لوتکەی کۆمکاری عەرەب بەڕێوەدەچێت؛ سەرکردەکانی عەرەب هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتی لە غەززە دەدەن

4 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

ئەمڕۆ لوتکەی کۆمکاری عەرەب لە بەحرەین دەکرێت و سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی گفتووگۆ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە غەززە دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-5-2024، فڕۆکەی سەرکردەی 22 وڵاتی عەرەبی لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین نیشتنەوە؛ لوتکەی کۆمکاری عەرەبی بەڕێوەدەبەن کە گوایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دۆخی ئێستای غەززە بەڕێوەدەچێت.

ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی بەرپرسانی عەرەبییە لە دوای دواین لوتکەی کۆمکارەکە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023 لە ریاز. لەو کۆبوونەوەیەدا وڵاتانی عەرەبی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر غەززە کرد و بە "بەربەریانە" ناویان برد، بەڵام نەیانتوانی بڕیار لەسەر گرتنەبەری هەنگاوی سیاسی و ئابووری دژ بە ئیسرائیل دەربکەن.

وادیارە ئەم جارە ئەو ئاڕاستەیە دەگۆڕێت و توندتر دەبێت بەرامبەر ئیسرائیل، بەتایبەت لەم کاتەدا کە زۆرینەی وڵاتانی جیهان داوای چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەڵەستین دەکەن.

ئەوە حەوت مانگ زیاترە شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دەستیپێکردووە؛ لە دوای پەلامارەکەی 7ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، تەلئەڤیڤ دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ "لەناوبردنی یەکجاریی حەماس" کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامانجەکەی بەدەستنەهێناوە.

بەهۆی شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا 35 هەزار و 233 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار کەسیش ئاوارەبوون. جگە لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، بڕیارە سەرکردەکانی عەرەب گفتووگۆی شەڕ لە لیبیا، سوودان، یەمەن و سووریا بکەن. ئەمەش بە بەشداریی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کە پار دوای بومەلەرزەکەی 12ی شوبات گەڕایەوە ناو کۆمکارەکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار