ڕوانگەی سوری: لەساڵی 2025ەوە داعش 13 هێرشی کردووەتە سەر هەسەدە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ (SOHR) بڵاویکردەوە، لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2025ەوە، تا ئێستا، 13 هێرشی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تۆمار کراون.

دەشڵێت: لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا 5 ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کوژراون، کە فەرماندەیەکیان تێدایە، هەروەها 6 ئەندامی دیکەیان بریندار بوون کە یەکێکیان فەرماندەیە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕوانگەکە کە بڵاویکردووەتەوە، شانە نهێنییەکانی داعش زنجیرەیەک هێرشیان لە پارێزگاکانی دێرەزوور و حەسەکە ئەنجامداوە، تێیدا چەکدارانی هەسەدە و دامەزراوە نەوتی و سەربازییەکانیان کردووەتە ئامانج.

وردەکاری ئۆپەراسیۆنەکان و زیانەکان:
ڕوانگەکە ئاماژەی بەوە کردووە 13 ئۆپەراسیۆنەکە بەم شێوەیە بوون؛ لە حەسەکە دوو ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کوژراون. لە دێرەزوور سێ ئەندامی هەسەدە (فەرماندەیەکیان تێدایە) کوژراون، هەروەها شەش سەربازی دیکە بریندار بوون یەکێکیان فەرماندەیە. هەروەها دەشڵێت: لەم ڕووبەڕووبوونەوانەدا دوو ئەندامی داعش کوژراون و یەکێکی دیکەشیان بریندار بووە.

ڕوانگەی سووری جەخت دەکاتەوە؛ ئەم هێرشانە نیشاندەری بەردەوامی و پەرەسەندنی ئەو هەڕەشە ئەمنیانەیە کە داعش لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا دروستی دەکات.

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، کۆنترۆڵی ناوچەیەکی بەرفراوان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن، کێڵگە گرنگەکانی نەوت و گازی تێدایە. ئەم هێزە لە ساڵی 2019دا، توانی بە هاوکاری هاوپەیمانان کۆتایی بە دەسەڵاتی مەیدانی داعش لە دوایین مۆڵگەکانی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا بهێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار