حەماس: داوای گواستنەوەی بارەگامان لە دۆحەوە بۆ سووریا نەکردووە

یەک هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی، وارشۆ/هەوراز حوسێن

گوتەبێژی بزوتنەوەی حەماس دەڵێت، ئەوان داوایان نەکردووە بارەگای سەرەکییان لە قەتەرەوە ببەنە سووریا. قسەکانی ئەو سەرکردەیەی حەماس دوای ئەوە هات، رۆژنامەی لیوای لوبنانی لە زاری سەرکردەیەکی نەزانراوی حەماسەوە بڵاویکردبووەوە، حەماس خواستی وایە بچێتە سووریا.

رۆژی چوارشەممە 24-4-2024، جیهاد تەها، گوتەبێژی بزوتنەوەی حەماس لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە، "حەماس ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە لەلایەن رۆژنامەی لیواوە بڵاوبوونەتەوە لەبارەی داواکاریمان بۆ گواستنەوە بۆ سووریا". ئەو گوتەبێژە ئەوەشی گوتووە، "بزوتنەوەکەمان داوای نە لە سووریا نە لە هیچ وڵاتێکی دیکە نەکردووە" تێیدا جێگیر بێت.

رۆژنامە لوبنانییەکە وا لەبارەی بابەتەکەوە دوابوو، گوایە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا داواکەی حەماسیان بەدەستگەیشتووە و رەتیانکردووەتەوە رێگە بە شتێکی لەو جۆرە بدەن. رۆژی سێشەممە 23-4-2024، مەجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بە هۆکاری سەرەکی بوونی بارەگای حەماس لە قەتەر کرد و رایگەیاندووە، لە 2012ـدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بارەگای حەماس لە قەتەر بۆ مەبەستی نێوەندگیری کراوەتەوە لە نێوان هەردوو لایەندا.

گوتەبێژەکەی حەماسیش لەو بارەیەوە دەڵێت، "تاوەکو هەوڵەکانی قەتەر بۆ نێوەندگیری لە ئارادا بن، هیچ هۆکارێک بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی فەرمانگەی سیاسیی حەماس لە دۆحە نییە".

بزوتنەوەی حەماس لە ساڵی 1987 لەلایەن ئەحمەد یاسین، سەرکردەی فەڵەستینی بۆ شۆڕش لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزراوە. لەو کاتەوە حەماس و ئیسرائیل لە رووبەڕووبوونەوە و شەڕی بەردەوامدان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار