بافڵ تاڵەبانی: بەڵێنەکانی هەڵبژرادن دەبێت جێبەجێ بکەین
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ بەربژێرە سەرکەوتووەکانی یەکێتی بۆ پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە: ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکە خۆشەویستەکەمان داوە کاری لەپێشینەمانە و جێبەجێی دەکەین.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەربژێرە سەرکەوتووەکانی یەکێتی، ستراتیج و کارنامەی یەکێتی لە بەغداد تاوتوێدەکەن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد لەگەڵ بەربژێرە سەرکەوتووەکانی حیزبەکەی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، شێخ ئەحمەد حەمە کەریم و رزگار حاجی حەمە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئامادەیبوون، ستراتیژ و کارنامەی یەکێتی لە بەغداد خرایەبەر باس.
سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاندووە، ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکە خۆشەویستەکەمان داوە، کاری لەپێشینەمانە و جێبەجێی دەکەین، گوتوشیەتی، پێویستە نوێنەرەکانی یەکێتیش پارێزەری داوا و خواستەکانی هاوڵاتییان بن.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی نووسینگەکەی، بافڵ تاڵەبانی نوێنەرانی یەکێتیی راسپاردووە، لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال لە بەغداد کارەکانیان بکەن و هەموو هەوڵەکانیان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک بێت.
