تۆڕنادۆ لە ویلایەتی ئایۆوای ئەمریکا 5 کەس دەکوژێت؛ تەنیا لەمساڵدا 800 تۆرنادۆ لەو وڵاتەی داوە
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
تۆرنادۆیەک کە لە ویلایەتی ئایۆوای ئەمریکای داوە، تاوەکو ئێستا 5 کەسی کوشتووە و دەیان کەسیشی بریندارکردووە.
ئەمە جگە لەوەی دەیان خانووی وێرانکردووە و ئەوەندە بەهێز بووە ئۆتۆمبێلی لە زەوی دابڕیوە. رۆژی پێنجشەممە 23-5-2024، تۆڕنادۆیەکی بەهێز بە شارۆچکەی گرین فیڵددا لە ویلایەتی ئایۆوای ئەمریکا تێپەڕی و بەدوای خۆیدا وێرانکارییەکی گەورەی جێهێشتووە.
ئەمە جگە لە زیانە مادی و گیانییەکان. پۆلیسی فریاکەوتنی شارۆچکەکە رایانگەیاندووە، "بەهۆی تۆرنادۆکەوە 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم 35 کەس برینداربوون".
باس لەوەشکراوە، نەخۆشخانەی شارۆچکەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە و بەشێک لە بریندارەکان گوێزراونەتەوە نەخۆشخانەی شار و شارۆچکەکانی دیکە.
تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، لانیکەم 800 تۆرنادۆ لە ئەمریکای داوە، شارەزایانی کەشناسی پێشبینی دەکەن ئەمساڵ رووداوی تۆرنادۆ لە ئەمریکا ریکۆردێکی نوێ تۆمار بکات.
ساڵانە لە ئەمریکا بە تێکڕا 80 کەس بە تۆڕنادۆ دەمرن و لانیکەم 1500 کەسیش بریندار دەبن.