یەکەم سەردانی پووتین دوای بوونەوەی بە سەرۆکی رووسیا بۆ چین دەبێت؛ پەکین دووپاتیدەکاتەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ "بێ سنوورە"
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
وارشۆ، هاوڵاتی
دوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی رووسیا بۆ جاری پێنجەم لە مێژوودا، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەردانی چین دەکات. چین دەڵێت "هیچ سنوورێک" لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیا نییە.
رۆژی سێشەممە 14-5-2024، وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە، ڤلادمیر پووتین سەردانی پەکین دەکات و لەگەڵ شی ژینگ پینگ، سەرۆکی چین گفتووگۆ لەبارەی پەیوەندییە دوولایەنەکانیان و کێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکەن.
کۆشکی کرێملن هەمان رۆژ سەردانەکەی پشتڕاستکردەوە و باسی لەوەکرد، پووتین لەسەر بانگهێشتی فەرمی شی دەچێتە چین. ئەمەش یەکەم سەردانی وڵاتێکی بێگانەیە بۆ پووتین لە دوای بوونی بە سەرۆکی رووسیا بۆ جاری پێنجەم.
لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی ئۆکرایناوە تاوەکو ئێستا، چین سەرکۆنەی هێرشی رووسیای بۆ سەر کیێڤ نەکردووە؛ ئەمە لەلای رۆژئاوا بە پاڵپشتیی ناڕاستەوخۆی هێرشەکە لێکدەدرێتەوە.
لە سەرەتای جەنگەکەوە چین هەناردەی کەرەستە و بابەتی تەکنەلۆجی و ئەلیترۆنی بۆ رووسیا زیادکردووە و وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، ئەو هەناردانە هاوکاری سوپای رووسیان لە هێرشەکەیان بۆ سەر ئۆکراینا. لەلایەکی دیکەشەوە چین دابینکارێکی سەرەکی وزەی رووسیایە، ئەمەش وادەکات رووسیا لە دۆخی جەنگیشدا دووچاری کەمی لە وزەدا نەبێت.
چین لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکەوە بەردەوام ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە هاوبەشی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیادا "بێ سنوورە" و بە توندی سەرکۆنەی سزا ئابووری دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی رۆئاوای بۆ سەر مۆسکۆ کردووە.
هەروەها لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا چەندین جار مانۆڕی سەربازیی هاوبەشیان کردووە و هەردوولا هەوڵ بۆ سەپاندنی هەژموونی هاوبەش بەسەر ئەفریقا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای باشوور دەدەن. سەردانەکەی پووتین لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو شی ژینگ پینگ سەردانێکی پێنج رۆژەی بۆ ئەوروپا کرد، کە دووان لە وڵاتەکان سڕبیا و هەنگاریا بوون کە بە نزیک لە مۆسکۆ سەیردەکرێن.