ڤلادمیر پووتین: رووسیا ئامادەیە گفتووگۆی ئاشتی لەبارەی ئۆکرایناوە بکات و هەرگیز دژی ئەوە نەبووین

11 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

سەرۆکی رووسیا لە پێش سەردانەکەیدا بۆ چین بە میدیای چینی راگەیاند، ئامادەیە گفتووگۆ لەبارەی ئاشتییەوە لە ئۆکراینا بکات.

رۆژی چوارشەممە 15-5-2024، ڤلادمیر پووتین رایگەیاند، "رووسیا هەرگیز لە دژی گفتووگۆی ئاشتی نەبووە. خواستی وایە رێکەوتنێکی گشتگیر، سەقامگیر و دادوەرانە لەسەر شەڕەکە بکرێت لە رێگەی گفتووگۆی ئاشتییەوە."

ساڵی رابردوو، چین پێشنیازێکی 12 خاڵیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا خستە بەردەستی وڵاتانی جیهان. ئەمریکا و ئەوروپا هەرزوو لە دژی وەستانەوە و رووسیا گوتی خاڵەکانی پێشنیازەکەی لەلا رەوایە.

بە گوێرەی کرێملن، ڤلادمیر پووتین و شی ژینگ پینگ گفتووگۆیەکی ورد لەبارەی تەواوی کێشەکانی پەیوەست بە هاوبەشییە گشتگیرەکەیان و هاوئاهەنگییە ستراتیجییەکەیانەوە دەکەن. هەروەها رێگەی نوێ بۆ بەرەوپێشبردنی هاوپەیمانێتییەکەیان لە داهاتوودا دەدۆزنەوە.

هەروەها بە وردی باسی کێشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان پێکەوە دەکەن.

لە سەروبەندی بوونەوەی پووتین بە سەرۆکی رووسیا و سەردانەکەی بۆ چین، مۆسکۆ هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی خارکیڤ لە ئۆکراینا چڕکردووەتەوە و بەهۆیەوە 8 هەزار هاووڵاتی ئۆکراینی ئاوارەبوون. 

چین لە رابردوودا باسی ئەوەی کردووە کە لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینادا بێ لایەنە، بەڵام لەوکاتەوەی شەڕەکە لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە، پەیوەندیی ئابووری و ستراتیجی لەگەڵ کرێملن زیاترکردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار