کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگیان بە بەڵێ بۆ بە ئەندامبوونی فەڵەستین لە رێکخراوەکە دا

7 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

ئەمڕۆ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگیان لەسەر پرۆژەیاسای پێدانی "ماف و بەرژەوەندیی" زیاتر بە فەڵەستیندا و پشتیوانی خۆیان بۆ رێگەدان بە بەئەندامبوونی فەڵەستین لە رێکخراوەکە نیشاندا.
رۆژی هەینی 10-5-2024، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر بوون بە ئەندامی 194ـەمی فەڵەستین و پەسەندکردنی پرۆژەیاسایەک بۆ پێدانی بەرژەوەندی و مافی زیاتر بە فەڵەستین دەنگیدا.
لە کۆی 193 ئەندامی رێکخراوەکە،  143یان دەنگیان لە بەرژەوەندی پرۆژەیاساکەدا. ئەمە لەکاتێکدایە 18ی مانگی نیسانی ئەمساڵ ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەمان پرۆژەیاسای ڤیتۆ کردبوو.
رۆبێرت ود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئیدارەی بایدن بە تەواوی دژی پرۆژەیاساکەیە؛ دەشڵێت، ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە زۆر روون بووە لە سەرەتاوە کە دەبێت بە ئەندامبوونی تەواوەتی فەڵەستین بە دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێبکات.
دەشڵێت، هەموو دەزانن بە ئەندامبوونی تەواوەتی لە نەتەوەیەکگرتووەکان کۆهەنگاوێکی سەرەتایی پێویستە، بەڵام وادیارە "وڵاتە عەرەبییەکان و فەڵەستینییەکان هەوڵدەدەن باز بەسەر ئەو کۆهەنگاوەدا بنێن".
لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا تەواوی 193 ئەندامی رێکخراوەکە مافی دەنگدانیان هەیە و هیچ کەس مافی ڤیتۆی نییە، بۆیە ئەم جارە ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانن رێگربن. پێشبینی دەکرێت پرۆژەیاساکە زۆرینەی دەنگ بەدەستبێنێت. 
بە گوێرەی دەستووری نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەگەر پرۆژەیاسایەک دوو لەسەر سێی دەنگەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بەدەستبێنێت، ئیدی ئەنجوومەنی ئاسایش ناتوانێت رەتی بکاتەوە. 
فەڵەستین لە 2012ـەوە وەک چاودێر چووە نەتەوەیەکگرتووەکان و هەوڵەکان بۆ بوون بە ئەندامی فەرمی لەو کاتەوە دەستیان پێکردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار