زانایان شێوەی ژنێکی نیاندەرتاڵ ئاشکرا دەکەن

7 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد

شوێنەوارناسان توانیان روخساری ژنێکی نیاندەرتاڵ دروستبکەن کە بە نزیکترین شێوەی مرۆڤ دادەنرێت، ئەو ژنە نزیکەی 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەشکەوتی شاندەر کە لە سنووری پارێزگای هەولێرە ژیاوە.

رۆژنامەی "ئیندیپێندنت"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، پاشماوەی ئێسک و پروسکی ئەو ژنە کە ناوی (شاندەر زد) بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2018 لە ئەشکەوتی شاندەر دۆزرایەوە، کە پێدەچێت ئەو ئەشکەوتە بۆ ناشتنی مردووەکان بەکارهێنرابێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لێکۆڵینەوەکان کە لە ساڵانی پەنجاکانەوە ئەنجامدراون دەریانخستووە کە نیاندەرتاڵەکان مردووەکانیان لەناو ئەو ئەشکەوتی شاندەر ناشتووە کە دەکەوێتە زنجیرە چیای زاگرۆس لە پارێزگای هەولێر، هەروەها رێوڕەسمی پرسەیان ئەنجامداوە بە دانانی گوڵ.

بەپێی ئەو بەڵگانەی لە ئەشکەوتەکە کۆکراونەتەوه، ئەوە پیشان دەدەن کە مرۆڤی نیاندەرتاڵ زۆر لە بوونەوەرە سەرەتاییەکان پێشکەوتووتر بووە و ئەو باوەڕەی پووچەڵکردەوە کە پێیان وابوو ئەو جۆرە مرۆڤە لەشێکی قەڵەو و  سیمای لە مەیمونەوە نزیکبووە.

هەرچەندە نیاندەرتاڵەکان کە پێدەچێت 40 هەزار ساڵ لەمەوبەر لەناوچووبن، کەلەسەریان زۆر جیاواز بوو لە کەلەەسەری مرۆڤی ئاسایی، بەڵام رووخساری بنیات نراوەی ئەم ژنە نیاندەرتاڵە کە پێدەچێت لە تەمەنی چلەکاندا بووبێت کاتێک مرد، ئەوە دەردەخات کە شێوەیان زۆر نزیک بووە لە مرۆڤێکی ئاسایی.

ئەم دۆزینەوانە لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریی نوێدا بە ناوی "نهێنییەکانی پیاوی نیاندەرتاڵ" ئاشکرا بوون کە لەلایەن بی بی سی بەرهەم هێنراوە و لەم دواییانەدا لەسەر پلاتفۆرمی نێتفلێکس بڵاوکراوەتەوە.

رۆژنامەکە لە زاری ئیما پۆمێرۆی، شوێنەوارناس لە زانکۆی کامبریجەوە نووسیویەتی “کەلەسەری نیاندەرتاڵ قەبارەی گەورەیە و چەناگەی نییە و لە روخساریاندا زیاتر لوتیان دەردەکەوێت".

پۆمێرۆی دەشڵێت "بەڵام ڕووخساری بنیات نراوەتەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم جیاوازییانە لەگەڵ ڕووخساری ئێستای مرۆڤ لە ڕاستیدا بوونیان نەبووە".

توێژەران دەڵێن، پاشماوەی ئەو ژنە، لەنێویاندا کەلەسەری تەختە و ئەستوورییەکەی نزیکەی 2 سانتیمەترە، لەنێو ئەو بەردبووانەی نیاندەرتاڵدا بە باشترین شێوە پارێزراون کە لەماوەی سەدەی ئێستادا دۆزراونەتەوە، هەروەها پێدەچێت دوای ماوەیەکی کەم لە مردنی کەلەسەری ژنەکە چەقێنرابێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی بەردەکان بەسەریدا کەلەسەری تەخت بووە.

توێژەرانی زانکۆی کامبریج دوای ئەوەی بە وریاییەوە پاشماوەی ئەو ژنەیان دەرهێنا، لەنێویاندا بۆ ئێسکەپەیکەرەکەی نزیکەی تا کەمەر، مادەیەکیان هاوشێوەی چەسپ بەکارهێنا بۆ بەهێزکردنی ئێسک و پاشماوەکەی، پاشان زاناکان زیاتر لە 200 پارچەی کەلەسەری ئەو ژنەیان کۆکردەوە بۆ ئەوەی بیگەڕێننەوە بۆ شێوەی سەرەتایی خۆی.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار