لەتەنیشت دواقسەی ساڵدا بائەمەش بێژم کەمانچەکەی ئەنوەر مەشکێنن!

3 كاتژمێر لەمەوپێش



فارس نەورۆڵی

هەرجارەو بەجۆرێک و بەبیانویەک هونەرمەندێک یان وەرزشکارێک دەشکێنن، ئەمەش تەنها بۆ ئیرەیی و ڕق و کینە دەگەڕێتەوە ئەگینا ئێمە کێشەی قوڵترمان هەیە، کە قسەی لەسەر بکەین نەک شکاندنی خاوەن بەهرەکانمان، لەم چەند ڕۆژەدا بەبیانوی ئەوەی ئەنوەر قەرەداغی لە بۆنەیەکی حزبیدا ڕێزی لێنراوە کەوتنە شکاندنی.

ئەنوەر قەرەداغی ئاوازدانەر و ژەنیارێکی دیاری کوردەو گوێچکەی هەموومان ئاشنایە بە ئاوازو ژەنینەکەی، ئەو مۆسیقای بۆ گوێچکەی کوردستانیان ژەنی ئەو مۆسیقای بۆ گوێچکەی هیچ حزبێک نەژەنی، بۆیە لەسەر حزبەکان ئەرکە ئەم جۆرە کەسانەو ئەوانەی خزمەت بە دنیای هونەرو کولتووری کورد دەکەن بەسەر بکەنەوەو ڕێزیان لێبنێن. خۆ ئەگەر بەسەر نەکرێنەوەو لە کاتێکدا، کە کۆچی دوای بکەن میدیا پڕ دەبێ لەگلەیی و دەڵێن هیچ حزبێک بە زیندوویی بەسەری نەکردەوە. کە لەلایەن حزبێک یان دەزگاو ڕێکخراوێک بەسەر دەکرێنەوە دەبێتە ڕۆژی حەشر هێرشی دەکەنە سەر و زۆر بێبەزەییانە دەیشکێنن، بۆیە ئەو هێرشە بۆ سەر ئەنوەر قەرەداغی ناڕەواو بێ ویژدانانە بوو!

من هیچ گلەییەکم لە ڕوونکردنەوەکەی مامۆستا ئەنوەر نییەو مافی خۆیەتی، چونکە باش لە ئەقڵیەتەکان و فەزاکە تێدەگەم بەداخەوە ناڕێکیەکانی ناو دنیای کوردی گەیشتۆتە ئاستێک ئەندام پەرلەمان و نووسەر و ڕۆژنامەنوس و چالاکوان و هەرکەسێکی دیکە سەردانی حزبە عێراقیەکان بکەن لە بەغداو جۆرێک لەجۆرەکان  خەڵاتیش بکرێن، کەچی شانازی پێوە دەکەن و سەدجار پۆستی دەکەن، بەڵام سەردانی حزبێکی کوردی شەرمەو عەیبە ئەمە کەوتن نەبێت چیە؟ قەڵەم بەدەستمان هەیە لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا وتاری بۆ ڕۆژنامەکانی بەعس دەنووسی و بەلاشییەوە ئاسایی بووە، ئێستا ڕۆشنبیری گەورەی گەلەکەمانە.

بەڵام کە قسە دەکات دەڵێ نابێ لەسایت و ڕۆژنامەی حزبی کوردیدا بنوسین! من بەش بەحاڵی خۆم لە کاتێکدا وتارم بۆ کوردستانی نوێ و ڕۆژنامەی ڕۆژنامەو ئێن ئاڕتی و خەندان و ئاوێنەو زەمەن و هاوڵاتی نووسیوە، خەڵک بەلایەوە سەیر  بوو بۆ ئەو ڕۆژنامەو سایتانە دەنووسم، دەیان خەڵکیش نان و پیازو شتی دیکەیان پێوە خواردوە، بەڵام بەلای منەوە ئەمە ڕێگا ڕاستەکەیە، چونکە دەبێت ئێمە لەڕێگای ئارگۆمێنت سازییەوە یەکدی بدوێنین نەک بە زمانی زبرو یەکتر شکاندن. بۆیە ئەگەر هەر هونەرمەندێک سەردانی هەر حزبێک بکات و حزبەکەش ڕێزی بۆدانێ زۆر ئاساییەو جێگای دەست خۆشیە بەتایبەتی ئەگەر ئەو حزبە ئەو کەسایەتیەی خەڵاتی دەکات لە حزبەکەی خۆی نەبێت، ئەمە ڕێگا خۆشکەرە بۆ کرانەوە بەڕووی یەکدیدا.

کەواتە پێویستە ئەو ئیرهابە فیکرییە بشکێت و ئاسایی بێت ڕۆشنبیرو هونەرمەند سەردانی هەر حزبێک بکەن، کە بانگهێشتیان بکات بۆ ڕێز لێنان  کارێکی زۆر ئاساییە باشترین پەیوەندیش ئەوەیە، کە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران ئازادبن لەڕادەربڕین، حزب یان دەسەڵات ڕێزی ئەو ئازادییە بگرێت و هەردولا گفتوگۆی ئەرێنی و جدیان پێکەوە هەبێت بەبێ ئەوەی یەکێکیان کۆنترۆڵی ئەوی دیکەیان بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار