ژمارەی دانیشتووانی ئیتاڵیا بەرەو پووکانەوە دەچێت؛ پۆپ فرانسیس داوا لە خەڵک دەکات منداڵیان ببێت
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
کێشەی کەمی لەدایکبوونی منداڵ دەمێکە یەخەی ئیتاڵیای گرتووە و چەندین ساڵە کەمترین رێژەی زیادبوونی دانیشتووانەکەی لە یەکێتی ئەوروپا هەبووە، بەڵام کێشەکە تا بێت زەقتر دەبێت.
بە گوێرەی ئاماری نوێی حکومەتی ئیتاڵیا، جارێکی دیکە رێژەی لەدایکبوون لە ئیتاڵیا لە 2023 بەراورد بە 2022 کەمیکردووە. لە 2022 رێژەی لەدایکبوونی منداڵ بەرامبەر ژنانی پێگەیشتوو 1.24 بووە، واتە هەر ژنێک 1.24 منداڵی بووە، بەڵام لە 2023 رێژەکە ئەوەندەی دیکە هاتووەتە خوارەوە و بووە بە 1.2.
لە 2022دا تەنیا 379 هەزار منداڵی ئیتاڵی لەدایکبوون، ئەمەش نوێترین ریکۆردی کەمترین رێژەی لەدایکبوونە لە ئیتاڵیا کە 15 ساڵە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت. شارەزایانی بواری گەشەسەندنی دانیشتووان ئەمە وەک مەترسییەکی زۆر گەورە بۆ گۆڕانی دیمۆگرافیای ئیتاڵیا دادەنێن و دەڵێن کار وا بڕوات تاوەکو 2030، ئەو 59 ملیۆن دانیشتووانەی ئەمڕۆی ئیتاڵیا بۆ 1 ملیۆن کەمدەبنەوە.
لە ئێستاوە زیادبوونی رێژەی بەساڵاچوو کاریگەرییەکانی بەسەر ئیتاڵیاوە دەرکەوتووە، بەتایبەت لەسەر هەریەک لە سێکتەرەکانی تەندروستی و خانەنشینی. تەمەنی 24٪ی دانیشتووانی ئیتاڵیا لە سەروو 63.5٪ ساڵەوەیە، 63٪ لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵ و 12.4٪یش لە خوار 15 ساڵییەوەن. ئامارێکی دیکەش دەڵێت ئێستا ئیتاڵیا 4.5 ملیۆن هاوڵاتی سەروو تەمەن 80 ساڵی هەیە لەکاتێکدا تەنیا 4.4 ملیۆن منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵ هەن. پۆپ فرانسیس، لە دواین گوتاریدا بۆ ئیتاڵییەکان داوایان لێدەکات منداڵیان ببێت، "تاوەکو هیوا بە داهاتووی وڵاتەکە لەناونەچێت".
فرانسیس دەڵێت بەردەوامدەبێت لە بانگەوازەکەی بۆ پاراستنی دیمۆگرافیای ئیتاڵیا و چاوەڕێدەکات تا 2025 ئەنجامی کامپەینەکەی ببینێت.
حکومەتەکەی جۆرجیا میڵۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا هەر لە دەستبەکاربوونییەوە بە جیددی کاری لەسەر ئەم کێشەیە کردووە و ئامانجیانە ژمارەی لەدایکبوونی منداڵی ئیتاڵی ساڵانە بۆ سەروو 500 هەزار بەرزبکەنەوە.