سەرۆکی پارتی کاری بەریتانیا بۆ قاچاخچییەکان: دەتاندۆزینەوە و راتاندەگرین

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

سەرۆکی پارتی کاری ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا دەڵێت ئەو هەنگاوانەی حکومەت بۆ رێگریکردنن لە هاتنی کۆچبەر گرتوویەتییە بەر بەفیڕۆدانی پارەیە و ئەوان پلانیان هەیە بە هێزی دژەتیرۆر باندەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەناوبەرن.

رۆژی هەینی 10-5-2024، کیەر ستامەر، سەرۆکی پارتی کاری بەریتانیا لە گوتارێکدا لە کەناری باشووری بەریتانیا رایگەیاند، "ئەمە پەیامی منە بۆ قاچاخچییەکان، کەناراوەکان دەبنە ناوچەیەکی توندوتیژ بۆتان. دەتاندۆزینەوە، راتاندەگرین و قوربانییەکانی دەستتان دەپارێزین".

ئەو سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەی بەریتانیا دەشڵێت، ئەو کارانەی حکومەت دەیکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆچبەر لە بەریتانیا بێ سوودە، بەڵام ئەگەر ئەوان حکومەت بگرنە دەست بە هێزی دژە تیرۆر و هاوکاریی هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیان ئەو باندانە دەکەنە ئامانج کە کۆچبەر بۆ بەریتانیا دەبەن.

لە پێشتردا پارتی پارێزگاران ئۆپۆزسیۆنی بەوە تۆمەتبارکردبوو کە هیچ پلانێکیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی چوونی کۆچبەر بۆ بەریتانیا نییە. ئەم گوتار و رووبەڕووبوونەوانەی پارتی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن لەکاتێکدایە بڕیارە کانوونی دووەمی 2025 هەڵبژردنی پەرلەمانیی بەریتانیا بەڕێوەبچێت و لە ئێستاوە کامپەینی ناڕاستەوخۆ لەلایەن هەردوولاوە دەستیپێکردووە.

ستامەر دەڵێت، پلانی ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا لەلایەن حکومەتەوە تەنیا 1٪ چوونی کۆچبەر بە نۆکەندی ئینگلیزدا بۆ بەریتانیا کەمدەکاتەوە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 8 هەزار کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەمە دوای تەواوی رێکارەکانی حکومەتی تۆرییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆچبەران.

لە 2023دا 29 هەزار و 437 کەس بە نۆکەندی ئینگلیزدا پەڕیونەتەوە بەریتانیا، ژمارەکە بۆ 2022، 45 هەزار و 755 پەناخواز بووە کە ریکۆردی بەرزترینی شکاند لە 2018ـەوە کە دەستکرا بە تۆمارکردنی چوونی کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار