خەونەکەی سەرۆکی ڤاگنەر دوای مردنی بەدیهات؛ پووتین دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی بەرگریی رووسیای دەستگیرکرد و وەزیرەکەشی دوورخستەوە

2 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

فەرماندەیەکی باڵای وەزارەتی بەرگریی رووسیا بە تۆمەتی بەرتیلوەرگرتن دەستگیرکرا، ئەمە دوو رۆژ دوای دوورخستنەوەی وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە لە پۆستەکەی. میدیای رۆژئاوا دەڵێن، خەونەکەی یاڤگینی پریگۆژین دوای مردنی هاتە دی.

رۆژی سێشەممە 14-5-2024، میدیای رووسیا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە یوری کوزنێتوڤ، فەرماندەی سەربازانی سوپای رووسیا لە ڤێلاکەی لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا دەستگیرکراوە. دەزگای لێکۆڵینەوەی رووسیا دەڵێت، تۆمەتی بەرتیلخواردنی بەسەردا دراوە و ئێستا دەسگیرکراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگەن لەسەر دۆسیەکە.

بە گوێرەی دەزگاکە بێت، ئەو بەرپرسە رووسیە "بەرتیلێکی گەورە"ی قبوڵکردووە کە بە گوێرەی یاسای رووسیا سزاکەی زیاتر لە 15 ساڵ بەندکردنە. دەزگای ئاسایشی رووسیا لە شیرینی خەودا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی لە مۆسکۆ، وا باسدەکرێت لە پەنجەرەوە چوونەتە ژوورەوە و کەرەستەی لەکژری، لیرەی ئاڵتوون، زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار کاشیان لە ماڵەکەیدا دۆزیوەتەوە.

دەستگیرکردنی ئەو فەرماندە سەربازییە دوای ئەوە دێت، رۆژی یەکشەممە، دوای بوونی بە سەرۆک بۆ جاری پێنجەم، ڤلادمیر پووتین، سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیای لە پۆستەکەی دوورخستەوە و کردی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا. ئەمە لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو تیمۆر ئیمانۆڤ، جێگری وەزیری بەرگریی رووسیاش هەر لەسەر بەرتیلوەرگرتن دەستگیرکرا. یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر لە 23ی حوزەیرانی 2023 فەرمانی بە چەکدارانی کرد هێرشبکەنە سەر رووسیا؛ ئەوەش بە ئامانجی لەکار لابردنی سێرگی شۆیگۆ لە پۆستی وەزیری بەرگریی رووسیا و جێگرتنەوەی. پریگۆژین لای وابوو شۆیگۆ بەرپرسێکی "ترسنۆک و گەندەڵە" و پەیمانەکانی بە ڤاگنەری دابوو نەگەیاندووەتە جێ.

یەکێک لەو رەخنانەی لە شۆیگۆی هەبوو بریتیبوو لە جێهێشتنی سەنگەرەکانی جەنگ و نەناردنی چەک بۆ چەکدارانی ڤاگنەر کە لە پێناو رووسیا شەڕیان دەکرد. سەربازانی گرووپی ڤاگنەر لە دوای بیستنی ئەو هەواڵانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام دڵخۆشیی خۆیان دەربڕیوە، چونکە ئەو کات سەرۆکەکەیان کە لە 23ی ئابی 2023دا کوژرا ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی شۆیگۆ، جێگرەکەی و فەرماندەی سەربازانی سوپای رووسیا دەربڕیبوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار