بلینکن: پێویستە وڵاتانی عەرەبی دژی ئێران یەکگرتووبن
7 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە وتاردانێکدا داوای لە وڵاتانی عەرەبی کرد دژ بە کۆماری ئیسلامی یەکگرتووبن.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ی نیسانی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە لە گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی سعودیەی کرد و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتانی هاوکاری کەنداو، بە ئاماژە بە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل وتی، "ئەم هێرشە ئەوە دەخاتەڕوو ئێران هەڕەشەیەکی جیدییە و ئەمە وادەکات ئێمە هاوکار بین دژی هێرشەکانی ئێران".
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، "لە چەند هەفتەی داهاتوودا بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی و بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی، لەگەڵ شەش وڵاتی ئەنجومەنی وڵاتانی عەرەبی کەنداو وتووێژدەکەین".
ئێران ١٣ی نیسانی 2024، وەک وڵامدانەوەی کوشتنی حەوت ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران بە 170 درۆن، 120 مووشەکی بالێستیک و 30 مووشەکی کرۆز هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەرپرسانی ئیسرائیلی باسیان لەوە کرد %99ی ئەم مووشەک و درۆنانە، پێش ئەوەی بگەنە ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەردەن خرانەخوارەوە.
جێگەی ئاماژەیە، ئەمە یەکەم گەشتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.