هاتوچۆى لە دەروازەى کێلێ ڕاگیراوە 30 سانتیم بەفرباریوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



بەهۆی بەفربارینەوە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هاوردەکردنی کاڵا، هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەى کێلێ ڕاگیراوە، بارهەڵگرێکیش خلیسکا و وەرگەڕا، لە ئەنجامدا گڕی گرت شۆفێرەکەی بریندار بوو.

لە دەروازەى کێلێ تاوەکو ئێوارەى ئەمڕۆ 20 بۆ 30 سانتیمەتر بەفرباریوە. خدر سەیدا، جێگرى بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەڕین بە کەناڵ8ـى گوت "لە هەردوو دیوى ڕۆژهەڵات و باشوورى هاتوچۆ لە دەروازەکە داخراوە و لەگەڵ ئەوەى تیمەکان سەرقاڵى پاککردنەوەى ڕێگاکەن، بەڵام ڕێژەى دابارین زۆرە و فریا ناکەون بەتەواوى ڕێگەکە پاکبکەنەوە".

جێگرى بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەڕین ڕاشیگەیاند، ژمارەیەک شۆفێری بارهەڵگری دەروازەى کێلی لەسەر سنوور گیریان خواردووە تیمەکان هەوڵدەدەن لە زوووترین کات بگەنە لایان.

هەر بە کاریگەرى بەفربارینەکە، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە ڕێگای دەروازەى کێلێ کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە وەرگەڕاوە پاشان گڕى گرت و شۆفێرەکەى بریندار بوو.

د. ئازاد ئەحمەد بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى فێرکارى قەڵادزێ بە کەناڵ8ى گوت، شۆفێرى ئۆتۆمبێلەکە خەڵکى قەڵادزێیە و لە نەخۆشخانەى فریاکەوتنى شارەکە چارەسەر وەردەگرێت و تەندروستى جێگیرە.

دەروازەى کێلێ دەکەوێتە باکووری ڕۆژھەڵاتی قەڵادزێ و هاوسنووری شاری سەردەشتى ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، دەروازەکە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێوەدەکرێت و ساڵانە سەدان گەشتیار لەو ڕێگەیەوە ھاتوچۆ دەکەن.

شەپۆلی بارینی بەفر و باران زۆرینەى ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و کەشناسى پێشبینى کردووە لەم شەپۆلەدا بەفر لە ناوەندى چەند شار و شارۆچکەیەک ببارێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار