پارتی کاندیدی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنی دیاری کرد

2 كاتژمێر لەمەوپێش



پارتی، شاخەوان عەبدوڵڵای وەک کاندید بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد؛ هاوکات فەرهاد ئەتروشی کردە سەرۆکی فراکسیۆن. 

سیپان شێروانی، ئەندامی دەرچووی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025ـی فراکسیۆنی پارتی، بە سەرۆکایەتیی ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی؛ شاخەوان عەبدوڵڵا وەک کاندیدی پارتی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دیاری کرا، هاوکات فەرهاد ئەتروشی وەک سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکە دەستنیشان کرا. 

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان، لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ دەکەن، بۆ ئەوەی دەنگی پێویست بۆ سەرخستنی کاندیدی پارتی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کۆبکەنەوە. 

شێروانی ڕوونیشی کردەوە "چاوەڕێ دەکەین لە نێو ماڵی کوردی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەشدا کۆدەنگییەک هەبێت بۆ سەرخستنی کاندیدی پارتی، چونکە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی و زۆرینەی ڕەهای 50%+1 هەیە."

شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ جاری دووەمە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کاندید دەکرێت، بەوپێیەی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقیش، ئەو پۆستەی وەرگرتبوو. 

بڕیار بوو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت؛ بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاترمێر 01:00ـی نیوەڕۆ دواخراوە. 

لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرجەم ئەندامانی دەرچووی پەرلەمانی عێراق کە ژمارەیان 329 کەسە، سوێندی دەستووری دەخۆن. دواتر  دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و دواتر بۆ هەردوو جێگرەکەی دەکرێتەوە. هەڵبژاردنەکە بە شێوەی دەنگدانی نهێنی و ڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار