رووسیا: بە چەکی ئەمریکی و فەرەنسی هێرشکراوەتە سەر رووسیا و ئەمە یاریکردنە بە ئاگر
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
رووسیا دەڵێت، ئۆکراینا چەکی فەرەنسی و ئەمریکی بۆ هێرشێک لەسەر ناوچەیەکی سنووری رووسیا بەکارهێناوە. باسیش لەوە دەکات ئەمە "یاریکردنە بە ئاگر".
رۆژی دووشەممە 21-5-2024، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، بەرپەرچی هێرشێکی ئۆکراینایان لە ناوچەی بێلگۆرۆد داوەتەوە کە چوار مووشەکی هامەری فەرەنسی و مووشەکی هارمی دژە راداری ئەمریکای تێدا بەکارهاتووە.
ئەمە جاری یەکەم نییە رووسیا باس لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئۆکراینا لە ناو خاکی خۆیدا بە چەکی وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا. لە پێشووتردا کرێملن رایگەیاندبوو، دوو هێرشی بەرپەرچداوەتەوە کە بە مووشەکی ستۆرم شادۆی بەریتانی و ڤامپایری چیکی کرابوون، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیاندنێکدا دەڵێت، ئێستا وڵاتانی رۆژئاوا چەکەکانیان لە دژی رووسیا بەکاردەهێنن، ئەمەش "یاریکردنە بە ئاگر".
ئەمریکا لە وەڵامی رووسیادا دەڵێت، "ئەمانە پڕوپاگەندەی رووسیان". کۆشکی سپی دەڵێت، لە سەرەتاوە ئەوان روون بوون لەوەی لە تەواوی شەڕەکەدا هاوکاری ئۆکراینا دەکەن لە بەرگریکردن لە دژی هێرشەکانی رووسیا لە ناو خاکی خۆیدا و هەرگیز رێگە بە ئۆکراینا نادەن و هانی نادەن بە چەکی ئەمریکا هێرش بۆ سەر ئۆکراینا بکەن.
لە شوباتی 2022ـەوە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام هاریکاریی جەنگیی ئۆکراینا دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر خاکەکەی لە ناو خاکی خۆیدا. ئێستا بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا، لەوانە بەریتانیا و فەرەنسا نزیکن لە رێگەدان بە ئۆکراینا بە چەکی ئەوان هێرش بۆ سەر خاکی رووسیا بکات و بەرپرسانیان دەڵێن، بەم جۆرە شەڕەکە دادپەروەر نییە.
ئۆکراینا دەڵێت، پێویستە هاوپەیمانانی رێگەی بدەن چەکەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر رووسیا لە ناوچە سنوورییەکان بەکاربێنێت، چونکە لەوێ کۆگای چەک و بنکە سەربازییەکان دەتوانێت بکاتە ئامانج.
ئۆلێکساندرا ئوستینۆڤا، ئەندام پەرلەمانی ئۆکراینا دەڵێت، پێش هێرشەکەی دوو هەفتە لەمەوبەری رووسیا بۆ سەر خارکیڤ، "سوپای رووسیامان دەبینی یەک کیلۆمەتر یان دوو کیلۆمەتر لە دووری سەر سنووری ئۆکرایناوە"، بەڵام نەیانتوانیوە بیانکەنە ئامانج و رێگری پێشوەختە لە هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر خارکیڤ بکەن.