. ئەمە لەکاتێکدایە، سەرۆکوەزیرانی یابان لەماوەی ساڵی ڕابردوودا چەندین سکرتێری خۆی لەکارەکەی دوورخستۆتەوە بەهۆی پەسەندنەکردنی کارەکانیان.

هاوڵاتی  کۆمیته‌ی داکۆکی له‌ماف و ئازادییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق پیرۆزبایی له پارێزه‌ری زیندانییانی بادینان (به‌شدار حه‌‌سه‌ن) ده‌‌كات. کۆمیته‌ی داکۆکی له‌ماف و ئازادییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ هاوڵاتی ناردوە دەڵێت: سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو فشار و هێنان و بردنه‌ی دادگای هه‌ولێر، سه‌ره‌ڕای بڕیاره‌ ناڕه‌وا و‌ نایاسایی و نادادوه‌رییه‌کانی، سه‌ره‌ڕای بێبه‌‌ڵگه‌یی و ناپیشه‌یی دادوه‌ر و دادگاکان، دواجار له‌ سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا مه‌دالیای د‌‌ه‌ستخۆشی، شکۆ و شانازی درایه‌ سه‌رۆکی گروپی پارێزه‌رانی داکۆکیکه‌رانی زیندانییانی بادینان کاک (به‌شدار حه‌سه‌ن). ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە: ئەم خەڵاتە جیھانییە، نیشانەی شکستی کابینە پۆلیسیەکەی نۆیەمە لەپرۆسەی ئازادی و دیموکراسی. هەر لە بەیاننامەكەدا هاتوە؛ كە ئەمە پەیامێکە بۆ ئازادیخوازان و بەرەی ناڕازی، کە ئەمریکا و جیھان پشتگیریتان دەکات، چۆن پێش مانگێکیش خەڵاتی جیھانی رۆژنامەنوسی ئازاد بە خاتون نیاز عەبدوڵا بەخشرا، واتە دەسەڵاتی ھەرێم مەترسییە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی، ئەمەش نمونەی ئەو ڕژێمانەمان لەبیر دێنێت کە پێش کەوتنیان کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن و یاخییەکانیان خەڵات دەکرێن. ئاشكراشیكردوە: ئێمه‌ وه‌ک کۆمیته‌ی داکۆکی له‌ ماف و ئازادییه‌‌کانی باشوری کوردستان، وه‌ک گروپێک، که‌ به‌شدارییه‌کی که‌م یان زۆرمان له‌‌ له قاودانی بڕیاره‌کانی دادگاکه‌، ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ نادادپه‌وه‌ره‌ییه‌کانی دانیشتنه‌کانی داگاکاندا هه‌بوه، به‌ پێویستی ده‌زانین له لێره‌وه پیرۆزبایی گه‌رمی خۆمان به‌ به‌‌شدار حه‌‌سه‌ن و ته‌واوی ئه‌ندامانی گروپی پارێزه‌رانی داکۆکیکه‌رانی ‌زیندانییانی بادینان بکه‌ین. هه‌ر خودی ئه‌م مه‌دالی پێدان و بانگهێشته‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا بۆ ناوبراو، گه‌واهیده‌ری ئه‌وه‌یه‌، که ئه‌و بڕیار و پرۆسه‌یه‌ی داگاکانی هه‌ولێر، نادادپه‌روه‌ریانه‌ و ناپیشه‌ییانه‌ بوون و هیچ هێزێکی یاسایی و دادوه‌رییان تێدا نییه‌‌، هه‌روه‌ها هیچ به‌هایه‌کی ڕه‌وایی و دادگه‌رییان تێدا ڕ‌ه‌چاو نه‌کراوه‌.

هاوڵاتی دامەزراوەی ویکیمیدیا ئەمڕۆ ڕایگەیاند، دەسەڵاتی  پەیوەندیەکانی پاکستان ویکیپیدیای لەو وڵاتە قەدەغەکردووە بە بیانووی هەبوونی " ناوەڕۆکی دژ بە پیرۆزیە ئاینیەکان" ئەمڕۆ لە ڕاگەێندراوێکدا دامەزراوەی ویکیمیدیا کە ویکیپیدیا بەڕێوەدەبات ئاماژەی بەوەدا دەسەڵاتی پەیوەندیەکانی پاکستان ماڵپەڕی ویکیپیدیایی بەهۆی " ناوەڕۆکی دژە ئاینیی" داخستووە، هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە داوایان لە دەسەڵاتدارانی پاکستان کردووە ڕێگەبدەن هاوڵاتیان دەستیان بە ماڵپەڕەکە بگات.  دامەزراوەی ویکیمیدیا وتیشی"هیوادارین حکومەتی پاکستان لەگەڵمان بێت لە پابەندبوون بە زانین وەک مافێکی مرۆڤ و دەستڕاگەیشتن بە پڕۆژەکانی ویکیپیدیا و ویکیمیدیا بە خێرایی بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی پاکستان بتوانن بەردەوام بن لە وەرگرتن و هاوبەشکردنی زانیاری لەگەڵ جیهاندا". هەروەها هاوڵاتیانی پاکستان و داکۆکیکارانی ئازادی لە  پاکستان رەخنەیان لە بڕیارەکە گرت و بە " دواکەوتوانە " ناوزەندیان کرد، هاوکات باسیان لەوەشکرد ئەو بڕیارە جێگای شەرمەزاریە بۆ وڵاتەکە لە وێنەی جیهانیدا. پاکستان لە ساڵی ٢٠١٢ تا ٢٠١٦ یوتیوبی بلۆک کرد دوای ئەوەی فیلمێکی لەسەر پێغەمبەر محەمەد تێدابڵاوبۆیەوە، کە بووە هۆی ناڕەزایەتی توندوتیژی لە سەرانسەری جیهانی موسڵمانان، لەگەڵ ئەوەشدا تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکیشی بەهەمان بیانووی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی دژە ئاینی بلۆک کرد، بەڵام دواتر بلۆکەکەی لەسەر لابردن. هاوکات لەماوەی ساڵی ڕابردووشدا چەندین جار تیکتۆکیان لە وڵاتەکە قەدەغە کرد، ئەوەش بە بیانووی هەبوونی ناوەڕۆکی " ناشایستە" و " نا ئەخلاقی"..

هاوڵاتی پۆلیسی هیندستان  لە ئەسام کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی هیندستان  زیاتر لە 1800 پیاویان بە تۆمەتی هاوسەرگیری یان ڕێکخستنی هاوسەرگیری لەگەڵ کچانی خوار هەژدە ساڵ دەستگیر کردووە لە هەڵمەتیکدا کە ڕۆژی هەینی لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە دەستپێکرا. هیمانتا بیسوا سارما بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، پۆلیس شەوی پێنجشەممە دەستی بە دەستگیرکردنەکان کرد و جگە لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی هاوسەرگیرییان لەگەڵ کچانی خوار هەژدە ساڵکردووە ئەو کەسانەش دەستگیرکراون کە یارمەتی ئەنجامدانی ئەمجۆرە هاوسەرگیرییەن داوە لە  پەرستگا و مزگەوتەکاندا. وتیشی: "هاوسەرگیری منداڵان هۆکاری سەرەکی دووگیانی منداڵانە، کە ئەمەش هۆکاری بەرزبونەوەی ڕێژەی مردنی دایک و منداڵە". هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەی ئەوە دەکات کە ئەو وڵاتە گەورەترین ژمارەی بووکی منداڵی تێدایە لە جیهاندا بە نزیکەیی 223 ملیۆن منداڵ کە هاوسەرگیرییان کردووە لە خوار تەمەنی 18ساڵەوە. هەروەها ئاژانسی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان یونیسێف لە ڕاپۆرتێکی ساڵی 2020دا ڕایگەیاند، ساڵانە نزیکەی 1.5 ملیۆن کچی منداڵ پێشبوون بە هەژدە ساڵ  لەوێ هاوسەرگیری دەکەن. سەرما، وتیشی:" لە موسڵمانانەوە بۆ هیندۆس و مەسیحی و هۆزەکان بۆ ئەوانەی کە سەر بە کۆمەڵگاکانی باخچەی چاین، پیاوانێک هەیە لە هەموو باوەڕەکان و کۆمەڵگەکان کە بە تاوانی ئەو تاوانە کۆمەڵایەتیە قێزەونە دەستگیرکراون" ئاماژەی بەوەشدا کە هاوسەرگیری خوار هەژدە ساڵ لەو وڵاتە بە پێی یاسا قەدەغە کراوە بەڵام هێشتا بە ڕێژەیەکی زۆر ئەنجام دەدرێت.

هاوڵاتی ئۆکرانیاو ڕوسیا نزیکەی 200 زیندانی جەنگیان  لە ئاڵوگۆڕێکدا کە ڕۆژی شەممە بەجیا لەلایەن هەردوولاوە ئەنجامدرا ئازادکردو و تەرمی دوو خۆبەخشی بەریتانیش ڕەوانەی ئۆکرانیا کرایەوە. ئاندری یرماک سەرۆکی ئەرکانی ئۆکرانیا گوتی 116 ئۆکرانی گەڕاونەتەوە، هاوکات ئاژانسە هەواڵییەکانی ڕوسیا ئاماژەیان بە وەداوە وەزارەتی بەرگری مۆسکۆ ئازادکردنی  63 ڕووسی ڕاگەیاندووە. یرماک لە تێلیگرام نوسیویەتی: "ئێمە توانیمان 116 کەس لە گەلەکەمان ،بەرگریکارانی مەریوپۆل و پارتیزانەکانی خەرسەن و قەناسەکانی باخمووت و پاڵەوانەکانی دیکەی خۆمان بگەڕێنینەوە" یرماک گوتیشی "لاشەی کارمەندانی خۆبەخشی بەریتانی ئەندرو باگشاو و کریس پاری نێردراون بۆ ئۆکرانیا" باگشاو و پاری لە کاتی هەوڵی چۆڵکردنی مرۆییدا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کوژران. هاوکات وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند 63 سەربازی لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی زیندانی  لەگەڵ ئۆکرانیا گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە.  بەپێی ئاژانسەکان وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕاشیگەیاندووە، ئەو هاوڵاتییە ڕووسییە ئازادکراوانە کەسانی "جۆری هەستیار" لەخۆدەگرێت، کە ئاڵوگۆڕەکەیان لە ڕێگەی نێوەندگیریی ئیمارات ئەنجامدراوە. جێگەیباسە کۆتا ئاڵوگۆڕی زیندانیانی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە 31ی کانوونی یەکەمی 2022 ڕوویدا، کە تیایدا ڕووسیا 142  ئۆکرانی ئازاد کرد و ئۆکرانیاش 82 ڕووسی ئازاد کرد. هاوکات لە مانگی کانوونی دووەم، تاتیانا مۆسکالکۆڤا، خانمی ئۆمبۆدی ڕووسی وتی کە گفتوگۆکان بۆ ئاڵوگۆڕی زیاتری زیندانیانی جەنگ بەردەوام دەبێت.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە ڕۆژی هەینی گەشتێکی بەیجینگی دارێژراوی دوورودرێژی هەڵوەشاندەوە کە بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردووئەو وڵاتە زلهێزە بوو، دوای ئەوەی پنتاگۆن گوتی چین باڵۆنێکی سیخوڕی ناردۆتە  سەر ئاسمانی ویلایەتە یەکگرتووەکان. چەند ساتێک پێش بڕیارەکە، چین بەیاننامەیەکی لە  درەنگانی شەودا بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند  کە ئەوان نیگەرانن لە رووداوەکە و هۆکاری چوونی باڵۆنەکەی بۆ ئاسمانی ئەمریکا گەڕاندەوە بۆ ئاراستەی با، کە گوایە پاڵی بەو باڵۆنە "مەدەنییەوە" ناوە بۆ نێو سنووری ئەمریکا. بەڵام ئیدارەی جۆ بایدن باڵۆنەکەی بە "باڵۆنی سیخوڕی" ناوبرد و رایگەیاند، لە ئاسمانی نێوەڕاستی ئەمریکادایە.  بلینکن کە ڕووبەڕووی فشارێکی توند بووەتەوە لەسەر گەشتەکە لەلایەن پارتی کۆماری ڕکابەرەوە، بڕیاریدا سەردانە دوو ڕۆژییەکەی ڕۆژی یەکشەممەی بۆ چین دوابخات کە ئەمە یەکەم سەردانی ڕەسمی پلە باڵا ئەبوو لە نێوان ئەم دوو وڵاتە زلهێزە  لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2018 وە.  ئه‌نتۆنی بلێنكن، ڕاشیگەیاند، "له‌گه‌ڵ به‌رپرسی كاروباری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین قسه‌مانكرد و پێمراگه‌یاند كه‌ ئه‌نجامدانی كاری سیخوڕی به‌ به‌كارهێنانی باڵۆن هه‌نگاوێكی بێزراوه‌ و تێكدانی ئه‌و به‌ره‌وپێشچونانه‌یه‌ كه‌ له‌پێناو گه‌ڕاندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دولایه‌نییه‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پلانه‌كه‌م بۆ گه‌شتكردن له‌ كۆتایی هه‌فته‌دا بۆ چین دواده‌خه‌م".  ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئه‌م هه‌نگاوه‌ی چین تێكدانی به‌ره‌وپێشچونه‌ دولایه‌نییه‌كانی واشنتن و به‌یجینه‌ و زیانی زۆری به‌و گفتوگۆیانه‌ گه‌یاند كه‌ له‌ پلانماندا هه‌بو له‌ سه‌ردانه‌كه‌م بۆ چین له‌ باره‌یانه‌وه‌ بدوێین".  لەم بارەیەوە چین نیگەرانی خۆی ڕاگەیاندووەو دەڵێت، "لایەنی چینی بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنی ئەمریکی و بە شێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە چاوەڕواننەکراوەدا دەکات".