یەکێتی ئەوروپا چوار تۆڕی میدیایی قەدەخەکرد کە 'پڕوپاگەندەیان لە بەرژەوەندی رووسیا' بڵاودەکردەوە
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
لە نێو تەواوی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا 4 میدیا و رۆژنامە قەدەخەکران کە گوایە پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندی کرێملن بڵاودەکەنەوە و هەوڵی ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی دراوسێی ئۆکرایناش دەدەن.
رۆژی هەینی 17-5-2024، ئەنجوومەنی ئەوروپا رایگەیاند، چوار میدیا و رۆژنامەمان خستووەتە لیستی رەشەوە کە پێکدێن لە دەنگی ئەوروپا، نۆڤۆستی RIA، ئیزڤێستیا و رۆسیسکایا گازێتا. ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن کرێملنەوە بەڕێوەدەبرێن.
لە راگەیێنراوەکەی ئەنجوومەنی ئەوروپادا ئەوەش باسکراوە، "رووسیا سەرقاڵی کامپەینێکی نێودەوڵەتی و سیستماتیکە بۆ بەلاڕێدابردنی میدیا، ئەوەش بۆ پاڵپشتیکردن لە هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا و بەروپێشبردنی ستراتیجیی ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی دراوسێی و یەکێتی ئەوروپا و ئەندامانی".
رۆژی چوارشەممە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هۆشداری دابوو کە ئەگەر کارێکی لەو جۆرە بکرێت، ئەوانیش لە مۆسکۆ میدیاکانی رۆژئاوا لەکاردەخەن. ئەنجوومەنەکە باسی لەوەشکردووە، ئەوروپا لەبەردەم گەورەترین هێرشی میدایی و ئەلیکترۆنی رووسیایە و نابێت چیدیکە رێگە بەوە بدات.