لە میسر 10 کرێکاری ژن لە مینی پاسێکدا دەخنکێن کە کەوتووەتە رووباری نیلەوە

11 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
لە میسر 10 ژن بەیەکەوە لە ناو مینی پاسێکدا گیانیان لەدەستدا، ئەوەش دوای ئەوەی مینی پاسەکە کەوتە ناو رووباری نیلەوە.
رۆژی سێشەممە 21-5-2024، حوسام عەبدولغەفار، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی میسر رایگەیاند، مینی پاسێک لە نزیک گوندی ئەبو غالب کە دەکەوێت دووری 50 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای قاهیرە، کەوتووەتە ناو رووباری نیلەوە و ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە 10 کەسن و 9 کەسیش رزگارکراون.
سەرجەم سەرنشینەکان ژن بوون؛ بە گوێرەی میدیای میسر، شۆفێرەکە دەمەقاڵێی لەگەڵ یەکێک لە سەرنشینەکانی پاسەکە کردووە و لە دواتردا هاند برێکی پاسەکەی لابردووە و کەوتووەتە ئاوەکەوە.
دوای ئەوەی ویستوێتی هەڵبێت، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.
حەسەن شەحاتە، وەزیری کاری میسر دەڵێت، پاسەکە ژمارەیەک کچ و ژنی بۆ کێڵگەیەک بۆ کارکردن گواستووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە کە منداڵی تێدابووە یان نا.
وەزارەتی هاوخەمی کۆمەڵایەتی رایگەیاندووە، وەک هاوخەمییەک بۆ خێزانەکانیان، حکومەت قەرەبووی خێزانی برینداران و ئەوانەش گیانیان لەدەستداوە دەکاتەوە.
داواکاریی گشتی تیمێکی بۆ لێکۆڵینەوەیەکی تەکنیکی لە رووداوەکە و دۆزینەوەی هۆکاری روودانی راسپاردووە.
