لاڤرۆڤ بۆ ئەمریکا: لە ئۆکرایناش وەک شەڕی ڤیێتنام و ئەفغانستان تووشی شەرمەزاری دەبیت

2 هەفتە لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاووڵاتی، وارشۆ

سەرۆکی ئۆکراینا سوپاسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکای بۆ پەسەنکردنی خەرجیی 61 ملیار دۆلار هاریکاریی سەربازی بۆ ئۆکراینا کرد.

رۆژی شەممە 20ی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا خەرجکردنی 61 ملیار دۆلار هاریکاریی سەربازی ئەمریکای بۆ ئۆکراینا پەسەندکرد. ئێستا بۆ چەسپاندنی هاوکارییەکە تەنیا پەسەنکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە ماوە.

زێلنسکی سەرەڕای سوپاسگوزاری بۆ هاریکارییەکە، نیگەرانی خۆی لەوە نیشانداوە، کیێڤ شەش مانگە چاوەڕێی ئەو گوژمە هاریکارییە بوون، بەڵام بەدەستیان نەگەیشتووە. هەربۆیە ژمارەیەکی زۆر سەربازیان کوژراوە و رووبەرێکی گەورەشیان لە هەرێمی دۆنباس بەو هۆیەوە لەدەستداوە.

لە گوژمە هاوکارییەکەی ئەمریکادا پێشبینی دەکرێت سیستمی بەرگری ئاسمانی، مووشەکی دوور یان مامناوەند هاوێژ و گولەتۆپ هەبن. ئۆکراینا دەڵێت نەبوونی ئەو چەکانە لەم چەند مانگەی رابردوودا هۆکاری لەدەستدانی سەدان هەزار کیلۆمەتر لە خاکەکەیانە بە رووسیا.

سوودی ئەو چەکانەش وەک خۆیان باسی دەکەن بۆ ئۆکراینا ئەوەیە، دەتوانن رێگری لە خۆسەپێنی و زاڵی هێزی ئاسمانی رووسیا لەسەریان بکەن و هەوڵبدەن وردە وردە پێشڕەوی بکەنەوە.
رووسیا لەم بارەیەوە نیگەرانە؛ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاندووە، ئەمریکا بەو هاریکارییەی بۆ ئۆکراینا، لە مەیدانی شەڕەکە هاوشێوەی جەنگی ڤیێتنام و ئەفغانستان دووچاری شەرمەندەیی و شکست  دەبێتەوە.

ئەمریکا لە جەنگی ڤیێتنام لە 1955 بۆ 1975 بەرامبەر ڤیێتنامی باکووری کۆمیونیست شکستی هێنا و سەرەنجام 58 هەزار سەربازی ئەمریکی کوژران.
لە شەڕی ئەمریکاشدا لە 2001 بۆ 2021 لە دژی بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ئەمریکا 2 هەزار و 459 سەربازی کوژران و زیاتر لە 20 هەزاری برینداربوون، بەڵام لە کۆتاییدا ئەفغانستانیان جێهێشت و رێگەیان بە تاڵیباندا دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بگرێتەوە دەست.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش دەڵێت، روونە کە ئەمریکا دەیەوێت ئۆکراینییەکان تا دوا هاووڵاتیان شەڕ بکەن و هێرشیش ببەنە سەر خاکی رووسیا.
کرێملن لای وایە ئەم کارەی ئەمریکا نەوت بە ئاگرداکردنی شەڕەکەیە و دەبێتە هۆکاری زیاتر پەلهاوێشتنی پریشکی شەڕەکە.

جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دوو ساڵ زیاترە بەردەوامی هەیە و بووەتە بەربەستێکی گەورە و جێگیر لە نێوان پەیوەندییەکانی رۆژئاوا و رووسیادا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار