هاوڵاتی لە شاری پونتا دێل ئێستێی ئۆرۆگوای بە بەشداریی نزیکەی 2000 شارەزا و چالاکڤانی ژینگە لە 160 وڵاتی جیاوازەوە کۆنفرانسی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی پلاستیک لە جیهان بەڕێوەدەچێت. ئیگنەر ئاندرسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "پێویستە بەرهەمێکی نوێ دروستبکەین کە بتوانێت تەواوی کێشەی پلاستیکمان بۆ چارەسەر بکات و دڵنیاش بینەوە لەوەی هەموو وڵاتێک هاوئاهەنگە لەگەڵمان. کاری زۆر ماوە بیکەین. پێویستە هەموو ئەو بەرهەمە پلاستیکیانەی پێویست نین وەلایان بنێین." یەکێک لەو مژارە سەرەکییانەی لە کۆبوونەوەکەدا باسکرا، زیادکردنی گوژمەی ریسایکلکردنەوەی پلاستیک بوو کە ئێستا تەنیا 9%ی تەواوی پلاستیکی جیهان ریسایکل دەکرێتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت تاوەکو ساڵی 2060 ئەو رێژەیە بۆ 17% بەرزبکاتەوە. 40%ی ئەو پلاستیکەی بەرهەمدەهێندرێت پلاستیکی یەکجار بەکارهێنراوە کە بە قەبارەی مایکرۆپلاستیک بەسەر زەویدا بڵاوبوونەتەوە. زانایانیش کە توێژینەوەیان لەوبارەیەوە کردووە، زانیاری شۆکهێنەر دەخەنەڕوو. لوسی ووداڵ، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت، "توێژینەوەکەمان ئەوەی پیشاندا کە لە هەر جێگەیەک بە شوێن مایکرۆپلاستیکدا گەڕابین، دۆزیومانەتەوە. مایکرۆپلاستیکمان لە جەمسەری باکوور دۆزیوەتەوە کە لە شوێنی ژیانی ئێمەوە دوورە. بەڕاستی ئەمە پەیامێکی گرنگە بۆ هەموومان کە دەبێت بەیەکەوە کار بۆ کەمکردنەوەی ئەم پاشماوەیە بکەین." بەگوێرەی دوایین توێژینەوەی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ ساڵانە 460 ملیۆن تۆن پلاستیک لە جیهاندا بەرهەم دەهێندرێت. ئەگەر رێگەی لێنەگیرێت، لە 2060دا ئەو بڕە دەگاتە 1.2 ملیۆن تۆن، واتە سێ بەرامبەر دەبێت. ساڵانە 44 ملیۆن تۆن پلاستیک بە قەبارەی مایکرۆ دەچێتە نێو زەوییەوە و 14 ملیۆن تۆن دەچێتە نێو دەریا و زەریاکانەوە؛ 22%ی تەواوی گازی زیانبەخشی جیهانیش بەهۆی سووتاندنی پلاستیکەوە دەچێتە بەرگەهەوا. نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە 38 وڵاتی گەورە بەرهەمهێنی پلاستیک کردووە، تاوەکو 2060، 20%ی بەرهەمهێنانی ئەو مادەیە کەمبکەنەوە، بەو جۆرەش پاشماوەی پلاستیک لە جیهاندا بە رێژەی 33% لە جیهاندا کەمدەبێتەوە و تێکەڵبوونیشی لەگەڵ سرووشتدا لە سفر نزیکدەبێتەوە.
هاوڵاتی میدیاکانی ئێران بڵاویانکردهوه که ئهو وڵاته دەستی بە دروستکردنی وێستگەیەکی نوێی وزەی ئەتۆم بەتوانای ٣٠٠ مێگاوات لە پاریزگای خوزستانی باشووری رۆژئاوای وڵاتەکەکردووه. بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی فەرمی ئێران، لە میانی رێوڕەسمێکدا و بە بەشداریی جێگری سەرکۆمار و سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران، محەمەد ئیسلامی، بەردی بناغەی وێستگەی ئەتۆمی "قارون" لە ناوچەی دارخۆڤین سەر بە پارێزگای خوزستان، داندرا. توانای ئەم وێستگە ئەتۆمییە ٣٠٠ مێگاواتە و لە رێی سیستمی فشاری ئاوەوە کار دەکات، بەگوێرەی پلانی حکوومەتی تاران ماوەی دروستکردنی وێستگەکە هەشت ساڵ دەخایەنێت و تێچووەکەی دوو ملیار دۆلارە. لە هەواڵەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو یۆرانیۆمە پیتێندراوەی وێستگەکە کاری پێدەکات لە سەدا چواری یۆرانیۆمی خامە.
تیدرۆس ئادهانۆم گیبریسوس سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، لەسەدا ٩٠ی دانیشتوانی جیهان ئاستێکی دیاریکراوی بەرگریان بەرامبەر کۆڤید-١٩ بەدەستهێناوە، بەڵام ئەگەری سەرهەڵدانی جۆری دیکەی ڤایرۆسەکە هەیە. لە راگەیەندراوێکدا، تیدرۆس ئاماژەی بەوەدا کە ئاستی بەرزی بەرگری لەبەرامبەر ڤایرۆسی کۆڤید١٩، دەتوانێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی جۆرێکی نوێی پەتاکە و جێگەی جۆری ئۆمیکرۆن بگرێتەوە کە لە ئێستادا لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە. تێدرۆس وتی: بەگوێرەی لێکۆلینەوەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەسەدا ٩٠ی دانیشتوانی جیهان لە رێگەی تووشبوونەکانی پێشوو یان ڤاکسینەوە، تا رادەیەک ئاستی بەرگریان لەمەرامبەر ڤایرۆسەکە بەدەست هێناوە و وتی: دەتوانین بڵێین لە کۆتایی قۆناغی نائاسایی پەتاکە نزیکتر بووینەتەوە." تێدرۆس دەڵێت: "کەلێنەکانی بەدواداچوون، تاقیکردنەوە، ڕێکخستن و کوتان، ئەگەری بەهێز بۆ سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسەکە دروست دەکات کە دەتوانێت ببێتە هۆی مردنی بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکان." سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە بیریهێنانەوەی کە هەفتەی رابردوو هەشت هەزار و ٥٠٠ کەس لە سەرانسەری جیهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ گیانیان لەدەستداوە و وتی، " لەکاتێکدا کە ئامرازی زۆرمان هەیە بۆ رێگریکردن لە تووشبوون و رزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان، شتێکی قبوڵکراو نییە دوای سێ ساڵ لە پەتاکە، بەم ئەندازەیە مرۆڤ لە جیهاندا گیانیان لەدەست بدەن". لە جیهاندا نزیکەی ٦٤٠ ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون و زیاتر لە شەش ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. زۆر رێکخراو دەڵێن، رەنگە ئەم ئامارەکان لە خەمڵاندنەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر بن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەندێک وڵات وەک پێویست لە ئاشکراکردنی ئامارەکاندا شەفاف نین. لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ لیژنهی تهندروستیی نیشتمانی چین له راگهیهندراوێكدا ئاماری نوێی تووشبووانی كۆرۆنای بڵاوكردهوه و بهگوێرهی راگهیهندراوهكه، ٣٣ ههزار و ٧٣ حاڵهتی نوێی كۆرۆنا لهو وڵاته تۆماركراون، سێ ههزار و ٩٨٨ لهو حاڵهته نوێیانه، نیشانهكانی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا دهركهوتووه و ٢٩ ههزار و ٨٥ حاڵهتی دیكهش نیشانهكانیان تێدا دهرنهكهوتوون.
هاوڵاتی لیژنهی تهندروستیی نیشتمانی چین له راگهیهندراوێكدا ئاماری نوێی تووشبووانی كۆرۆنای بڵاوكردهوه و بهگوێرهی راگهیهندراوهكه، 33 ههزار و 73 حاڵهتی نوێی كۆرۆنا لهو وڵاته تۆماركراون . ئهمڕۆ شهممه 3ـی كانوونی یهكهمی 2022، لیژنهی تهندروستیی نیشتمانی چین له راگهیهندراوێكدا ئاماری نوێی تووشبووانی كۆرۆنای بڵاوكردهوه و بهگوێرهی راگهیهندراوهكه، 33 ههزار و 73 حاڵهتی نوێی كۆرۆنا لهو وڵاته تۆماركراون، سێ ههزار و 988 لهو حاڵهته نوێیانه، نیشانهكانی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا دهركهوتووه و 29 ههزار و 85 حاڵهتی دیكهش نیشانهكانیان تێدا دهرنهكهوتوون. تۆماركردنی ئهم حاڵهته نوێیانه له كاتێكدایه، حكومهتی چین رێكارهكانی تایبهت بهخۆپاراستن له ڤایرۆسی كۆرۆنا له چهند شارێكی گهورهی ئهو وڵاته كهمكردووهتهوه، لهوانهش ئهو رێكارانهی تایبهتن به ئهنجامدانی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ماوهی كهرهنتینهكردن. ههروهها چاوهڕێدهكرێت، لهماوهی چهند رۆژی داهاتوودا رێكارهكان كهمتربكرێنهوه. کەمکردنەوەی ڕێکارەکانیش بۆ ئەو خۆپیشاندانانە دەگەڕێتەوە کە ناوچەکەی گرتۆتەوە ، خۆپیشاندانەکان لەو وڵاتە دەستیانپێکرد دوای ئەوەی ئاگر لە ئەپارتمانێکی بەرز لە شاری ئورومقی ڕۆژئاوای چین کەوتەوە تیایدا 10 کەس گیانیان لەدەستدا زۆربەی چینیەکان باوەڕیان وایە کە ڕێوشوێنەکان سنووردارکردنی کۆڤید بووەتە ھۆی ئەوەی خەڵکی نەتوانن لە ئەپارتمانەکە بێنە خوارەوەو لە ئەنجامدا گیانیان لەدەست داوە ، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە نکۆڵی لەوە دەکەن. جێگەیباسە رۆژی یهكشهممه 20ـی تشرینی دووهمی 2022، دوای شهش مانگ یهكهم حاڵهتی گیانلهدهستدان بههۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا له چین تۆماركرا.
سەرۆکى رژێمی سوریا رەتی دەکاتەوە لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببێتەوە و ئاژانسێکیش ئاشکرای دەکات دیمەشق نایەویت پێش هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی تورکیا لەگەڵ ئەردۆغان کۆببێتەوە. ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز لەزارى چەند سەرچاوەیەک لە سوریا بڵاوی کردوەتەوە کە هەوڵەکانى روسیا بۆ نزیککردنەوەى ئەسەد و ئەردۆغان سەرکەوتو نەبوە و ئەنجامدانى دیدارى نێوانیشیان لەلایەن دیمەشق رەتکراوەتەوە. رۆیتەرز ئاشکرای کردوە کە ئەسەد رەتى کردوەتەوە کە پێش هەڵبژاردنە گشتییەکەى تورکیا لەگەڵ ئەرۆدغان کۆببێتەوە بەوهۆیەى کە ئەم هەنگاوە پێگەی جەماوەریی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکان بەهێز دەکات. ئەو سەرچاوانە بە رۆیتەرزیان وتوە: تا لە لایەن ئەنکەرەوە پێشنیاریكی گرنگ رادەستی دیمەشق نەکرێت و تورکیا هێزەکانی لە خاکی سوریا نەکشێنێتەوە پێناچێت هیچ دانوستان و دیدارێک لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد، سەرۆکی رژێمی سوریا بەڕێوەبچێت. بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە روسیا هەوڵی ئەوە دەدات پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و رژێمی سوریا ئاسایی بکاتەوە.
ئەمریکا هۆشداریدایه تورکیا لە پەکخستنی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەكانی ئەمریکی و کورد دژ بە داعش لە سوریا.
هاوڵاتی ویلایهته یهكگرتوهكانی ئەمەریکا هۆشداریدایه تورکیا لە پەکخستنی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەكانی ئەمریکی و کورد دژ بە داعش لە سوریا. جۆن کێربی وتەببێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر بۆردومانەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بێت ئەوا هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رووبەڕووبوونەوەی داعش لەو ناوچانە دەوەستن. جۆن کێربی باسی لهوهشكردوه، توركیا بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی نزیک لە سنوری تورکیا و سوریا ئەنجامبدرێت، کە هێزەکانی ئەمریکا لە پاڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده) بە سەرۆکایەتی کورد جێگیرکراون. ئەوەشی خستەڕوو، تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکان هەڕەشەی جدی دروست دەکەن، بۆیە پێویستە نیگەرانییە ئەمنییەکانی خۆیانیان بیر بێتەوە لە پێناو پاراستنی خۆیان. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "ئێمە دان بە نیگەرانییە ئەمنییە رەواکانیانی توركیادا دەنێین بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، بهڵام ئەوەی ئێمە نامانەوێت بیبینین ئۆپەراسیۆنەکانن لە سوریا، کە دەکرێت ببێتە هۆی دوبارە زیانی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی، ههروهها زیانگهیاندن به كارمهند و سهربازانمان و هاوبهشانمان له ههسهده، هاوكات له ئهركێكی راستهقیته غافڵگیریان دهكات كه روبهڕوبونهوهی داعشه". پهیوهست به ههماههنگی هێزهكانی ئهمریكا و شهڕڤانانی ههسهده، جۆن کێربی وتی، "ههماههنگی ستراتیژی" لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە، بەڵام بۆردومانی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی ههسهده بەو مانایەیە کە هێزە کوردییەکان "کەمتر ئامادە دەبن بۆ بەردەوامبون لە بەشداریکردن لە ڕوبەڕوبونەوەی داعش، ئەمەش مایەی نیگەرانییە". هاوکات دوێنێ وتەبێژێک بەناوی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) بۆ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، هەموو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش راگرتووە. ئاماژەشی بەوەکرد کە هۆکاری راگرتنی هەماهەنگی و ئۆپراسیۆنەکان، بۆ هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر خاکی رۆژئاوای کوردستان دەگەڕێتەوە.
هاوڵاتی لە بەریتانیا بهكتریایهك لهجۆری (Streptococcus-A) لهنێومنداڵاندا بڵاوبۆتهوه و تا ئێستا بۆتە هۆی مردنی پێنج منداڵی خوار تەمەن ١٠ ساڵ. ئاژانسی ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا (UKHSA) ڕایگەیاند ئهمڕۆ ههینی رایگهیاند، بهكتریایهك لهجۆری (Streptococcus-A) لهنێو خوێندكاراندا بڵاوبۆتهوه و تا ئێستاش پێنج خوێندكارى قوتابخانه كه تهمهنیان له خوار 10 ساڵەوەیە بههۆی بهكتریایهكەوە گیانیان لهدهستداوه، رێكاری پێویستیش بۆ بڵاونهبونهوهی بهكتریاكه گیراوهتهبهر. لەم بارەیەوە دکتۆر جیل مۆریس، ڕاوێژکاری پاراستنی تەندروستی لە ئاژانسی ئاسایشی تەندروستیی بەریتانیا ڕایگەیاند: ئەمە حاڵەتێکی تراژیدییە و بیرکردنەوەمان لەگەڵ خێزان و دۆستانی خوێندکارەکانە لەم کاتە زۆر خەمناکەدا. هەروەها "ئێمە ئامۆژگاریمان داوە بە قوتابخانە و دایەنگاکان بۆ ئەوەی یارمەتی ڕێگری لە کەیسەکانی تر بدەن و بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆخەکە" هاوکات بهكتریاكه تا ئێستا بوهته هۆی كوشتنی پێنج خوێندكاری قوتابخانه كه تهمهنیان لهنێوان 6 بۆ 10 ساڵاندایه، ههروهها تیمهكانی ئاگاداركردنهوه تهواوی خوێندنگه و ئهو كهسانهیان ئاگاداركردۆتهوه له ئهگهری بهركهوتن لهگهڵ ئهوپێنج خوێندكارهدا پهیوهندی به تیمه پزیشكییهكانهوه بكهن و له ئێستاشدا رێكاری تهندروستی پێویست لهسهر ئهو كهیسانه گیراوهتهبهر. جێگەی باسە، ئاژانسی ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا باسی لهوهشكردوه، نیشانهكانی ئهم بهكتریایه دهردهكهوێت لهكاتێكدا كهسی ههڵگری بهكتریاكه شت قوتبدات ههست به ئازار دهكات، بهرزبونهوهی پلهكانی گهرمی جهستهی، خورانی پێست و چهند بهشێكی جهسته. ئهم بهكتریایه دهبێت به streptococcus (GAS) ئهگهر بهرگری جهسته تێبپهڕێنێت و لهو كاتهشدا بهشێوهیهكی گشتی دهبێته هۆی تایهكی زۆر، ههوكردنی چهند ماسولكهیهكی جهسته، ئازارێكی زۆر له یهك بهشی جهسته به دیاریكراوی و رشانهوه.
هاوڵاتی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند ئەگەر سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بە ئاراستەی رێگای کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا هەنگاو بنێت، ئەوە ئامادەیە گفتوگۆی لەگەڵ بکات. بایدن دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا. هەردوو سەرۆک، ئاماژەیان بەوە کرد کە یەکێک لە تەورە سەرەکییەکانی بەرنامەی کۆبوونەوەکەیان جەنگی رووسیا-ئۆکراینا بووە و هاوکارییەکان بۆ ئۆکراینا بەردەوام دەبێت. سەرۆکی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە کە ژیرترین رێگا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ئەوەیە کە پوتین سەربازەکانی لە ئۆکراینا بکشێنێتەوە و گوتی: "پوتین بە هەڵنەبژاردنی ئەم رێگایە باجی زۆر قورس دەدات. لە هەمان کاتدا رێگە بۆ وێرانکارییەکی زۆر گەورە لە ئۆکراینا دەکاتەوە". جۆ بایدن باسی لەوە کرد کە نیازێکی نییە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ پوتین و گوتی: "ئەگەر پوتین نیازی هەبێت بڕیارێک بە ئاراستەی رێگای کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەربکات، ئەوە ئامادەم قسەی لەگەڵ بکەم. بەڵام هێشتا بە ئاراستەی ئەو رێگایەدا نییە. ئەگەر شتێکی وا رووبدات ئەوە لەگەڵ فەڕەنسا و دۆستەکانم لە ناتۆ لە پەیوەندیدا دەبین و لەگەڵ پوتین دادەنیشین و دەبینم چی بە مێشکیدا تێدەپەڕێت". - "داوا لە ئۆکراینا ناکەین سازش بکات" لەلایەکی دیکەوە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە بابەتی بڕیاری شەڕی ئۆکراینا لەدەست ئۆکراینا خۆیەتی و گوتی: "ئێمە هیچ کات داوا لە ئۆکراینا ناکەین کە سازش لەسەر ئەو شتانە بکات کە خۆیان قبوڵیان نییە". ماکرۆن بە ئاماژەدان بەوەی کە ئاشتییەکی لەو شێوەیە هەرگیز بەردەوام نابێت، گوتی "ئێمە رێز لە بڕیارەکانی ئۆکراینییەکان دەگرین بۆ دیاریکردنی مەرجەکانی دانوستان لەسەر خاکەکەیان".
هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی رایگەیاند لە دەستپێکی جەنگی وڵاتەکەی لە ٢٤ی شوباتەوە تا ئێستا زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ سەربازی ئۆکراینی کە وەک دیل کەوتبوونە دەست رووسیا، ئازاد کراون. زێلێنسکی شەوی رابردوو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەووە و تیایدا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا بەردەوامە. دەربارەی رەوشی دیلەکانی، زێلێنسکی، ئەوەی ئاشکرا کرد کە کۆتا جار رۆژی یەکی کانوونی یەکەم واتە دوێنێ، لە رێی ئاڵوگۆڕی دیل لەگەڵ رووسیا، ٥٠ سەربازی ئۆکراینیان ئازاد کردووە و بەم شێوەیەش تا ئێستا زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ سەربازی ئۆکراینی لە دیلێتی رووسیا رزگار کراون، گوتیشی: "با هەموو دیلەکان بگەڕێنینەوە. تا ئۆکراینا ئازاد بێت و هەمووان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان". سەرۆکی ئۆکراینا ئەوەشی خستەڕوو کە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی نهێنی رووسیا لە دامەزراوە ئایینییەکانی ئۆکراینادا، کۆبوونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان ئەنجامداوە و رایگەیاند: "پێویستە هەموو دەزگاکانی بەرپرسیار لە دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی رێوشوێنەکانیان بۆ ئاشکراکردنی کردەوە تێکدەرانەکانی دەزگا تایبەتەکانی رووسیا لە ناوەندی ئایینی ئۆکراینادا و بەرپەرچدانەوەی ئەم کردانە بەهێزتر بکرێن. بەشێوەی تاکەکەس رووبەڕووی ئەو کەسانە ببنەوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ناوەکانیان ئاشکرا دەکرێن".
دوو مێرمنداڵی بەلوچ لە لایەن دادگایەکی ئێران تۆمەتبار دەکرێن بە "دژایەتی خودا" و رێکخراوەکانیش هۆشداریی دەدەن لە سەپاندنی سزای سێدارە دژی ئەو دو برایە. محەمەد و عەلی رەخشانی کە دوو بران لە ناڕەزایەتییەکانی شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لەبەردەم ماڵی خۆیان دەستگیر کراون و دادگا تۆمەتباری کردون بە یاسای (دژایەتی خودا) کە بە پێی یاساکە سزای سێدارە دەیانگرێتەوە. ئەو دوو مێرمنداڵە تەمەنیان 16 و 17 ساڵە و رۆژی هەینی خوێناوی کە نزیکەی 98 بەلوچ لە شاری زاهیدان کوژران لەبەردەم ماڵەکەیان دەستگیر کراون و دوای 63 رۆژ لە دەستبەسەرکردنیان تۆمەتبار کراون بە تێکدانی ئاسایش و دژایەتی خودا. عەلی کەریمی پارێزەری ئەو دوو برا مێرمنداڵە رایگەیاندوە بە پێی ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
هاوڵاتی لە کۆتای ھەفتەی پێشووەوە بە ھەزاران خۆپیشاندەر لە چین ڕژانە سەر شەقامەکان و داوایان کرد کۆتای بھێنرێت بە ڕێوشوێنەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا لەو وڵاتە و تەنانەت ھەندێکیان داوایان کرد سەرۆکی ئەو وڵاتە لە پۆستەکەی بێتە خوارەوە . خۆپیشاندانەکان لەو وڵاتە دەستیانپێکرد دوای ئەوەی ئاگر لە ئەپارتمانێکی بەرز لە شاری ئورومقی ڕۆژئاوای چین کەوتەوە لە ڕۆژی پێنجشەممەداو تیایدا 10 کەس گیانیان لەدەستدا زۆربەی چینیەکان باوەڕیان وایە کە ڕێوشوێنەکان سنووردارکردنی کۆڤید بووەتە ھۆی ئەوەی خەڵکی نەتوانن لە ئەپارتمانەکە بێنە خوارەوەو لە ئەنجامدا گیانیان لەدەست داوە ، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە نکۆڵی لەوە دەکەن. لە پەکین خۆپیشاندەران بۆ قوربانییەکان ئێشکگرییان ئەنجامدا و لە دژی سنوردارکردنی کۆڤید خۆپیشاندانیان کرد و خەڵکێکی زۆر کاغەزی سپییان وەک سیمبۆلی سانسۆڕ کردن و چاودێریکردنی خەڵکی لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتە بەرز کردەوە . ژمارەیەکی زۆریش بەربەست لەو شوێنانەی شەنگەھای دانراوە کە چەند شەوێک خۆپیشندەران تیایدا کۆبونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزای. ھەروەھا لە خۆپیشاندانەکانی شەوی شەممەدا بە ڕونی دەبیسترا کە خۆپیشاندەران ھاواریان دەکرد کە سەرۆکی چین و حیزبی شیوعی لە دەسەڵات بێنە خوارەوە و بڕیاربوو ڕۆژی دوو شەمە لە پەکین خۆپیشاندان دەستپێبکاتەوە بەڵام نەکرا بەھۆی ئەوەی ھێزێکی زۆر لەو شوێنەی بڕیاربوو خۆپیشاندانەکان ئەنجام بدرێت بڵاوکرابۆوە .ھاوکات بەیانی سێشەممەش لە ھەردوو شاری بێیژین و شانگھای پۆلیس بە شەقامەکاندا بڵاوکرابونەوە بۆ ڕێگریکردن لە خۆپیشاندان . ڕاپۆرتەکان دەڵێن کە پۆلیس خەڵکی ڕاگرتووە و بە دوای تەلەفۆنەکانیاندا دەگەڕان بۆ ئەوەی پشکنین بکەن کە ئایا (VPNs) یان هەیە یان نا، هەروەها ئەو کاربەرنامانەی وەک تێلێگرام و تویتەر کە لە چین بلۆک کراون لە مۆبایلەکانیاندا ئیش دەکات ، هاوکات ئەو کەسانەی لە چین ئامادەبوون لە خۆپیشاندانەکانی کۆتایی هەفتە دژی ڕێوشوێنەکانی سنووردارکردنی کۆڤید دەڵێن لەلایەن پۆلیسەوە پەیوەندیان پێوەکراوە. چەند کەسێک لە پەکین "وتیان کە پۆلیس داوای زانیاری کردووە دەربارەی شوێنی ژیانیان وتیشیان ڕون نییە پۆلیس چۆن زانیوێتی کێن" ئافرەتێک بە ئاژانسی هەواڵی ئەی ئێف پی ڕاگەیاند "پێنج هاوڕێی کە بەشدارییان لەخۆپیشاندانێکدا کردووە لە پەکین پەیوەندی تەلەفۆنیان لەپۆلیسەوە پێگەیشتووە ھەروەھا لەحاڵەتێکدا ئەفسەرێکی پۆلیس سەردانی ماڵی یەکیک لە هاوڕێکانی کردووە دوای ئەوەی وەڵامی مۆبایلەکەی نەداوەتەوەو پرسیاری ئەوەیان کردووە کە ئایا سەردانی شوێنی خۆپیشاندانیان کردووە یان نا، پۆلیسەکە جەختیشی لەوە کردەوە کە خۆپیشاندانەکان "کۆبوونەوەی نایاساییە". وەک ڕێوشوێنێک بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکان ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس کە بۆ ڕوماڵی ڕوداوەکان لەو وڵاتەن دەستگیر کراون و پاشان بەردراون لە ئێستادا بەرپرسانی ئەو وڵاتە ژمارەیەک بەرنامەیان لەو وڵاتە بلۆک کردووەو بەردەوام تۆڕەکانی ئینتەرنێت پاک دەکەنەوە لە ھەر پۆستێک کە باس لە خۆپیشاندان بکات . ھەروەھا ڕۆژی سێشەممە بەڵێنیان نوێ کردەوە بۆ خێراکردنی هەوڵەکان بۆ کوتانی کەسانی بەتەمەن. بەھۆی ئەوەی ڕێژەی کوتان لە نێوان بەساڵاچواندا تا ڕادەیەک نزمە بۆ زوتر کۆتایھێنان بە ڕێوشوێنەکان ھەروەھا دوور لە پەکین و شەنگهای، دەسەڵاتداران ڕووبەڕووی ناڕەزایی تووڕەیی بوونەوە کە پەیوەستن بە سنووردارکردنی کۆڤیدەوە هەفتەی ڕابردوو لە گەورەترین کارگەی ئایفۆنی جیهان لە شاری ژێنژو لە پارێزگای هانان کە زیاتر لە 200,000 کرێکار لە مانگی ھەشتەوە کەرەنتینە کراون لەو کارگەیەدا ، پێکدادانی توندوتیژ ڕوویدا. بەڵام خودی شاری ژێنژوو، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی شەش ملیۆن کەسە ، سەرجەمی شارەکە کەرەنتینە کراون و ناتوانن ماڵەکانیان بەجێبھێڵن ، خەڵک ناتوانن ناوچەکە جێبهێڵن مەگەر تاقیکردنەوەیەکی نەرێنی کۆڤیدیان هەبێت. هەروەها لە ووهان خۆپیشاندان ئەنجام درا- ئەو ناوچەیەیە کە کۆڤید-19 یەکەم جار دەرکەوت. بە پێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراوەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نیشانی دەدات کە خۆپیشاندەران ھەوڵدەدەن ئەو پەرژینانە بشکێنن کە وەک بەشێک لە ڕێوشوێنەکان بۆ ڕێگریکردن لە کۆڤید دروست کراوە.
هاوڵاتی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئەفغانستان، رامیز ئالاکبارۆڤ رایگەیاند پلەکانی گەرما لە ژمارەیەک ناوچەی ئەفغانستان تاکو خوار ٢٥ پلە دابەزیووە. ئالاکبارۆڤ ئاماژەی بەوە دا کە بۆ ئامادەکارییەکان بۆ زستان پێویستییان بە ٧٦٨ ملیۆن دۆلارە، گوتی: "بەر لە کۆتایی ساڵیش پێویستیمان بە ٦١٤ ملیۆن دۆلارە". رامیز ئالاکبارۆڤ بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە شەش ملیۆن کەس لە ئەفغانستان دووچاری قەیرانی خۆراک بوونەتەوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە نیشانی دەدا قەیرانی دابینکردنی خۆراک گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز. نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە دوو لەسەر سێی دانیشتووانی ئەفغانستان (زیاتر لە ٢٨ ملیۆن کەس) لە ٢٠٢٣ پێویستی بە هاوکاری مرۆیی دەبێت.
هاوڵاتی پڕۆژە یاسای ڕێکخستنی کۆچی کرێکارە لێهاتووەکان، بۆ ئەڵمانیا لە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتەوە پەسەندکرا. لە دوای ئەو قەیرانەی کە لە هاوینی ڕابردوو، لە فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا بەهۆی کەمی کارمەندەوە دروست بوو، حکومەت بە چڕی کار لەسەر یاسایەکی نوێی کۆچی کرێکارە لێهاتووەکان دەکات. ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران، پرۆژە یاسای نوێی کۆچبەری پەسەند کرد و بڕیارە لە بەهاری ساڵی داهاتوودا پڕۆژە یاساکە ببێتە یاسا. ئەو وەزیرانەی ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای کۆچی کرێکارانیان پێشکەش کرد، رایانگەیاند کە ژمارەی دانیشتووانی ئەڵمانیا بەرەو پیربوون دەچێت و ٧ ملیۆن کرێکاری لێهاتوو تا ساڵی ٢٠٣٥ لەدەست دەچن و بەشێکیش خانەنشین دەبن. ڕۆبێرت هابێک وەزیری ئابوری و پاراستنی کەشوهەوا وتی، "کەمیی ١٠٠ هەزار کارمەند تەنها لە بواری زانیاریدا هەیە و کەمی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کارمەند لە بواری وزەی خۆر و بادا هەیە". بەپێی داتاکانی پەیمانگای ئابووری ئەڵمانی، ژمارەی کارمەندانی پیشەگەری لێهاتوو کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ٤٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس بووە، لە ساڵی ٢٠٤٠دا بۆ ٣٨ ملیۆن کەس کەم دەبێتەوە. ژورەکانی پیشەسازی ئەڵمانیا بە جەختکردنەوە لەسەر کەمیی ٢٥٠ هەزار کارمەند تەنها لە لقەکانی ئەواندا، داوای هەنگاوی بەپەلە دەکەن. ئەندریا ناهلێس، سەرۆکی دەزگای فیدراڵی دامەزراندن کە بەرپرسیارە لە دامەزراندن لە ئەڵمانیا بۆ داوچە وێلا، باسی لەوە کردووە کە ئەو ستانداردانەی، ئەڵمانیا ئەمڕۆ هەیەتی، ناتوانرێت بپارێزرێن تاوەکو ساڵانە ٤٠٠ هەزار کارمەندی شارەزا پێنەگەن و پێویستە پێشکەوتنەکان بە خێرایی ئەنجام بدرێت. یەکەم کاری راوێژکاری و چاوپێکەوتن بۆ وەرگرتنی کریکارانی پیشەگەری لێهاتوو کە دەیانەوێت بچنە ئەڵمانیا لە وڵاتی خۆیاندا ئەنجام دەدرێت. حکومەتی ئەڵمانیا پلانی ئەوەی داناوە، کاتەکانی پرۆسێسکردنی ڤیزە بۆ کارمەندانی شارەزا، خێراتر بکرێت. یاسایەکی دیکە ئەوەیە کە ئەو فەرمانبەرانەی بڕوانامەی دبلۆمیان هەیە و دەتوانن کاری گەورە بکەن، دەتوانن بۆ ماوەی ٦ مانگ ڤیزە وەربگرن، بۆ ئەوەی سەردانی ئەڵمانیا بکەن و بەدوای کاردا بگەڕێن. گرنگترین مەرج لێرەدا ئەوەیە کە کەسەکە بتوانێت بژێوی ژیانی خۆی پەیدا بکات. سیستەمێک جێبەجێ دەکرێت کە تیایدا بەپێی پێوەرەکانی وەک ئەزمونی کار، زانینی زمان، تەمەن پەیڕەو دەکرێت. بەڵام چاوەڕوان دەکرێت دوای ئەوەی ڕەشنووسەکە ببێتە یاسا وردەکارییەکانی چۆنیەتی کارکردنی سیستمەکە بە وردی وون بکرێتەوە.
كاوە ڕەش ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا ڕایگەیاند: ڕۆژی سێ شەممەی كاتژمێر 6:45 خولەكی بەرەبەیان لێكۆڵەرەوەكانیان شانبەشانی ئەفسەرانی یەكەی نیشتیمانی لە شاری گلۆستێرشایر، كوردێكی قاچاغچیان دەستگیركردوە كەپەیوەندی ڕاستەوخۆی بەگیانلەدەستدانی لانیكەم 27 كۆچبەرەوە هەیە، كەلەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا لە هەوڵی پەڕینەوە بەدەربەندی ئینگلیزیدا خنكاون. بەپێی ئاماژەی ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا، بەناسنامەی قاچاغچیەكە، ناوی تەواوی (ه، ئ، ئ)ە، و تەمەنی ٣٢ ساڵە، لەناونیشانێك لەناوچەی چێڵتنهام دەستگیركراوە. شوێنپێ هەڵگرتن و دەستگیركردنی ئەو قاچاغچییە بەهاوكاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ئەنجامدراوە كەكاریانكردوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو كارەساتەی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو كەبووەتە هۆی خنكانی دەیان كۆچبەر. ناوبراو یەكێكە لەئەندامی گروپی تاوانە ڕێكخراوەكان، كەدەستی هەبووە لەگواستنەوەو پەڕاندنەوەی چەندین كۆچبەری نایاسایی بۆ بەریتانیا بەبەلەمێكی بچووك. لەنێویاندا یەكێك لەو بەلەمانەی هەوڵی پەڕاندنەوەی داوە بۆ بەریتانیا دوای جێهێشتنی كەناراوەكانی فەرەنسا، ژێر ئاو كەوتووە، بەهۆیەوە جگە لەدوو كەسی ناو بەلەمەكە، هەموویان گیانیانلەدەستداو تائێستاش چوار كۆچبەر بێسەروشوێنن. دوای دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارە، بڕیارە ناوبراو سبەی لەبەردەم دادگای وێستمینستەردا ئامادەبێت، تا ڕێكارو ڕێوشوێنی ڕادەستكردنەوە دەستپێبكات لەگەڵ دەسەڵتدارانی فەرەنسا، چونكە تاوانەكە لەژێر كۆنتڕۆڵی ئاوی فەرەنسادا ڕوویداوە. كرایك تۆرنەر، جێگری بەڕێوەبەری ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا دەڵێ; ئەم ئۆپراسیۆنە ، لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوەیەكی بەرفراواندا بووە، سەبارەت بەو ڕووداوانەی كەبوونەتە هۆی خنكانی ئەو كۆچبەرانەی لەو كارەساتە دڵتەزێنەدا بوون لەبەندەرەكەدا. ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو قاچاغچییەی ئەمڕۆ دەستگیركراوە گومان دەكرێت ڕۆڵێكی سەرەكی هەبووبێت، لەگیانلەدەستدانی بەئەنقەستی ناو بەلەمەكە. ئەو بەرپرسەی ئاژانسەكە دەڵێ، ئەوان لەنزیكەوە لەگەڵ هاوبەشە فەرەنسییەكانیان بڕیاریانداوە هەموو هەوڵێك بدەن بۆ بەدەستهێنانی مافی دادپەروەری بۆ كەسوكاری ئەو كەسانەی كە ژیانیان لەدەستداوە لەو كارەساتەدا، و هەوڵی بێ ماندوبونیش دەدەن بۆ پەكخستن و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕی چەپەڵی تاوانكاریی و ڕێكخراوەیی قاچاغچییەكان، ئەوانەی تێوەگلاون لەبازرگانیكردنن بەمرۆڤەوە. وەزیری ناوخۆی بریتانیا، سوێلا براڤەرمان، لەبارەی دەستگیركردنی ئەو قاچاغچییەوە دەڵێت: سەرباری هاوخەمیی و هاوسۆزی بەردەوامی من، لەگەڵ خێزانی هەموو ئەو كەسانەی كە بەو شێوەیە كارەساتبارو خەمبارە گیانیانلەدەستدا لەم ڕووداوەدا، سوپاسی هەموو دەزگاكانی دیكە لەسەرانسەری بریتانیاو فەرەنسا دەكەم، بۆ كارە گرینگ و ماندونەناسانەیان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری بۆ قوربانییەكان و خێزانەكانیان لەڕێگەی دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانەی كەپێمان وایە، بەرپرسیارن لە ڕووداوانە وە دەبێ ئێمە دڵنیابین لەوەی، هێزی یاسا بەتەواوی بەسەر تۆمەتباراندا جێ بەجێ دەكرێت. جێی وەبیر هێنانەوەیە، لە٢٤نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو، بەلەمێكی پەناخوازان كەهەوڵی پەڕینەوەی دەدا لەفەڕەنساوە بۆ بەریتانیا بەنایاسایی، لەكەناڵەكەدا تێكشكاو ژێر ئاو كەوت. لەو ژمارەیە لانی كەم ٢٧پەناخواز خنكان و چوار كەسی دیكەش تائێستاش بێ سەروشێنن و تەنها دووكەس بەزیندووی ڕزگاریان بوو. پەناخوازەكان زۆربەیان خەڵكی هەرێمی كوردستانی عێڕاق بوون و لەنێویاندا ٢٠ لەوان خەڵكی شارۆچكەی ڕانیەیی سەر بەپارێزگای سلێمانی بوون. لەساڵیادی ئەو كارەساتە تراجیدییەدا، كەناڵی (ئای تیڤی) بەریتانی،دۆكۆمێنتەریەكی ٦٠ خولەكی دەربارەی ئەو ڕووداوە بڵاوكردوە، كەنزیكەی یەك ساڵی خایاندوە لەبەرهەمهێنانی و تێدا بەشێك لەخێزانی قوربانییەكان و یەكێك لەڕزگاربوەكان، چیرۆكی كارەساتەكە دەگێڕنەوە. هەروەها كەناڵی ئای تیڤی لەڕێگای ڕۆژنامەوانێكی كوردەوە بەنهێنی شوێن پێی قاچاغچییەكانی، دەنكیغ و كاڵاسی سەرسنوری فەڕەنسا هەڵدەگرێی و، لەوێ ڕەوشی بازرگانیكردن و پەڕاندنەوەی كۆچبەران تۆمار دەكات.
هاوڵاتی وڵاتی قەتەر لەنێوان 20ی تشرینی دووەم تاوەكو 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ، میوانداری لەجامی جیهانی دەكات و ٣٢ هەڵبژاردەی وڵاتان پێشبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی ئەو جامە دەكەن كە هەر چوار ساڵ جارێك پاڵەوانێتییەكی جیهانی بۆ سازدەدرێت و تیپە گەورەكانی دنیا لەتۆپی پێدا ململانێ بۆ بەدەستهێنانی دەكەن. ئەوەی وادەكات جامی جیهانی ئەمجارە جیاوازبێت ئەوەیە یەكەم مۆندیالە لەوڵاتێكی عەرەبی و لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدەدرێت، هەروەها بەهۆی بەرزی پلەی گەرماشەوە پێچەوانەی خولەكانی پێشووتر كە لەهاویندا دەكرا، لەئێستادا لەوەرزی پایزدا ئەنجامدەدرێت، هاوكات دوایین خولیشە كە بەبەشداری ٣٢ تیپ ئەنجامدەدرێت، چونكە لەخولی ٢٠٢٦ ژمارەی تیپەكان دەبن بە ٤٨ تیپ، هەروەها بانكی ناوەندیی قەتەر بۆ یەكەمجار دراوی یادگاری بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر دروستكرد كە بەوتەی بەرپرسان بۆ سەدان ساڵ دەمێنێـتەوە. وەك ئەوەی بڵاوكراوەتەوە تێچووی میواندارییكردنەكە لەلایەن قەتەرەوە نزیكەی ٢٢٠ ملیار دۆلاری تێچووە كەئەمەش ٦٠ هێندەی تێچووی ئەو پارەیە كە باشووری ئەفریقا لەجامی جیهانی ٢٠١٠ خەرجی كردووە. كۆی پارەی خەڵاتی تیپە بەشداربووەكانیش دەگاتە ٤٤٠ ملیۆن دۆلار كە تیپی یەكەم ٤٢ ملیۆن و تیپی دووەم ٣٠ ملیۆن و تیپی سێیەم ٢٧ ملیۆن دۆلار وەردەگرن، تیپە بەشداربووەكانی تریش هەریەكەو بڕە پارەیەك وەردەگرێت. وەنەبێت ئەم مۆندیالە بەبێ رەخنەش تێپەڕبووبێت، بەڵكو وڵاتانی رۆژئاوا رەخنەیان لەشێوازی مامەڵەی قەتەر لەگەڵ كرێكارانی كۆچبەر، هاوڕەگەزخوازان و ژنان و ئازادی خواردنەوەو پێشێلكردنی مافەكانی مرۆف لەلایەن ئەو وڵاتەوە گرت، بەرپرسانی قەتەریش لەوەڵامدا دەڵێن، وڵاتەكەیان لەلایەن ژمارەیەك وڵاتی رۆژئاواوە كراوەتە ئامانجی نەژادپەرستی و دووڕوویی. بەڵام ئەوەی گرنگە تاكە رووداوێك تەواوی میللەتانی دنیا پێكەوە كۆبكاتەوەو چێژی لێ ببینن مۆندیالە.