وەزیری پەروەردەی بەریتانیا داوا دەکات خوێندنی بابەتی رەگەز (جێندەر) لە قوتابخانەکاند قەدەخەبکرێت
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
حکومەتی بەریتانیا پێشنیازێکی بڵاوکردووەتەوە کە وانەونتنەوە لەبارەی رەگەزەوە لە خوێندنگەکاندا قەدەخەبکات، ئەوەش دوای ئەو نیگەرانیانەی لەبارەی زۆربوونی ژمارەی ئەو کەسانەوە دروستبوون کە رەگەزیان دەگۆڕن
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-5-2024، جیلیان کیگان، وەزیری پەروەردەی بەریتانیا پێشنیازێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا هاتووە، بابەتی هەستیاری وەک فرەیی لە رەگەزدا نابێت بە خوێندکارانی پۆلی یەکی سەرەتایی هەتا 12ی ئامادەیی بگوترێتەوە.
وەزیری پەروەردەی بەریتانیا دەڵێت، پێشنیازەکە بۆ ئەوە کراوە منداڵان بەر ئەو زانیارانە لە تەمەنێکی کەمدا نەکەون، تاوەکو هەستی منداڵی و بێتاوانیان لە منداڵی و مێرمنداڵیدا لەدەستنەدەن.
ئاماژە بەوەشدەکات، لە پێشنیازەکەدا رێکارەکانیان بە روونی نوێکردۆتەوە کە نابێت منداڵان تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی بابەتی فرەیی رەگەز و گۆڕانی رەگەز فێربکرێن.
لە دوای 2020ـەوە خوێندن و بڵاوکردنەوەی رۆشنگەری لەسەر فرەیی رەگەز لە بەریتانیادا لە خوێندنگە ناوەندییەکانەوە کرا بە زۆرەملێ. منداڵان لە تەمەنی 11 ساڵییەوە فێردەکران کە "رەگەز تەنیا نێر و مێ نییە و دەیانی دیکە هەن".
ئێستا بابەتەکە لە نێوان ئەوانەی بیرکردنەوەیەکی پارێزگاریان هەیە و ئەوانەی لیبراڵن خەریکە دەبێتە جەنگێکی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتە.