ئێرلەند پێش کۆتایی ئەم مانگە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا رایگەیاند، پێش کۆتایی ئەم مانگە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن. دەڵێت لایان وایە چارەسەری دوو دەوڵەتی لەم دۆخی شەڕەدا باشترین رێگەیە بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی لە غەززە.
رۆژی چوارشەممە 15-5-2024، مایکڵ مارتن، وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا گوتی، "پێش کۆتایی ئەم مانگە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێین. بەروارەکە هێشتا دیاریکراو نییە، چونکە هێشتا لە گفتووگۆداین لەگەڵ هەندێک وڵاتدا بۆ ئەوەی بە هاوبەشی دانپێدانانەکە بکەین".
مەبەستی وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا لە دانپێدانانی هاوبەش، ئیسپانیا، سلۆڤینیا و ماڵتایە کە ئەوانیش ئامادەیی خۆیان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا نیشانداوە. هەریەک لەو وڵاتانە داوای ئەوە دەکەن، دەوڵەتی فەڵەستین دروستبێت و لەو خاکەی ئێستا فەڵەستین و ئیسرائیلی لەسەر دوو دەوڵەتی دراوسێ دروستببن.
هەوڵەکان دوای دەستپێکی شەڕی نێوان غەززە و چەکدارانی حەماس دەستیانپێکردووە، کە ئێستا ئیسرائیل دەڵێت ئامانجیانە حەماس بە تەواوی بسڕنەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش داوای ئاگربەستی هەمیشەیی و گفتووگۆی ورد بۆ دروستبوونی ئاشتی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا دەکەن.
لە ساڵی 1988ـەوە تا ئێستا، 139 دەوڵەتی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە 193 ئەندامی تەواوی ئەو رێکخراوە، دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە.
مارتن دەڵێت، هەنگاوەکان لەسەر رێچکەی رێکەوتنی ئاشتیی عەرەب دەکەن کە ئامانج لێی دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینە و "پەیامێک بۆ خەڵکی فەڵەستین بە گشتی دەنێرین کە پاڵپشتیان دەکەین لە مافی چارەی خۆنووسین".