سەرۆک بارزانی: نابێت چیتر لایەنێک پۆستی سەرۆککۆمار بە موڵكی تایبەتی خۆی بزانێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بارەگای بارزانی پەیامێکی سەرۆک بارزانی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار بڵاوکردەوە و سێ پێشنیازی خستووەتەڕوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق.
سەرۆک بارزانی دەڵێت، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو بڕوایەیان هەبێت ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی راستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێک ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت.
دەقى ڕاگەیەندراوەکە..
پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لەبارەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی سەرۆككۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت.
میكانیزمەكەش بەمشێوەیە بێت كە: یان لە پەرلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن. مەرجیش نیە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق.
مسعود بارزانی
29ی كانوونی یەكەمی 2025
