سێرگی لاڤرۆڤ: لە 90٪ی ئاڵووگۆڕە بازرگانییەکانمان لەگەڵ چیندا دۆلار بەکارناهێنین

7 مانگ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی، هەوراز حوسێن

لاڤرۆڤ دەڵێت، خەریکە بە تەواوەتی لە ئاڵووگۆڕە بازرگانییەکانیان لەگەڵ چین دەستبەرداری دۆلار دەبن و نزیکەی تەواوی ئاڵووگۆڕی پارە لە نێوانیاندا بە رەبڵی رووسی و یانی چینی دەکرێت.

رۆژی دووشەممە 24-4-2024، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، زیاتر لە 90٪ی بازرگانییەکانی نێوان رووسیا و چین بە دراوە نیشتمانییەکانی ئەو دوو وڵاتە دەکرێت و خەریکە بە تەواوەتی لە مامەڵاکانیاندا دەستبەرداری دۆلار دەبن.

وەزیرەکەی کرێملن ئاماژەی بەوەکردووە، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان چین و رووسیا "چالاکانە" روو لە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونن، هەرچەندە "وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام هەوڵی خاوکردنەوە و راگرتنیان دەدەن".

دوای ئەوەی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە شووباتی 2022 دەستیپێکرد، ئاڕاستەی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری زۆرێک لە وڵاتان گۆڕانکاریی بەرچاویان تێدا روویدا و پەردە لەسەر خواستەکانیان لاچوو. لەوانە چین، بێ گوێدانە رەخنەی سەرکردەکانی رۆژئاوا، تاوەکو ئێستا سەرکۆنەی هێرشەکانی رووسیای دراوسێی بۆ سەر ئۆکراینا نەکردووە و لە دوای شەڕەکەشەوە نزیکبوونەوەی دیپلۆماسی و ئابووری زۆر لە نێوان مۆسکۆ و پەکین بینراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پاڵپشتیی سەربازی یان دیپلۆماسی بۆ هێرشەکانی رووسیا دەرنەبڕیوە.

بە گوێرەی بلۆمبێرگ، لە 2023ـدا ئاڵووگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان رووسیا و چین بە رێژەی 26٪ بەرزبووەتەوە و ئێستا گوژمەی بازرگانیی ساڵانەی نێوان ئەو دوو زلهێزەی جیهان 290 ملیار دۆلارە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار