رووسیا دەستی بە مانۆڕی چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی کرد؛ لەم راپۆرتەدا زانیاری تەواو لەسەر چەکەکە بزانە
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ
رووسیا دەستی بە مانۆڕی چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی کرد کە سەرەتای ئەم مانگە ئەنجامدانەکەی راگەیاند. مانۆڕەکەی مۆسکۆ وەک ئاگادارییەکە بۆ سەرکردەکانی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا کە نەکەن دەستێوەردانی زیاتر لە شەڕی ئۆکراینادا بکەن.
درەنگانێکی رۆژی سێشەممە 21-5-2024، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، سوپای رووسیا دەستی بە مانۆڕێکی سەربازیی فراوان لە ناوچەیەکی باشووری وڵاتەکە کردووە کە هاوسنووری ئۆکراینایە.
بە گوێرەی راگەیێنراوەکە، مانۆڕەکە پێی ناوەتە بەشێک لە رۆژهەڵاتی خاکی ئۆکرایناشەوە کە ئێستا رووسیا کۆنترۆڵی کردووە، بەڵام ئاماژە بە شوێنی بەڕێوەچوونی بە دیاریکراوی نەکراوە.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، مانۆڕەکە بۆ تاقیکردنەوەی ئامادەیی سەرباز و چەکە ئەتۆمییە تاکتکییەکانی رووسیایە بۆ دڵنیابوون لە توانای بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کە بۆ سەر سەروەریی خاکی رووسیا دەکرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، مانۆڕەکە وەڵامێکە بۆ "لێدوانە دنەدەر و هەڕەشەکانی بەشێک لە سەرکردەکانی رۆژئاوا".
سەرەتای ئەم مانگە ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا فەرمانی بەڕێوەچوونی مانۆڕە ئەتۆمییەکەی دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی بەشێک لە بەرپرسانی رۆژئاوا پەیامی دەستێوەردان و بەشداریکردنی راستەوخۆی شەڕی ئۆکراینایان بڵاودەکردەوە؛ لەوانە بەریتانیا و فەرەنسا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی رووسیا و دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دوو لەو بەرپرسە رۆژئاواییانەن کە "هەڕەشەی" بەشداریکردنی زیاتر و راستەوخۆی جەنگی ئۆکراینایان لەگەڵ رووسیا کردووە.
ماکرۆن رایگەیاندبوو ئامادەیە سەربازی فەرەنسی بۆ ئۆکراینا بنێرێت و کامیرۆنیش گوتی، ئۆکراینا مافی ئەوەی هەیە مووشەکەکانی بەریتانیا بۆ هێرشکردنە سەر خاکی رووسیا بەکاربهێنێت. چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی بریتییە لە جۆرێکی چەکی وێرانکەر کە رووبەری وێرانکارییەکەی لە چەکی ئەتۆمیی گەورە کەمترە و دیاریکراوە.
بە واتایەکی دیکە، دەکرێت چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی تەنیا ئەو رووبەرە وێران بکات کە بەکاربەرەکەی بۆی دیاری دەکات.
رووسیا ماوەیەکی زۆرە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی بۆ پێشڕەویکردنی زیاتر لە جەنگی ئۆکراینا دەکات. هەرچی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواشە بە روونی بە مۆسکۆیان گوتووە ئەوە تێپەڕاندنی سنوورەکانی ئەوانە.